چاوپێكەوتن

کوردۆ عومەر: دەبێت ئێمەی ژنان بوونی خۆمان بسەلمێنین

مەودا میدیا - سلێمانی |


کوردۆ عومەر: دەبێت ئێمەی ژنان بوونی خۆمان بسەلمێنین
مەودا میدیا-

کوردۆ عومەر؛ خاتوونێکی ئازا و رێچکەشکێن، بەردەوام و بێ ماندووبوون، هەر لە تافی لاوییەوە بەشداریی چالاکی سیاسی و کاری رێکخستنی کردووە، پاش راپەڕینیش؛ لە چەندین قۆناغی جیاوازدا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ گرتووە کە گرنگترینیان قایمقامی کۆیە و بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزانە، کە لە سەرەتای پێکهێنانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەوە خاتوو کوردۆ بەڕێوەبەری بووە و چالاکانە لەو بوارەدا خزمەتی کردووە بەتایبەت بە ژنان.

ئەم خاتوونە؛ ئەزموونێکی زۆری هەیە لە کاری رێکخراوەیی و ئیداریدا، بۆیە لەم چاوپێکەوتنەدا هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر ژیان و چالاکییەکانی و تێڕوانینەکانی، کە گرنگن بۆ مێژووی کۆمەڵگەکەمان، کە چۆن ژنان ئەگەر لە پیاوان سەرکەوتووتر نەبووبن؛ ئەوا هیچیان لەوان کەمتر نەبووە لە راپەڕاندنی ئەو ئەرکەی  لە ئەستۆیان بووە، جا هەر ئەرک و بەرپرسیارێتییەک بێ.

 
دەمەوێت بە باسی سەرەتای ژیانت و کورتەیەک لەسەر بنەماڵەکەتان دەست بە گفتوگۆکەمان بکەین.
ناوم کوردۆ عومەر عەبدوڵڵایە، ناسراوم بە کوردە، ساڵی 1961 لە شاری کۆیە لە باخە رەنگینەکەی حەمامۆک لەدایکبووم، عەبدوڵڵا ساڵح خەجانی باپیرم، کە خاوەنی باخی حەمامۆک بوو، ئەوکات لە زیندان بووە. خێزانەکەمان بەگشتیی بۆ دۆزی کورد و پارێزگاریکردن لە کوردستان خەباتیان کردووە. عوسمان عەبدوڵڵای مامیشم، پێشمەرگە بووە و لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسیی بووە. هەروەها شەهید ئاودێری مامم بە هەمان شێوە لە شۆڕشی نوێ و پێشووشدا بەشدار بووە و خەباتی کردووە. باوکیشم لە ساڵانی شەستەکان بەدواوە کادیر بووە لە دەشتی کۆیە، بۆ رێکخستنی کاروباری کۆمەڵایەتیی لە گوندەکانی دەشتی کۆیە، کاری رێکخستنی کردووە.
بەگشتیی هەموو خێزانەکەمان هەریەکە بەشێوازێک کوردایەتی و خەباتی بۆ هێنانەدی مافەکانی نەتەوەکەمان کردووە. کاک سەفینی برام، لە من بچووکترە، ئەویش لە ساڵی 1980وە پەیوەندیی بە شۆڕشەوە کردووە و لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیدا بووە، سەرەتا لە رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەراندا بووە لە ناوشار.

کوردۆ عومەر

قۆناغەکانی خوێندنت لە کوێ و چۆن بووە؟
كوردۆ عومەر:
هاوینان لەناو باخەکەی حەمامۆک بووین و زستانان ماڵمان هاتووەتە ناوشار، هاوینان تاوەکوو پایزێکی درەنگ لە دەرەوەی شار لە حەمامۆک دەژیاین. بەبیرم دێت سەرەتا کە منیان ناردە قوتابخانە، شەش ساڵی تەمەنم تەواو نەکردبوو. لە کۆیە (ست خانە) هەبوو، لە خوێندنگەی ئامینەی قەدیمیان پێ دەوت کە ئێستا بەم دواییە پێیان دەوت "ژیان"، لەوێ منیان ناردە بەر خوێندن. ست خانە، هات بە باپیرمی وت: "بۆ ناینێرنە بەر خوێندن". ئەو کاتە شەش ساڵانم تەواو نەکردبوو کە منیان ناردە بەر خوێندن.  خوێندنگەکە لە ماڵمانەوە زۆر دوور بوو، ئەوکات کەمتر ئۆتۆمبێل هەبوو، دەبوایە بەیانیان لە حەمامۆکەوە بچمە قوتابخانە، بۆیە بەیانیان شەهید ئاودێری مامم دەیبردمە قوتابخانە. جانتای قوتابخانەم زۆر گەورەبوو، هەموو جارێک لە رێگە لێم بەردەبوویەوە، شەهید ئاودێری بۆی هەڵدەگرتمەوە، ئەو کاتە ئەو جانتا بچووکەی منداڵان کەمتر هەبوو.

دوای ئەوەی ماڵمان هاتە ناوشار و لەگەڵ ماڵی باپیرم جیابووینەوە، باوکم ماڵی خۆی کرد، هاتینە گەڕەکی بایزاغای کۆیە و لەوێ چوومە خوێندنگەی چنارۆک. بۆ ماوەی دوو ساڵ لە خوێندنگەی چنارۆک بووم و دووبارە گەڕامەوە خوێندنگەی ئامینە، لەبەرئەوەی ماڵمان هاتەوە گەڕەکی چوارباخ.

قۆناغی دواناوەندیشم لە سانەویی کۆیەی کچان تەواو کرد. تاوەکوو پۆلی چوار خوێندم. بەبیرم دێت لەبەرئەوەی هەر باوکم خەریکی دابینکردنی پێویستییەکانی ژیان و بەخێوکردنی منداڵەکان بوو، ئێمەش حەوت منداڵ بووین و من لە هەموویان گەورەتربووم، پێمان باشبوو من بچمە هەولێر بخوێنم. ئەو کاتە بۆ خوێندن داواکاریم پێشکەشی (دار المعلمات)ی هەولێر کرد و لەوێ وەرگیرام، بەڵام لەو کاتەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کردم، کەسێکی ئەمن دادەنیشت بۆ ئەوەی بزانن ئەوەی دادەمەزرێت چەندە حزبییە، ئەمنەکە پێمی وت: "بەو مەرجە وەردەگیرێی کە ببیتە بەعسی". منیش وتم: "ناتوانم ببمە بەعسی"، بۆیە وەرگرتنم رەت کرایەوە. ئیتر داواکاریی خوێندنم پێشکەشی ئامادەیی پیشەسازیی کرد و ساڵی 1977 لەوێ وەرگیرام و لە ساڵی 1979 خوێندم تەواوم کرد. یەکەم جار بوو لەوێ کچ وەربگرن، لە بەشی ئەلکترۆنیی لە هەولێر، سێ ساڵم خوێند. لەوێ لەگەڵ کاک سەفینی برام پێکەوە خوێندنمان تەواو کرد.

ئەو رووداوانە چین کە لە سەردەمی منداڵیت روویانداوە و تاوەکوو ئێستاش لە بیرەوەریتدا وەکوو خۆیان ماون؟
كوردۆ عومەر:
سەردەمی منداڵیم لە ناوچەی حەمامۆک بوو، شوێنەکە شوێنی حەشارگەی پێشمەرگە بوو. بەو هۆیەی دەوروپشتی هەمووی چۆڵ بوو. زۆر جار پێشمەرگە دەهاتن لەوێ پشوو بدەن و نان بخۆن و دەنگوباسی کەسوکاریان بزانن لە ناوشار. وەکوو زۆر جار باوکم بۆمی باس دەکرد؛ نامەکان زۆر بوون و دەترسان شەهید ئاودێری مامم ئاشکرا بێت، باوکم دەیوت: "بەهۆی ئەوەی تۆ زۆر بچووک بوویت، دوو بۆ سێ ساڵ بووی، بەو فێڵەی دەمانوت تۆ دەبەینە پزیشک، باخەڵەکانی تۆمان پڕ دەکرد لە نامەکان".  بەهۆی ئەوەی منداڵ بووم و نەیاندەپشکنیم، تاوەکوو لەسەر رێگە ئەگەر شەهید ئاودێری مامم بناسن، هیچیان دەست نەکەوێت. باوکم باسی ئەوەشی دەکرد؛ کاتێک من دوو ساڵان بووم، ئەوان ناچاربوون بچنە ئەشکەوتەکانی ئەودیوی باواجی کۆیە، کە هەمووی چۆڵ کراوە و حەرەس قەومییەکان هاتوون. لەوبارەیەوە زۆر شتیان بۆ باسکردووم.

لە سەردەمی منداڵیم، هەروەکوو پێشتر وتم، ئێمە لە حەمامۆک بووین، باخەکامان زۆر گەورە بوو، ئەو بەروبوومەی لێی بەرهەم دەهات، خەڵکی کۆیە زۆر تامەزرۆی بوون، لەبەرئەوەی بەروبوومێكی باش بوو. باپیرم هەوڵی دەدا کامە شتی باشە ئەوە بڕووێنێت. شتێکی دیکە کە بیرم دێت لە حەمامۆک؛ لە بابەتی خشۆکەکان ماری زۆر لێ بوو، باپیرم دەیویست رامانبهێنێت لە مار نەترسین. باپیرم یەکێک بوو لەوانەی بە خێرایی ماری دەگرت و بە شتێک ددانەکانی دەردەهێنا. لە تەمەنی پێنج ساڵان بووم، بەبیرم دێت جارێک مارێکی گرت، زۆر هەوڵی دا لەگەڵم، بەڵام من دەستم لێی نەدا، داوای کرد وتی: "دەبێت دەست لەم مارە بدەیت". منیش هەر وتم: "نا"، لەدواییدا خستیە ناو کیسێک و وتی: "دەستی لێ بدە". من هەر دەستم لێ نەدا. باپیرم زللەیەکی بە هێواشی لێم دا و وتی: "دەبێت دەستی لێ بدەیت"، منیش بە گریانەوە ئینجا دەستم لێ دا. کاتێک گەورە بووم، تێگەیشتم باپیرم مەبەستی ئەوەبوو نەترسم، چونکە ناو ئەو رەزە هەموو شتێکی تێدا بوو. وام لێ هات کە مارێک دەهاتە سەر رێگەکەم، دەمتوانی خۆمی لێ لابدەم یان بیکوژم یان لێی نەترسم.

کە منداڵ بووم، زۆر لەگەڵ باپیرم بووم، ئەو شتی زۆر جوانی فێر دەکردم. دەیوت: "نابێت مرۆڤ زۆر رەزیلی پارە بێت". پێمی دەوت: "پارە چڵکی دەستە و نابێت هیچ کاتێک پارەت خۆشبووێت. نانی ئەمڕۆت هەبوو خەمی سبەینێت نەبێت". ئەو شتانەم لەبیرە، ئەو باخە کەسی نەبوو، هەر باپیرم لەگەڵ خوشكێکی بەتەنها بوون و ئاشێکی ئاوی هەبوو. ئاشێکی زۆر بەناوبانگ بوو، هیی باپیرم بوو. لە سەرەتای بیست و سییەکانی سەدەی رابردوو، بوونی ئاش شتێکی گرنگ بووە کە هەیبووە. باسی ئەوەی دەکرد، ئەو ئاشەی هەبووە هەرچی هاتووە نانی پێی داوە و رۆیشتووە، دەشیوت: "لە کەسم نەپرسیوە تۆ کێیت و رقم لە کەس نەبووە". بۆیە هەمیشە پێمی دەوت: "ئێرە خانەخوێیە، هەر کەسێک هات نانی خوارد، نابێت لێ بپرسیت تۆ کێیت؟" دەشیوت: "هەر کەسێک کە دێتە ئێرە ئەگەر هەنارێک بێ یان هەنجیرێک یانیش ترێ، دەبێت لێی بخوات و ئینجا ئەوەی کە مایەوە دەکرێت لێی بفرۆشین". هەروەها دەیوت: "نابێت تەنها خەمی خۆت و خۆمانت بێت، بەڵکوو دەبێت خەمی ئەو کەسانەشمان بێت"، چونکە حەمامۆک وەکوو چۆڵەوانی و رێگەی کاروان وابوو. خەڵک زۆر پێیدا دەهات و دەچوو.

هەروەها باپیرم فێری دەکرم؛ دەبێت خەڵک خاکی خۆی نەفرۆشێت. هانی دەداین چۆن خاک خۆشەویست بێت لە لامان و پێیەوە پەیوەست بین. چۆن کەرامەتی خۆت بپارێزیت و سەر بۆ کەس دانەنەوێنی. باپیرم دەیوت: "کە من لێرە لە حەمامۆک بووم، هیچکات بۆ ئاغاکان و کەس سەرم دانەنەواندووە و بۆخۆم تەنها ژیاوم".

باپیرم پیاوێک بوو ئێستاش لە کۆیە کەسێکی ناسراوە، لە زۆرانبازیی وەک پاڵەوان وابووە. تۆپێک لە کۆیە هەبوو، تۆپی وەستا رەجەبیان پێ دەوت، لە مانگی رەمەزاندا بەکاریان دەهێنا. دەڵێن ئەوکات ئەرمەنەکان هاتوونەتە کۆیە و لێیان بووەتە مناقەشە و تۆپەکە لە قشڵەی کۆیە بووە، باپیرم تۆپەکەی بە دەست بەرز کردووەتەوە. ئەو کارە بەلایانەوە سەیر بووە. ئەو بەهێزییەی باپیرم وای کردووە لە کەس نەترسێت و بەتەنها بژی. هەوڵی دەدا ئێمەش هەم نەترس بین و هەمیش بەرچاوتەنگ نەبین، خزمەتی خەڵک بکەین و خۆمان بە خزمەتکاری خەڵک بزانین.

بەگەشبینییەوە لە ژیان دەڕوانێت

چۆن تێکەڵاوی کاری سیاسی بوویت؟ کێ هاندەرت بوو و کاریگەریی بەسەرتەوە هەبوو؟
كوردۆ عومەر:
تێکەڵبوونم بە سیاسیەت، بۆ شەهید ئاودێری مامم دەگەڕێتەوە، ئەو هەشت نۆ ساڵ لە من گەورەتر بوو، لە ئامادەیی پیشەسازیی بووین، دەهات سەردانی دەکردین و زۆر جار رێنمایی جوانی دەکردین، کە بتوانین بە چ شێوازێک بەڕێوەبچین و زوو خوێندن تەواو بکەین تاوەکوو خزمەتی خاک و نیشتمان بکەین. لە رێگەی شەهید ئاودێرەوە زیاتر چاوم هەڵهێنا و تێکەڵ بە کاری سیاسیی بووم. خێزانەکەشمان پاشخانێکی سیاسی و کوردایەتییان هەبوو. شەهید ئاودێری مامم خۆی بەرپرسی رێکخستنەکانی ناوشار بوو، لە ساڵی 1979 لە "داستانی قوڕە بەرازە"( ) لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگەی قارەمان، دوای شەڕێکی قارەمانانە و بەرگری، شەهید بوون.
زۆر سەرسام بووم بە کەسایەتیی شەهید ئاودێر، شەهیدبوونی زۆر کاریگەیی بەسەرمەوە هەبوو. ئیتر ئەوەبوو لە ساڵی 1980 پەیوەندیم بە رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە کرد. سەرەتای کارکردنم لەگەڵ کاک سەفینی برام بوو، کە ئەو دوای ساڵی 1980 چووە دەرەوەی وڵات.

چالاکییە سیاسییەکانت لەو سەردەمەدا چی بوون؟ دەمەوێت بە وردیی بۆم باس بکەیت.
كوردۆ عومەر:
من بەرپرسی بەدالەی کۆیە بووم، ئەوکات هەموو نهێنییەکان لە رێگەی بەدالەی کۆیەوە دەگواسترایەوە، ئەو مۆبایلەی ئێستا نەبوو، هەموو پەیوەندییەکان لە رێگەی بەدالەوە بوو. بۆیە بۆ من ئاسان بوو زانیارییەکان وەربگرم، چونکە بەرپرسی مایکرۆیف و هێڵەکان بووم. زۆر بە ئاسانی دەمتوانی هەموو زانیارییەکی پەیوەندییەکانی دائیرەی ئەمن وەربگرم و بیگەیەنم بەو برادەرانە، بەتایبەت ئەوانەی کە دەیانویست دەستگیریان بکەن یان گورزیان لێ بوەشێنن، بۆیە دائیرەی ئەمن چەند جارێک منیان گرت و هەڕەشەیان لێ دەکردم و پاشان ئازادیان دەکردم. چەند جارێک بە کاژێر بۆ دوو کاژێر و رۆژێک دەیانهێشتمەوە، تاوەکوو لە کۆتاییدا هەستیان کرد شتێک هەیە لەناو ئەو بەدالەیە، کە زانیارییەکان دەچێتە دەرەوە، بۆیە لە ساڵی 1985 من گیرام، دوای گرتنم بۆ ماوەی چەند مانگێک، ئازاد کرام، بەڵام وتیان نابێت لە کۆیە بمێنیتەوە. ماوەیەک چوومە رانیە و خۆم شاردەوە بۆ ئەوەی دووبارە نەگیرێمەوە، لەوێ لە لای خزمەکانم بووم. دوایی چوومە هەولێر لە کارگەی بەرگدروویی دارای جەلیل خەیات ئیشم کرد، کە کچە بارزانییەکانیشی لێ بوو. ماوەی چەند مانگێک لە هەولێر خۆم شاردەوە و لەو کارگەیە ئیشم دەکرد، ئەوکات کارگەکە لە لای تەیراوە و ئەو ناوانە بوو. هەرچەند حەزم بە کاری بە بەرگدروویی نەبوو، بەڵام ناچاربووم، بۆ ئەوەی خۆم بشارمەوە. لەبەرئەوەی دووبارە دائیرەی ئەمن بڕیاری گرتنەوەی منیان دا، چونکە دەیانزانی پەیوەندییەکان چۆنە، بەو شێوەیە بەردەوام بووم تاوەکوو خۆمان ناچار بووین لە کۆیە بڕۆین.

لە دوای ساڵی 1986 چووینە شاری رانیە، ئەوەش بۆ ئێمە ئاسان نەبوو. لەوێ چەند باخێکمان بەکرێ گرت. باخی حەوێزی بەریدیان پێ دەوت، خێزانێکی زۆر شۆڕشگێڕ و قارەمان بوون. خێزانێکی شیوعی بوون. لەگەڵ ماڵی مام قادری قەسرێ، کە ئەو کوڕەکانی هەموو پێشمەرگە بوون و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. بەداخەوە، دوو لە کوڕەکانی شەهید بوون. ماڵی مام قادر لەبەرئەوەی کاتی خۆی لە کۆیە بوون لە قەسری کاکە زیادی کۆیە، شیریم لەگەڵ کوڕێکیان خواردبوو، بۆیە کە ماڵمان چووە رانیە، بۆ ئێمە خۆشبوو، هەم ئەوان هاوکارمان بوون و هەمیش ماڵی حەوێزی بەرید.

کۆمەڵێک خێزانی شۆڕشگێڕ لە رانیە زۆر هاوکارمان بوون، یەکێک لەوانە ماڵی کاک خەسرەو و خاتوو بەدریە بوو، ئەوان دەیانزانی ئێمە لە کۆیە گیراوین و دەرکراوین و پێویستمان بەوە هەیە هاوکارمان بن بۆ ئەوەی بەردەوام بین. ئیتر لەوێ لە کاری باخەوانیی بەردەوام بووین. هەرچەندە ساڵی 1980 لە فەرمانگەی بەرید دامەزرام، بەڵام لەدوای گیرانم، لە فەرمانگە دەرکرام و نەیانهێشت بگەڕێمەوە. ئیتر هیچ وەزیفەیەکم نەبوو، ناچار رۆژانە خەریکی باخداری بووم. لەبەرئەوەی کاری تووتن بەداوەوەکردنم نەکردبوو، ئەنجامدانی ئەو کارە بۆ من ئاسان نەبوو، بۆیە هەموو رۆژەکان و زۆر جار پەنجەکانی خۆم بەخوێن دەهێنا، چونکە نەمدەزانی (سووژن)ەکە لە تووتنەکە بدەم. بەیانیان دەبوایە کاژێر 4:30 خولەک هەڵسین و پەڵکی تووتن بڕنین، هەرچەند ژیانێکی ئاسان نەبوو، بەڵام لەوێ خۆشبەخت بووین، چونکە پێشمەرگەکان دەهاتنە ئەوێ و زۆر جار بەدزییەوە نامەکانم دەگواستەوە بۆ کەرکوک و سلێمانی، بەڵام دەبوایە لە بازگەکان بەشێوازێکی تر خۆم دەرخەم تاوەکوو نەناسرێمەوە. من کە لە فەرمانگە بووم، پانتۆڵی کابۆم لەبەر بوو، لاواز بووم و مکیاژم نەدەکرد، بەڵام لە کاتی گواستنەوەی نامەکاندا، مکیاژم دەکرد و چاویلکەم لە چاو دەکرد و خۆم بەشێوازێک دەگۆڕی تاوەکوو نەناسرێمەوە و بەئاسانی ئەو نامانە بگوازمەوە. یان کاتێک پێشمەرگەکان بریندار دەبوون، کۆمەڵێک خەڵکی بەئەمەک هەبوون، بەتایبەتی لە سلێمانیی خاتوونێک بەناوی خەرمان خان هەبوو، لە رێگەی ماڵی کاک رەفیق، کە لەم ساڵانەی دوایی بەڕێوەبەری ئاسایشی راپەڕین بوو، لە رێگەی ئەوانەوە کچە خاڵەکەی زۆر هاوکارمان بوو تاوەکوو دەرمانەکان بگوازینەوە. لە کۆیە دەرمانخانەکان بەشێکی خاوەنەکانیان هاوکاربوون، کاک ئیسماعیل کە زۆر هاوکارمان بوو، ئەو دەرمانانەی بۆ بریندارەکان پێویست بوو بۆمانی دابین دەکرد و کارمان دەکرد چۆن بەنهێنیی دەرمانەکان بگوازینەوە.

لەبیرمە جارێکیان لە ساڵی 1989 لە سلێمانی هەندێک دەرمانیان دامێ کە دەبوایە بیگەیەنمە بەشێک لەو پارتیزانانەی لە دەوروپشتی رانیە دەرمانەکانیان وەردەگرت و دەیانبرد، هەموو دەرمانەکان لەناو جانتایەک بوو، بەڵام سەری جانتاکەم بە جلی ژیرەوەی ژنان داپۆشیی بوو، لە بازگەی بێستانە یەکێک لە سەربازەکان وتی: "تۆ کوردەی بەرید نیت؟" منیش وتم: "نەخێر، من هەو نیم". ئەوکات ناسنامەیەکی دیکەیان بەناوی پەرژین بۆم دروست کردبوو. سەربازەکە وتی: "تۆ دەنگت بەو دەچێت، لێرە لادە". کێشەکە لەوەدا بوو جانتاکە پڕ لە پێداویستییەکان بوو. هۆشیاری برام لەگەڵدا بوو، من جانتاکەم دانەگرت و پێشتر پێم وتبوو ئەگەر شتێک روویدا من گیرام، تۆ یەکسەر بڕۆ. سەربازەکە ماوەیەک منی لە بازگەکە هێشتەوە. لەو کاتەدا رۆیشتنی (قائید فیرقە) بەو ناوچەیەدا فریام کەوت، کە دەبوو ئەو ناوە چۆڵ بکرێت. کابرای سەربازیش لە پەلەپەل کە زانی ئامر فیرقە دێت و من هەر ئینکاریی دەکەم، یەکسەر بەپەلە ئۆتۆمبێلێكی وەستاند و وتی: "بڕۆ، مادام وابێت، هەو نیت".

ژیانێکی سەیر بوو، ئەوکات گیرابووم و تازە ئازاد کرابووم. هەرچەندە ماڵمان لە رانیە بوو، بەڵام لە کاری نهێنی و گواستنەوەی دەرمان و نامە لەو شار بۆ ئەم شار بەردەوام بووم.

لە راپەڕینە مەزنەکەی 1991 بەشداریتان کرد؟
كوردۆ عومەر:
بەڵێ، لە راپەڕینی 1991 زۆر رۆڵمان هەبوو. ئەوکات هەموو پێشمەرگەکان لە ماڵی ئێمە بوون، کە لە دائیرەی ئیستخباراتیان دا، چەند کەس لە ماڵی ئێمە بریندار بوون. بەڵگەنامەکانی هەواڵگریی (ئیستخبارات) هەمووی لە ماڵی ئێمە بوو و هەر لەوێش تەسفیەمان کرد، لەبەرئەوەی کاک سەفینی برام بەرپرسی رێکخستنی چەکداریی هێزی بروسک بوو لە ناوشار، بەرپرسی رێکخستنیش مامۆستا وریا بوو.

دوای راپەڕین چۆن بەردەوام بوویت و چالاکییەکانت چی بوون؟
كوردۆ عومەر:
لە دوای راپەڕین، شەهید حەسەن کوێستانی هاتە کۆیە و ناردی بەدوامدا، ئەو کاتە کاک فەتاح بەرپرسی کۆمیتەی کۆیە بوو. کوێستانیی پێی راگەیاندم کە دووبارە دەستبەکاربمەوە، بەڵام سەرەتا من رازی نەبووم. دوای گیران و ماندووبوونێكی چەند ساڵە، وتم ژیانی ئاسایی خۆم دەست پێ دەکەم، بۆیە ئاسان نەبوو. پێم خۆشبوو ماوەیەک پشوو بدەم، بەڵام شەهید حەسەن کوێستانی داوای کرد وتی: "پێویستە دەستبەکار بیتەوە. پێمان خۆشە لە رێکخستنەکاندا کار بکەیت". لەبیرمە یەکەم رێکخستن، هێڵی شەهید دڵشاد قادرمان دانا، کە ئەویش یەکێک لە قارەمانە شەهیدەکان بوو، هێڵەکە تایبەت بوو بە رێکخستنەکانی ژنان. من بەرپرسی هێڵەکە بووم. یەکە یەکە خەڵکمان لە کۆیە رێکخست، تاوەکوو ئەوکات کە ساڵی 1992 دەکات، رێکخستنی تایبەت بە ژنان لە کۆیە نەبوو، بەڵام رێکخستنی مامۆستایان و فەرمانبەران و بەشەکانی دیکە هەبوو.

مامۆستا سیوەیل و مامۆستایانی دیکە لە بەشی مامۆستایان کاریان دەکرد، بەڵام بەشەکەی ئێمە تایبەت بوو. دوای ئەوە بوومە کارگێڕی مەڵبەندی کۆیە. دوای نەمانی مەڵبەندی کۆیە لە دوای 31ی ئابی 1996، بوومە کارگێڕی مەڵبەندی سێی هەولێر، دوای ئەوە لە ساڵی 1999 بوومە بەرپرسی کۆمیتەی دەشت، کە یەکەم ژن بووم لەناو یەکێتیی بەرپرسی کۆمیتەی پیاوان و گوندەکانی دەوروبەری کۆیە وەربگرم، لەناو یەکێتیی کەمتر ئەوە پەیڕەو کرابوو ژن بەرپرسی کۆمیتەی پیاوان و دەشت بێت. لە ساڵی 2001 بوومە بەرپرسی کۆمیتەی کۆیە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2003 گەڕاینەوە هەولێر، لە مەڵبەندی سێی هەولێر بوومە کارگێڕی مەڵبەند.

پاشان لەسەر پێشنیازی مام جەلال، بوومە قایمقامی کۆیە، یادی بەخێر، لە دەستنیشانکردن و دەستبەکاربوونمدا، خۆی هات. کۆمەڵێ شتی زۆر جوانی پێ وتم، وتی: "پێویستە تۆ قایمقامی سەر مێز و کورسی نەبیت، بەڵکوو پێویستە قایمقامی ناو خەڵک بیت و لە خانووە قوڕەکانەوە دەست پێ بکەیت، کە چۆن هاوکاریی خەڵک بکەیت، گوێ لە خەڵک بگرە و پرس و را بە خەڵک بکە. هەوڵ بدە زیاتر ئەو پرۆژانە بکە کە زیاتر سوود بە خەڵک دەگەیێنن. لە هیچ بەرپرسێک مەترسە و هەوڵ بدە ئەوەی پێت دەکرێ لەپێناو ئەو شارە ئەنجامی بدە. وەکوو ژنێک بیکە، بۆ ئەوەی بزانن حوکمی ژن لەو شارە چۆنە". کۆمەڵێک رێنمایی زۆر جوانی کردم.

پێش من بە چەند مانگێک، لە دوکان خاتوو مونیرە قایمقام بوو، من دووەم قایمقامی ژن بووم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عیراق و لە کۆیەش یەکەم قایمقامی ژنی ئەو شارە بووم، بۆیە مام کۆمەڵێک شتی زۆر جوانی پێ وتم، هەروەها وتی: "تۆ قایمقامی، پێویستە قایمقامی هەموو خەڵک بی و هەر قایمقامی یەکێتییەکان نەبی، بەڵکوو پێویستە هیی هەموو لایەن و چین و توێژەکانی شارەکە بیت".

کاتێک بوومە قایمقام، کارەکان ئاسان نەبوون، لەبەرئەوەی بودجەی کۆیە دیار نەبوو، پێشتر بەشە بودجەیەک هەبوو بەناوی ئیدارەی سەربەخۆی کۆیە، کە پارێزگای ئەوکاتی هەولێر بەهۆی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەییەوە دروست بووبوو، بەڵام پارەکە زیاتر لە گوندەکان خەرج دەکرا و کەمتر لەناو کۆیە بەکار دەهات. لەبەرئەوەی پێویست بوو گوندەکان ئاوەدان بکرێنەوە. دوای ماوەیەک ئیدارەی کۆیە و هەولێر تێکەڵاو بوونەوە، ئەو کاتە کاک نەوزاد هادی یەکێک بوو لە پارێزگارە باشەکان، بەڵام بودجەی کۆیە دیار نەبوو. پارەی پەرەپێدانی کۆیە نە هەولێر دەیدا و نە سلێمانی. ئیدارەی هەولێر دەیوت لە سلێمانییە و سلێمانیی دەیوت لە هەولێرە.

یەک گوندی کۆیە کارەبای نەبوو. تۆپزاوە کە نزیکترین گوندی کۆیەیە، کارەبای نەبوو. هیچ یەکێک لە گوندەکان کارەبایان نەبوو. ناحیەکان تازە ناونرابوون، وەکوو: ناحیەی سێگرتکان و سکتان و ناحیەی ئاشتی. تەنانەت ناحیەکان کارەبا و رێگەیان نەبوو. لەناو شاری کۆیە شەوانە دەبوو محاویلەکانی گەڕەکەکان بکوژێنینەوە تاوەکوو کارەبا بێتە ناو کۆیە. بە کاژێر کارەبامان دابەش دەکرد. سەردەمەکە وشکەساڵی بوو، وشکەساڵییەکی زۆر خراپ بوو، دۆخەکە بە جۆرێک بوو ئیدارەدانی ئەو شارە ئاسان نەبوو. دۆخێک بوو، هەم کارەبا نەبوو هەم بێ پارەیی بوو، بۆیە دەستمان بە کارکردن کرد، کە چۆن لە رێگەی پەیوەندییەوە کار بکەین. زۆر سوپاس بۆ محەمەد زرێباری، کە ئەوکات بەرپرسی نەوت بوو لە ناوچەکە، کە شیمالیان پێ دەوت، چونکە موسڵیشی لەگەڵ بوو. هەروەها کاک قادر، کە بەرپرسی ئەمباری نەوت بوو لە کەرکوک، لە رێگەی پەیوەندییەکانەوە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵیان دروست کرد. ئەوەبوو توانیمان لانیکەم سووتەمەنی کۆیە جیابکەینەوە، کە توانیمان وابکەین جیا لە هەموو شارەکانی کوردستان تەنها لە کۆیە سووتەمەنی باش بێت. وردە وردە لە رێگەی شێخ بایز و بەڕێز مام جەلال و کاک عوسمان شوانی و هەموو ئەو برادەرانە، توانیمان بەشە بودجەی کۆیە دیاری بکەین، کە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی کاک عومەر فەتاح بوو. بودجەی دوو ساڵی کۆیە دیاری کرا. ئەوەمان کردە رێگەوبان و پردی کۆیە، کە دووەم پرد بوو لەسەر ئازادیی دروست کرا، شەقامی هەرمۆتە بەرفراوان کرا. مەلەوانگە و چەندین قوتابخانە دروستکران. دەستکرا بە دروستکردنی سەرلەنوێ بینای ناحیەی سێگرتکان و سکتان کە یەک بینای چیمەنتۆی تێدا بوو، ئەویش هەڵە نەبم بنکەی تەندروستی بوو. هیچ بینایەکیان نەبوو، کە ناحیەکە راگەیەندرا بوو. ئاشتی کرابووە ناحیەی خەرابە، ئەویش هیچی نەبوو. لەبەرئەوەی ئەوێش دوو خانووی چیمەنتۆی تێدا بوو. توانیمان ئەو ناحیانە بنیات بنێین. خانوو بۆ فەرمانگەکان و یاریگەیان بۆ دروست بکەین. توانرا رێگەوبانیان بۆ بنیات بنێین و کارەبایان بۆ ببەین و پرۆژەی ئاوی خواردنەوەیان بۆ چاک بکەین.

بەشێکی زۆری گوندەکان کارەبایان بۆ چوو. بەشێکی زۆر بیری ئیرتیوازیمان بۆ دابین کردن، تاوەکوو لە وشکەساڵییەکە رزگاریان بێت. بەنداوی کۆیە بنیاتنرا، کە بەنداوەکەی سماقوڵییە، ئەوکات پێشنیاز کرا و ئێمە لەوێ بووین کە کارکردن تێیدا دەستی پێ کرد. بەنداوی دێگەڵە دەستی پێ کرد، بەڵام ئەو کاتەی من ساڵی 2010 دەستم لە کار هەڵگرت، هێشتا کارکردن تێیدا مابوو و تەواو نەبووبوو.


لە کاتی قایمقامیت، کۆسپەکان چی بوون و پشتیوانەکانت کێ بوون؟
كوردۆ عومەر:
لە کارەکانمدا گەیشتمە ئەو بڕوایەی راستە پۆستی قایمقام نوێ بوو، بەڵام ژن ئەگەر خۆی توانای هەبێت و بەهێز بێ و باوەڕی بە تواناکانی هەبێت؛ دەتوانێت کار بکات. پیاوان باکیان بەوە نییە کێ حوکمیان دەکات، بەڵکوو چەند خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکەیت، ئەوە گرنگە. ئەو فەزڵە دەگەڕێتەوە بۆ مام جەلال، کە زۆر هاوکارم بوو، چونکە من کۆڵێک کۆسپ و تەگەرەم هاتە پێش، تەنانەت تەقەیان لێم کرد، کە نەمدەهێشت زیادەڕۆیی بکرێت لەو شارە، چەند جارێک هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردم، بەڵام کە خۆت بەهێز و بەتوانا بووی، دەتوانیت بەسەر بەربەستەکاندا زاڵ بیت. مام جەلال (رۆحی شاد) و دادە هێرۆ زۆر هاوکارم بوون. هەموو ئەو برادەرانە زۆر هاوکار بوون بۆ ئەوەی بتوانم لە کارەکانمدا سەرکەوتووبم.

وەک ژنێک، ئەو بەرپرسیارێتی و چالاکی و پرۆژانە چین کە جێگەی شانازیتن؟
كوردۆ عومەر:
من یەکەم کەس بووم لە ساڵی 1999 کۆمیتەی دەشتم وەرگرت هیی پیاوان، لە شارەکەی خۆشم یەکەم قایمقام بووم کە ژن بم. ئەو (یەکەم)ە راستە رێچکەشکێنییە، بەڵام ئاسانیش نییە. لە ساڵی 2010 بوومە بەڕێوەبەری گشتیی بەدواداچوونی توندوتیژی دژی ژنان، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە تازە دامەزرا بوو، پێشتر لە ساڵی 2007 بەڕێوەبەرایەتی هەولێر هەبوو، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەبوو، ئەوەبوو لە 5ی نیسانی 2010 بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەدواداچوونی توندوتیژی دژی ئافرەتان کرایەوە، من بوومە یەکەم بەڕێوەبەری گشتیی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە.

بەڕێوەبەرایەتییەکانی شار و ناوچەکان خرانە سەر ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە. پێشتر چوار بەڕێوەبەرایەتی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و گەرمیان) و پێنج نووسینگە لە شار و شارۆچکەکان هەبوون، بەڵام لە ساڵی 2012 ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەکان بەرز کرایەوە، ئەویش بە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی (سۆران و راپەڕین) و ژمارەیەک نووسینگەی نوێ، کە ئێستا شەش بەڕێوەبەرایەتی و 27 نووسینگە و پێنج هۆبە، هەروەها شەش تیمە مۆبایل و شەش سەنتەری راوێژکاریی خێزانیی لە بەڕێوەبەرایەتییەکاندا هەن، هێڵی گەرمی 119 لە هەریەکە لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی هەیە، ئەوانەی رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، دەتوانن پەیوەندیی بە ژمارەی 119 بکەن بەبێ ئەوەی یەکەی مۆبایلیان لێ بڕوات، واتا؛ خزمەتگوزارییەکە بە خۆڕایی و بێ بەرامبەرە.
لە ئێستاشدا بە نیازی کردنەوەی نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتین لە پارێزگای هەڵەبجە.

لە 2012 بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ناوەکەی لە بەدواداچوونەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان گۆڕا و ئێستاش (بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان)ە. بەوەش ئاستی کارکردنی فراوانتر بووە، کە پێشتر لە بنکەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی توندوتیژی دەکرا، بەڵام ئێستا لێکۆڵینەوە و سەرجەم کارەکان لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانمانەوە ئەنجام دەدرێن. جگە لە کەیسەکانی ژنان، ئیش لەسەر توندوتیژی دژی منداڵان و خێزان دەکەین. لەناو کەمپەکانیش تیمەکانمان کار دەکەن.

ئێمە ئیش لەسەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی و سەرجەم یاسا پەیوەندارەکان دەکەین، کە پەیوەستە بە پارێزگاریکردن لە مافی ژنان و خێزان. چەند بەڕێوەبەرایەتییەکمان لە گەرمیان و سلێمانی هەبوو، نووسینگەمان هەبوو لە رانیە، بەڕێوەبەرایەتیمان هەبوو لە دهۆک. ئێستا هەم بەڕێوەبەرایەتییەکە بەرفراوان بووە و هەمیش متمانەی خەڵک بە بەڕێوەبەرایەتییەکانمان زیاتر دروستبووە. ئێمە دەزگایەکی فەرمین بۆ بڵاوکردنەوەی ئامار و پێداویستییەکانی تایبەتن بە ژنان.

هەروەها وێبسایت و پەیجی خۆمان هەیە. ئەفسەران و کارمەندان بەردەوام خولی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە. لەگەڵ ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندییەکی باشمان هەیە. رۆژانە ژیانی چەندان ژن و کچ رزگار دەکرێت. چەندان ژن سکاڵا تۆمار دەکەن.

لە سەردەمی قایمقامێتیش، هەوڵم دا بواری هونەری و ئەو بابەتانەی پەیوەندیی بە گەنجانەوە هەیە گرنگی زیاتریان پێ بدەین. یەکێک لەو کارانەی شانازیی پێوە دەکەم؛ دروستکردنی بینای پەیمانگەی هونەرە جوانەکانە لە کۆیە، کە ئەوکات تۆ (نەرمین عوسمان) وەزیری پەروەردە بووی، بڕیاری کردنەوەی پەیمانگاکەت دا. ئێمە دەستمان هەبوو لە دروستکردنی بیناکە کە بینای شەهید (جەعفەر عەبدولواحید)ت بۆ هونەرە جوانەکان تەرخان کرد و دروستمان کرد. ئێستا کۆمەڵێک کوڕ و کچی شانۆکار تيايدا دەخوێنن و خوێندن تەواو دەکەن. کردنەوەی پەیمانگەی وەرزشی، ئەوەش یەکێکی دیکە لە کارەکان بوو، کە چۆن گرنگی بە گەنج بدەین.

كوردۆ عومەر لەكاتی ئەنجامدانی ئەركەكەیدا

بە حوکمی ئەوەی ماوەیەکی زۆرە پۆست و بەرپرسیارێتیی جۆراوجۆری حکومیت هەیە، ئامۆژگاریت چییە بۆ ژنانی کۆمەڵگەت؟
كوردۆ عومەر:
لە هەموو قۆناغەکاندا بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوکار بووم و دەستی ژنان بەتایبەتی و خەڵکم بەگشتیی گرتووە. لە هەموو قۆناغەکاندا شانازیی بەوەوە دەکەم.
هەروەها لە ئەنجامی ئەزموونی کارکردنم، ئەوەم بۆ دەرکەوت کە هەموو ژنێک پێویستە رەچاوی ئەوە بکات کە:
یەکەم: چاولێکەریی نەکەین و رێکچکەشکێن بین.
دووەم: متمانەمان بەخۆمان هەبێت و وابکەین کۆمەڵگەش متمانەی بە ئێمە هەبێ.
سێیەم: چاونەترس بین لە بڕیاردان.
چوارەم: راوێژ و دیالۆگ لەگەڵ خەڵک بکەین، بۆ ئەوەی تاکڕەوانە بڕیار نەدەین و بگەڕێینەوە بۆ خەڵک.
پێنجەم: راستگۆ بین لەگەڵ خۆمان و لەگەڵ خەڵکی دیکەدا.
شەشەم: هەوڵ بدەین بە ئەمانەتەوە پارێزگاری لەو دەسەڵاتە بکەین کە هەمانە. گەندەڵی و خۆپەرستیی تێدا نەکەین. پارەی میللەت بەهەردەر نەدەین، بۆ شتی کەسی و تایبەتیی خۆمان بەکارینەهێنین.

لەو وانانەی ژیان تێبگەین کە چۆن ژنان دەتوانن بەهێز و سەرکەوتوو بن، دەتوانن پاڵەوان بن لەبوارەکانی ژیاندا، ئەگەر خۆیان بیانەوێت.
ئەو وانانەی ژیان فێریان کردم؛ ئەگەر ژنان بیانەوێت دەتوانن هەموو کۆتوبەندەکان بشکێنن. پیاوان رێگری ناکەن لەبەردەمیاندا، ئەگەر ژنان بۆخۆیان بەتوانا بن؛ ئەوا دەتوانن بەسەر هەموو کۆسپەکاندا زاڵ بن.
پێویستە ژنان لە رێگەی یاساوە چارەسەری کێشەکانیان بکەن. پەنا نەبەنە بەر خۆسووتاندن و خۆکوشتن، چونکە هیچ شتێک وەکوو ژیان نییە، کە لە خۆشییەکانی بێبەش بیت و بەدەستی خۆت ببیتە بکوژی خۆت. پێویستە ژنان بەهێز بن، پێویستە ژنان بتوانن بەئاواتەوە بژین و بەهێز بن، پەنا نابەنە بەر خۆکوشتن و خۆسووتاندن. تکا دەکەم لە ژنان خۆسووتاندن رابگرن، چونکە خۆسووتاندن وادەکات هەموو ژیانی خۆی و خێزانەکەی لەناو ببات.
ژن و پیاو دژی یەکتر نین و پێکەوە دەتوانین زۆر کاری جوان و هاوبەش بکەین، ئەگەر زمانی گفتوگۆ و دیالۆگ هەبێ لەنێوانماندا؛ ئەوا دەتوانین کاری زۆر جوان پێکەوە بکەین. پیاوانیش قوربانیی کولتوورە ناشیرینەکانی ناو کۆمەڵگەن، کە وایکردووە زۆر جار پیاوان بە بەهێز نیشان بدرێن و ژنان بە لاواز، بەڵام کۆمەڵێك پیاوی زۆر رۆشنبیر و باش ئێستا لەگەڵ ژنان قۆڵی خۆیان هەڵماڵیوە و دەمانەوێت ئەو کۆمەڵگەیە زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین و ژنان بە سەرجەم مافەکانیان بگەن.
پێویستە ژنان چیتر قوربانی و سووتەمەنیی نەبن بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بەداخەوە زۆر جار ژنان تەنها وەکوو بابەتێکی سێکسی و کڕین و فرۆشتن سەیر دەکەن، بەڵام دەبێت ئێمەی ژنان بوونی خۆمان بسەلمێنین.

بە بۆچوونی تۆ هۆکاری زیادبوونی توندوتیژیی لەناو خێزانەکاندا بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
كوردۆ عومەر:
بەهۆی بوونی تەکنەلۆژیای تازە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هۆکارەکانی توندوتیژیی زۆر بوون. بوونی چەک لە زۆرێک لە ماڵەکاندا، رێژەیەکی زۆری کچان پێشوەخت شوو دەکەن، کە زۆر جاری وا هەیە بە ئەقڵ بیر ناکەنەوە، تەنها لە هەستەکانی خۆیانەوە بڕیار دەدەن، کە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە یەکێک دەناسن و هاوسەرگیریی دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری جیابوونەوەی خێزانەکان و تێکچوونی شیرازەی خێزان. نەبوونی دیالۆگ لەناو خێزانەکاندا، کێشەیە. سۆشیال میدیا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کێشەکان، ئەمانە وایان کردووە هۆکاری توندوتیژیی زۆر بووە، بەڵام دەکرێت بڵێین کوشتن و خۆسووتاندن کەمی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا سکاڵا ساڵ بە ساڵ زیاد دەکات، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئێستا خەڵک زیاتر پەنا دەبەنە بەر ئەوەی بە یاسا کێشەکان چارەسەر بکرێن. کرانەوەی کۆمەڵگە زۆرە. هەوڵ دەدەین لە رێگەی کەمپینەکانی خۆمانەوە خەڵک هۆشیار بکەینەوە.

لە قۆناغەکانی ژیانت و کارکردنت لە چی پەشیمانیت؟
كوردۆ عومەر:
لە هەموو قۆناغەکانی ژیانم لە هیچیان پەشیمان نیم. شانازیی بە هەموو قۆناغەکانی ژیانمەوە دەکەم، چونکە شتی تازە بووە و پێش من ژنی دیکە تاقی نەکردوونەتەوە، بۆیە یەکە بە یەکە شانازیی بەو قۆناغانەی ژیانمەوە دەکەم، چ لە کاری رێکخستن و لە کاری رێکخراوەیی و فەرمانگە، چ لە سەرەتای ژیانم کە دەستم بە کاری رێکخستن کردووە. لە هیچ کامیان پەشیمان نیم، هەریەکە بەجۆرێک توانیومە خزمەتی کۆمەڵگە و ژنان بکەم، بە جۆرێک توانیومە خزمەتی لاوان و هونەر بکەم.

(1) یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، هێزێکی بۆ سنووری کۆیە دروستکرد بە فەرماندەیی شەهید شەفیق زاهیر. ئەم هێزە دوای چەندین چالاکی و ترس خستنە دڵی بەعس و جاشەکان لە سنووری دەشتی کۆیە، لە 11ی ئابی 1979 رژێم بە هێزێکی زۆری زەمینی و ئاسمانیی هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ئەم قارەمانانە دەستپێکرد، دوای شەڕێکی قارەمانانە و بەرگرییەکی زۆر، بەداخەوە 19 پێشمەرگەی قارەمانی سنووری کۆیە شەهید بوون، لەناویاندا شەهید شەفیق زاهیری فەرماندەی قارەمانی تێدابوو.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز نەرمین عوسمان، لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.


Qaiwan
Qaiwan