تەندروستی

دەتەوێت ڤاكسینی ئەسترازێنیكا بەکاربهێنیت، ئەم زانیارییانەی لەبارەوە بخوێنەرەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


دەتەوێت ڤاكسینی ئەسترازێنیكا بەکاربهێنیت، ئەم زانیارییانەی لەبارەوە بخوێنەرەوە
مەودا میدیا-

دوای گەیشتنی ڤاكسینی ئەسترازێنیكا بۆ هەرێمی کوردستان هەندێک گومان لەسەر ئەم ڤاکسینە بڵاوکرایەوە و پسپۆڕێکی نەخۆشییەكانی هەناو و دڵ بەشێوازی پرسیار و وەڵاومە لەبارەی گومانەکانی هاوڵاتییانەوە دەدوێت.

دكتۆر زانا ئەحمەد پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو و دڵ وەڵامی چەندین پرسیاری لەسەر ڤاكسینی ئەسترازێنیكا دایەوە بۆ ئەو هاوڵاتییان دەیانەویت ئەم ڤاکسینە بەکاربهێنن.

دەقی وەڵامەکانی دكتۆر زانا ئەحمەد:
چەند رۆژێكە دەمەوێت ئەم نووسینە بڵاوبكەمەوە، بەڵام حەزم نەكرد تا خۆم بە فیعلی وەری دەگرم بڵاویبكەمەوە، جا دوای ئەوەی دوێنێ ڤاكسینەكەم لە خۆم دا، وا بە وەڵامەكانەوە لە خزمەتتاندام:

- ئایا ڤاكسینێكی باشە؟
زۆریش. ئێستا ناوەندە تەندروستییەكان وا پێناسەی باشترین ڤاكسینی كۆرۆنا دەكەن كە "ئەو ڤاكسینەیانە كە زووتر دەستت دەكەوێت"، بۆیە كە ئێستا ئەمەیان بەردەستە، باشترینە.

- وایە ئەمەریكییەكە باشترە؟
ئەمەریكییەكە-Pfizer هەندێك لەمە كاریگەرترە، بەڵام لەبەرئەوەی پێویستی بە بەفرگری تایبەت هەیە كە لە گەرمیی سالب ٨٠-٦٠ بێت، بۆ ئەم وڵاتانەی ئێمە زەحمەتە گەرەنتیی ئەوە بكرێت، بۆیە بۆ ئێمە، ئەمەیان باشترە.

- كێ دروستی كردووە؟
ئەسترازێنیكا كە یەكێكە لە باشترین كۆمپانیاكانی دەرمان، كە كۆمپانیایەكی بەریتانی- سوێدییە، بە هاوبەشی لەگەڵ زانكۆی ئۆكسفۆرد كە لە رابردوو و ئێستاشدا یەكێكە لە باشترین و بەناوبانگترین زانكۆكانی جیهان.

- ئایا راستە ئەوەی بۆ ئێرە هاتووە، ئێكسپایەری نزیكە؟
نەخێر، خۆی لە 4/1/2021 ەوە بەكار دەهێنرێت كە سێ مانگ دەكات.

- لە چی دروست كراوە؟
DNAی (ئەدینۆڤایرۆس) لەگەڵ RNAی پڕۆتینی دڕكەكانی سەر رووی كۆڕۆنا ڤایرۆس.

- ئایا رۆنی بەرازی تێدا بەكار هاتووە؟
كۆمپانیاكە وەڵامی پرسیاری دەستەیەكی فەتوای دایەوە "نەخێر هیچ شتێكی تێدا نییە بەپێی ئیسلام  رێگەپێدراو نەبێت"، بۆیە حەڵاڵە.

- ئەی ئەمە بۆ كۆڕۆناكەی پێشوو نەبوو؟ ئەی چۆن كاریگەریی بۆ جۆرە گۆڕاوەكە هەیە؟
جۆرە گۆڕاوەكە ئەوەندە گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە، بۆیە ئەم ڤاكسینە 90%؜ی ئەو كاریگەرییەی لەسەر ئەوەی پێشوو هەیبوو، لەسەر ئەم جۆرە گۆڕاوەش هەیەتی.

- ئایا منداڵ دەتوانێت وەری بگرێت؟
ئەوە لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، تا ئێستا تەنها ڕێنمایی كەسانی سەروو 18 ساڵ دەكرێت وەری بگرن.

- ئەی ژنانی دووگیان؟
نابێت وەری بگرن، تەنها ئەو ژنانەی كارمەندی تەندروستین.

- ئەی ئەو ژنانەی شیر دەدەنە منداڵ؟
دەتوانن وەری بگرن.

- چۆن وەردەگیرێ؟
لە رێی ماسوولكەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لەناوچەی سمت چەوری زۆرە و بۆیە ناتوانرێت گەرەنتیی ئەوە بكرێت بگاتە ناو ماسوولكە، لە ماسوولكەی شان دەدرێت.

- لە كام شان؟
جیاوازیی نییە، بەڵام لەبەرئەوەی ئازار لەو شانە دروست دەبێت، كام دەستەت بەكاردەهێنیت، داوا بكە لە لایەكەی ترت بدەن.

- جورعەی دووەم كەی وەردەگیرێت؟
8_12 هەفتە دواتر.

- ئەی ئەگەر هی دووەم وەرنەگیرێ؟
هیچ روونادا، جگە لەوەی ئەو بەرگرییەی دەخوازرێت، بەو ئاستە بەدەست ناهێنرێت.

- ئایا خوێن مەیین دروست دەكات؟
ئەوەندە كەمە كە هی باس كردن نییە! خوێن مەیین هەبووە لە خوێنهێنەری مێشك بە رێژەی ٢ لە ملیۆنی ئەوانەی وەریان گرتووە، بەڵام ئەو حاڵەتە لە باری ئاساییدا بە ڕێژەی ٥ لە ملیۆن روودەدات!

- ئەگەری مردن پێی هەیە؟
لە بەریتانیا رێژەی مردن 1 لە سێ ملیۆن كەسی ئەوانە بووە كە وەریان گرتووە، دیاریش نییە ڤاكسینەكە هۆكار بووە یان نا، بەڵام بیرت نەچێ رێژەی مردن بە كۆڕۆنا 3,5 لە سەدایە. واتە تووشی كۆڕۆنا ببیت، ئەگەری مردنت هەزاران قات زیاتره لەوەی بە ڤاكسینەكە بمریت!

- ئایا پێویست دەكات پێش ئەوە هیچ پشكنینێك بكرێت؟
نەخێر

- ئایا پێویست دەكات پێش و پاش ڤاكسین وەرگرتنەكە حەبی ئەسپرین و دەرزیی كلیكسان وەربگیرێ بۆ رێگری لە خوێن مەیین؟
نەخێر، زیانیان دەبێت و سوودیان نابێت.

- پێشتر تووشی كۆڕۆنا بووم و بەرگریم بۆ دروست بووە، بۆیە وەری ناگرم!
هەڵەیت، چونكە بەرگریی دژە كۆڕۆنا درێژخایەن نییە و رۆژبەڕۆژ دادەبەزێت.

- ئایا دەكرێت ئێستا وەری نەگرم، كەی تووش بووم ئینجا وەری بگرم؟
نەخێر، چونكە ڤاكسین رۆڵی هەیە لە رێگری نەك چارەسەری نەخۆشی. ئەسڵەن كە تووش بوویت، هەر نابێ وەری بگریت!

- تا چەند دوای تووش بوون بە كۆڕۆنا نابێت وەری بگریت؟
3 مانگ

- نیشانە لاوەكییەكانی چین؟
وەك تووش بوونی كۆڕۆنا وایە بە سووكی: لەرز و تا، ژانەسەر، ئێڵنج دان، بێهێزی، ئازاری ماسوولكە، ئەمە جگە لە ئازاری شوێنی دەرزی لێدانەكە. بەڵام بە شێوەیەكی گشتی 1_2 رۆژ تێپەڕ ناكات.

- ئایا كەسێك ڤاكسین وەربگرێت، ئیتر مانای وایە تووش نابێت؟
نەخێر، كاریگەریی ئەم ڤاكسینە لە رێگری كردن لە كۆڕۆنا 63%؜یە.

ئایا كەسێك خۆی بكوتێت، ئەگەری ئەوە دەمێنێتەوە ڤایرۆسەكە لە كەسێكەوە بۆ كەسێك بگوازێتەوە؟
بەڵێ، بەڵام زۆر كەم.

- ئایا رۆژوو دەشكێنێت؟
زانایانی ئاینیی ئیسلام هاوڕان لەسەر ئەوەی هەر چارەسەرێك خۆراك بە جەستە نەدات، رۆژوو ناشكێنێت، بەو پێیەش ئەم ڤاكسینە رۆژوو ناشكێنێت.

- ڤاكسینەكە لە ماوەی چەنددا بەرگری دروست دەكات؟
1_4 هەفتە، بۆیە نابێت تا مانگێك دوای، خەمساردی بكرێت لە خۆپارێزی.

- ئایا ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە دەتوانن وەری بگرن؟
ئەی چۆن؟! بەتایبەت ئەوان دەبێت وەری بگرن.

- ئایا پێویستە راوێژ بە پزیشك بكرێت؟
نەخێر، بەڵام وەڵامەكە بەڵێیە بۆ ئەوانەی ئەم حاڵەتانەیان هەبووە یان هەیە: تالاسیمیا و نەخۆشییەكانی دیكەی خوێن، شێرپەنجە، قەڵەویی زۆر، خوێن مەیین لە خوێنهێنەرەكانی قاچەكان.

- با جارێك چاوەڕێ بكەم بزانم چی روودەدات؟
چاوەڕێ بكەیت رەنگە بەرت نەكەوێتەوە، چونكە ئەوەی تائێستا دابین كراوە بەشی 1%؜ی دانیشتووانی هەرێم ناكات، جا با 10 ئەوەندەی تر دابین بكرێت، خۆشت دەزانیت، هەر ئەوەندە خەڵكی ئێمە رووی لە شتێك كرد!

- ئایا ئەم ڤاكسینە بەرگریی هەتاهەتایە دەبەخشێت؟
نەخێر، ئامانجی كۆمپانیاكە بەرگرییەكی 6 مانگەیە.

ک. ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن