چاوپێكەوتن

ئیتیحاد هادی: هیلال ناجی چەندین شیعری بۆ مام جەلال نووسیوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئیتیحاد هادی: هیلال ناجی چەندین شیعری بۆ مام جەلال نووسیوە
مەودا میدیا-

خاتوو ئیتیحاد، ژنێکی رۆحسووکی دەم بەخەندە و دۆستی کوردە، هاوسەر و هاوکاری شاعیر و نووسەری گەورەی عیراقی (هیلال ناجی)، کە بەهۆی سەلیقە و هاوکاریی ئەمەوە توانی چەندین بەرهەمی بەنرخی ئەدەبی و زانستی و یاسایی پێشکەش بە گەلی عیراق بکات... ئەم خاتوونە، وەک لە چاوپێکەوتنەکەماندا باسی دەکات، توانیویەتی کەشێکی وا فەراهەم بکات کە لە سایەیدا هیلال ناجی بتوانێ پەرە بە نووسین و توێژینەوە و بەرهەمەکانی بدات.
ئیتیحاد هادی فەرحان، لە 15ی کانوونی یەکەمی 1962 لە شاری حللە لە خێزانێکی ناودار لەدایکبووە، سێ خوشک و چوار برای هەیە، قۆناغەکانی خوێندن و پەیمانگای بەڕێوەبردنی هەر لە حللە تەواو کردووە.



چۆن هیلال ناجیت ناسی و هاوسەرگیریتان کرد؟
من لە خێزانێک بووم کە دایکیشم و باوکیشم سەرۆک هۆز بوون و خاوەن زەوییەکی زۆری کشتوکاڵی بووین. کێشەی زەویوزار کەوتە نێوان دایکم و هەندێ لە کەسوکاری لەسەر زەوییەکان، پاش هەوڵێکی زۆر و چەندین دانیشتنی دادگا کە نەگەیشتنە ئەنجام، ئامۆژگارییان کردین پەنابەرینە بەر پارێزەرێکی لێهاتوو و پێشنیازی (هیلال ناجی)یان بۆ کردین، وتیان خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێزە و یارمەتی مافخوراوان دەدات و زۆر دادپەروەرە و لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسایە، ئەمەش بوو بەهۆی دروستبوونی هاتوچۆ و سەردانی ماڵی ئێمەی دەکرد.
لەو کاتانەدا منی بینیبوو، لە باوکم داوای کردبووم. سەرەتا بەهۆی جیاوازیی تەمەنەوە کە (34) ساڵ لە من گەورەتر بوو و هەروەها  نەناسینی لە نزیکەوە، رەزامەند نەبووم، بەڵام دوای ئەوەی لە نزیکەوە چەند جارێک بینیم و توانا و لێهاتووییم زانی، ئەو جیاوازییەم لا نەما و لە مانگی ئازاری 1993 هاوسەرگیریمان کرد. لەو رۆژەوە هەرچی هەستی جوانی (هاوسەر و باوک و برا و هاوڕێ) هەیە پێی بەخشیووین و ئەو جیاوازی تەمەنەی نەهێشت و کەسێکی رۆمانسی و قەدرگران بوو، رێزی تایبەتی دابوو پێم.

چەند منداڵتان هەیە؟
خاوەنی دوو کوڕم بەناوی عەلی و ناجی.
دەمەوێ ئاماژە بەوەش بکەم، کە هیلال ناجی سوننە مەزهەبە و منیش شیعەم، بەڵام هەرگیز  ئەوە نەبووەتە کێشە، تەنانەت باسیشمان نەکردووە.

ئەو کاتەی هاوسەرگیریتان کرد ئەوە نەبووە گرفت و رێگر بۆتان؟
ئەوسا ئەو جۆرە جیاوازییانە لەئارادا نەبوو.

هیچ کارێکت کردووە لەناو حکومەت یان کاری سەربەخۆ؟
نەخێر، کاتێ لە ماڵی باوکم بووم، باوکم رای وابوو کە کارکردن لەناو دامودەزگای میریی بێسوودە، ئەوسا مووچە زۆر کەم بوو، بەشی هاتوچۆی نەدەکرد. دواتریش کە هاوسەرگیریم کرد، بەهۆی کاری زۆر و سەرقاڵیم لە ماڵ و نووسینەکان و کۆڕ و کۆبوونەوە ئەدەبی و رۆشنبیرییەکانی هیلال، نەپرژامە سەر کار و بەهەندم وەرنەگرت. لە لە لایەک دەبوایە ژینگەیەکی هێمن و ئارام بۆ هیلال فەراهەم بکەم بۆ ئەوەی بتوانێ بنووسێ، هەروەها لە ماڵەوە یان لە باخەکەمان کۆڕی ئەدەبیم بۆ ساز دەکرد، زۆربەی کات چەندین کاژێری دەخایاند. کە لە باخ دەبووین، پێیان دەوت ئاهەنگی ئەدەبی و رۆشنبیری، لە ماڵەوەش کۆڕی ئەدەبی. لە کۆڕ و کۆبوونەوەی باخدا تەنها پیاوان بوون و من نەمدەتوانی بەشداربم، بەڵام لە ماڵەوە چەند ژنێک بەشدار دەبوون و ئەوسا منیش لەگەڵیان دادەنیشتم و بەشدار دەبووم.
لەو کاتانەش کە سەرقاڵی نووسین دەبوو، یان لێکۆڵینەوە و توێژینەوە، داوای لێ دەکردم سەرچاوەکانی بۆ ئامادە بکەم، کە ئەوە کارێکی ئاسان نەبوو، چونکە کتێبخانەی ماڵەکەمان (120) هەزار کتێبی تیابوو، دەبوایە زوو زووش لەبەردەمیدا ئامادەبوایە، خۆشی شوێنی سەرچاوەکانی دەزانی.
هەروەها فێری چۆنیەتی ئامادەکردنی ئەو لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و پەرەگرافانەی کردبووم کە بەتایبەتی بۆ دەزگای (البابا گین)ی کوەیتی دەنارد لەسەر داوای خۆیان.
لە لایەکی تر، بەردەوام خەریکی ناردنی پۆستەکانی بووم، زۆربەی جاریش پێویستی بە دوورینی کیسەی تایبەت هەبوو کە خۆم بۆم ئامادە دەکرد و پۆستە قورسەکانیم دەبردە پۆستە و رەوانەی دەرەوەی عیراقم دەکردن.
رێکخستن و راگرتنی کتێبخانەکەی بەو ژمارە زۆرەوە، کاری زۆری دەویست کە بە گەورەترین کتێبخانەی کەسایەتی لە سەرتاسەری وڵاتە عەرەبییەکان ئەژمار دەکرا.
هەروەها لە کاتی تەواوکردنی کتێبەکان، زۆر جار بەشداریم دەکرد بۆ هەڵبژاردنی ناونیشانی کتێبەکان.
هیلال ناجی خاوەنی (200) کتێبی چاپکراوە، چەند کتێبێکیشی تەواو نەکردووە. هەروەها خاوەنی نۆ دیوانی شیعرە.

وتت چەند کتێبێکی تەواو نەکردووە، لەدوای مردنی، هیچ کتێب و نووسینێکتان بۆ چاپ کردووە؟
بەڵێ، لەدوای مردنی حەوت کتێبیمان ناردووەتە چاپخانە و تەواویش بوون.

دەتوانی هەندێک باسی هیلال ناجیم بۆ بکەی لە روانگەی خۆتەوە؟
ئەوە من نیم تەنها باسی هیلال ناجی بکەم، بەڵکو نووسینەکانی و تواناکانی و خوێندکار و دادگاکان شایەتحاڵی ئەو پیاوەن. هیلال ناجی، (عەلامە) زانایەکی هەڵکەوتووی عیراقییە و لە سەرتاسەری وڵاتە عەرەبییەکان ئەو نازناوەی پێ بەخشراوە. خوێندەوارێکی نموونەیی بیرتیژ بوو. لە رووی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندی ئێجگار زۆری هەبوو، سادە و رەوانبێژ و خاوەن بۆچوونی تایبەتی خۆی بوو، لەژێر هیچ فشارێک راوبۆچوونی خۆی نەدەگۆڕی، تووشی دەیان دەردەسەری و دەربەدەری بووە بەهۆی بۆچوونەکانی.
کتێبەکانی لە رووی زانست و توێژینەوە و لێکۆڵینەوەوە، بایەخێکی زۆر مەزنیان هەیە، چەندین کتێبی لە زانکۆکانی عیراق وەک مەنهەج و هەندێکیش وەک سەرچاوە دەخوێندرێن.

ئەو نەهامەتییانە چین کە بەهۆی سیاسەتەوە تووشی بووە؟
هیلال ناجی کەسێکی نەتەوەیی بوو، نزیک بوو لە جەمال عەبدولناسر، واتا دەتوانم بڵێم (ناسری) بوو. لە ساڵی 1960 دادگای مەهداوی حوکمی غیابیی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاند و هەرچۆنێکبووە خۆی گەیاندووەتە قاهیرە و لەوێ جەمال عەبدولناسر پێشوازی و باوەشی بۆ کردووەتەوە. هەر لەو کاتانەش بووە جارێکی تر مام جەلالی لە قاهیرە بینیوەتەوە کە پێشتر لە ساڵەکانی پەنجاکان یەکتریان ناسیوە، هەروەها هەر لەوێش د.فوئاد مەعسومی ناسیوە و پەیوەندییان پەیدا کردووە.
ئەو کاتانە لە ئێستگەی قاهیرە دوو کاژێری دەدەنێ بۆ ئەوەی بەرنامەکانی خۆی تیا تۆمار بکات، لەو دوو کاژێرە یەکێکیان دەدات بە مام جەلال بۆ ئەوەی ئەوانیش بۆچوونەکان و بەرنامەکانی خۆیان لەو کاژێرەدا پەخش بکەن.
دوای ئەو کودەتایەی بەسەر عەبدولکەریم قاسمدا کرا، چووە سلکی دیپلۆماسی و لە تونس، ئیسپانیا، ئێران، باڵیۆز بووە.
لە ساڵی 1968ەوە ئیتر کەوتە ژێر چاودێریی رژێمی بەعس و تەنانەت کەسە نزیکەکانی خۆیان کردبووە سیخوڕ بەسەریەوە. ئیتر وازی لە کاری دیپلۆماسی و سیاسی هێنا و هەموو کاتەکانی بۆ نووسین و پارێزەریی تەرخان کردبوو. هەرچەندە سەدام چەندین جار ناردبووی بەدوایدا بۆ ئەوەی کاریان لەگەڵدا بکات، بەڵام نەیکردووە و بیانووی نووسینی هێناوەتەوە.

دەزانم پەیوەندی لەگەڵ بەڕێز مام جەلال زۆر پتەو بووە، مامیش زۆر رێزی تایبەتی بۆی هەبوو، دەمەوێت باسی ئەو پەیوەندییەم بۆ بکەیت؟
وەک باسم کرد، هیلال لە ساڵەکانی پەنجاکانەوە مام جەلالی ناسیوە، ئەو کاتەی لە قاهیرەش بوون پەیوەندییان زۆر پتەوتر بووە. مام جەلال لە چەندین کۆڕ و نووسین ئاماژەی بە بۆچوونەکانی هیلال ناجی کردووە، بۆ نموونە؛ مام جەلال لە کتێبەکەی (الحوار جاد مع السید صبحی عبدالحمید ورفاقه – جلال گالبانی) باسی هەڵوێستی هیلال ناجی دەکات کە چۆن داکۆکی لە مافی نەتەوایەتی کورد کردووە وەک کەسایەتییەکی گرنگی عەرەبی دۆستی کورد پێناسەی کردووە. لە کتێبخانەکەی ماڵەوەمان تەنها وێنەی مام جەلال و جەمال عەبدولناسری دانابوو، چەندین شیعری بۆ مام جەلال نووسیوە، لەوانە: شیعری (تأمل یاحبیب الشعب – سەرنج بدە ئەی خۆشەویستی گەل)، (ورتل سیدی سورە الحمد – بخوێنەرەوە گەورەم سوورەتی ئەلحەمد).
دوای ئەوەی کە ماڵەکەمان لە بەغدا تاڵان کرا و هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردین لە دوای رووخانی رژێمی سەدام، پەنامان هێنا بۆ لای مام جەلال و باوەشی بۆ کردینەوە، نەیهێشت بگەڕێینەوە بۆ بەغدا و لێرە چاویان لێمان بوو. لە کاتی نەخۆشکەوتنیشی، مام جەلال هەموو تێچوو و کارئاسانییەکی بۆ کردین و لە دوای کۆچی دواییشی، لەسەر وەسیەتی هیلال؛ تەرمەکەیمان لە هیندستانەوە بە هەموو کارئاسانییەکی مام جەلال و دەوروبەری هێنامانەوە بۆ سلێمانی و لە گۆڕستانی سەیوان سلێمانی بەخاکمان سپارد هەرچەندە منداڵەکانی دەیانویست لە بەغدا بنێژرێت.

وتت لە دوای رووخانی رژێمی سەدام هاتنە سەرتان و ماڵەکەیان تاڵان کردن، ئەو رووداوە چۆن بوو؟
شەوێکیان بەناوی سوپایەکەوە هاتنە سەرمان و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردین و منیش بۆ رزگارکردنی گیانی خۆمان، هەرچی ئاڵتون و پارەمان هەبوو خستمە بەردەستیان. ئیتر ئەوانە و دوو ئۆتۆمبێلیشمان هەبوو هەموویان برد و هیچمان نەما. ئەو کاتە دز و جەردە زۆر بووبوون، هەر جارە بەناوێکەوە دەچوونە سەر خەڵک، هەر بۆیە دوای هەڕەشەکانیان هاتینە سلێمانی و لێرە نیشتەجێبووین.

ئاگادارم کە ئێوە خاوەنی کتێبخانەیەکی گەورە و کتێبێکی زۆر بوون، لە کاتی هاتنیان بۆ سلێمانی چیتان لێکردن؟
کە هاتینە سلێمانی بە سێ بارهەڵگر هاتین، دوو بارهەڵگر کتێبمان پێبوو، کە زیاتر لە (120) هەزار کتێب بوون. هیلال وای بەپەسەند دەزانی ئەو کتێبانە لە سلێمانی بن و خەڵک و خوێندکاری کورد و عیراق سوودیان لێ ببینن، کە هەموویان کتێبی گرانبەها و زانستی بوون.
پاش کۆچی دوایی هیلال ناجی، کتێبەکانمان دابەشکرد و هەندێکمان بەخشییە زانکۆ ئەمریکی و هەندێکیش بۆ بنکەی ژین، ناشزانم تا چەند سوودبەخش بووە لێرە. خەمی هیلال ئەوەبوو خوێندکار سوودی لێ ببینن.
 هەر بۆ زانیاریشتان، لە سعودیەوە دوو ملیۆن دۆلاریان دەدا پێمان لە بەرانبەر ئەو کتێبخانەیە ئەگەر پێمان بفرۆشتنایە، بەڵام هیلال رەتیکردەوە، وتی "ناینێرمە دەرەوەی وڵات و دەبێ لە کوردستان و بەتایبەتیش لە سلێمانی بمێننەوە".

بیستوومە د.هیلال ناجی نامەیەکی بۆ سەدام حسێن ناردووە لە ساڵی 1974 لەسەر شەڕی نێوان رژێم و بزووتنەوەی کورد، دەتوانی باسی ئەو نامەیەم بۆ بکەیت؟
بەڵێ، ساڵی 1974 نامەیەک و شیعرێکی بۆ سەدام حسێن ناردبوو، تیایدا ئەو شەڕەی لەنێوان رژێمی بەعس و کورد روویدابوو؛ ئیدانەی کردبوو و دژی وەستابوو، بەناوی (القتیلان شقیقان) و شیعرەکەشی هەر بەو ناوە بوو (هەردوو کوژراوەکە برای یەکترن). بەهۆی ئەو نامەیەوە، لە ماڵەوە دەستبەسەر کرا و نەیاندەهێشت هیچ جۆرە چالاکییەک بکات و بۆی نەبوو گەشتی دەرەوەی وڵاتیش بکات.

هیچ شیعر و نووسینێکی تری هەیە دەربارەی پرسی کورد؟
بەڵێ، شیعرێکی هەیە لە ساڵی 1962 لە قاهیرە نووسیویەتی کە ئەوسا ئاوارەی ئەوێ بوو، بەناوی (یا أخی الكردی)، تیایدا ستایشی گەلی کورد دەکات. شیعرێکی تریشی هەیە بەناوی (میوان) بۆ کچێکە لە هەڵەبجە بە گازی کیمیاوی شەهید بووە. هەروەها کتێبێکی نووسیوە دەربارەی (من اعلام علما‌و کردستان فی القرن العشرین) و باسی چەندین زانا و نووسەری ناوداری کوردی کردووە. هەر بۆ زانیاریشتان، هیلال ناجی نەنکی کورد بوو.

هۆکار چییە لەو کاتەی کە تۆ هاوسەری بوویت زۆرترین بەرهەمی نووسین و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی هەبوو؟
بەڵێ وابوو، هۆکارەکەش وەک باسمکرد؛ بەهۆی ئەوەی دەمزانی چۆن ئەو کەشەی بۆ رێکبخەم کە بتوانێ بنووسێ و هەموو ئامادەکارییەکی بۆ ئەنجام بدەم. زۆر جار پێی دەوتم "بوونی تۆ لە ژیانمدا مایەی بەختەوەریمە".
دەمەوێت بڵێم نەک تەنها لە نووسیندا، بەڵکو لە کارەکەشیدا وەک پارێزەر، تەنانەت لە ماڵەوە ژوورێکمان تەرخان کردبوو تا بتوانێ خاوەن دۆسییەکان ببینێ. زۆربەی کاتەکانیم بۆ رێکدەخست و بیرم دەخستەوە. ئەوەندە سەرقاڵی نووسین بوو هەندێ جار لەنیوە شەو دەچووە ژووری نووسینەکەی و دەیوت: "شتێکم بیرکەوتەوە دەبێ بینووسم".

ئەو هەموو سەرقاڵییەی ناجی دڵگرانی نەدەکردی؟
نا بەپێچەوانەوە، رێزم لە نووسین و تواناکانی دەگرت و دەمزانی ئەو پیاوێک نییە تەنها بۆ ئێمەبێ، بەڵکو دەبێ ئەو توانایانەی کە هەیەتی بیبەخشێ بە هەموو لایەک. واش رێککەوتبووین لە هەفتەیەکدا یەک رۆژی بۆ ئێمە تەرخان بکات لەبەر منداڵەکانی. واشیکردبوو، ئەو رۆژە بەخۆشی بەیەکەوە و بە چالاکیی خێزانیی دەمانبردەسەر.

جیاوازی تەمەن نەبووە کێشە و گرفت لەنێوانتان؟
نەخێر، نە من رۆژێک ئەوەم نیشانداوە و ئەویش ئەوەندە میهرەبان و بەخشندە بوو؛ لە رووی رۆحییەوە بیرم لەو جیاوازییە نەکردبووەوە. هەندێک جار تووشی رووداوێک دەبووین لەلایەن کەسانێک کە ئێمەیان نەدەناسی و دەیانووت باوکت، هەرگیز نەمدەهێشت بەر گوێی بکەوێ یان وا هەست بکات بەهەند وەرمگرتووە. من زۆرم خۆشدەویست و خۆشەویستی بووبووە بنەمای پەیوەندیمان و پتەوی کردبوو.

لە کۆتاییدا دەمەوێت سوپاس و پێزانینم بۆ خاتوو نەزیرە حارس دەربڕم، کە ئەم چاوپێکەوتنەی بۆ رێکخستین و دانیشتنەکانمان بەیەکەوە ئەنجام دا، بەهۆی پەیوەندی دۆستانەی نێوان ئەو و هیلال ناجی و هاوسەرەکەی، کە چەندین رووداو و بەسەرهاتی وەبیرهێنایەوە کە کاتی خۆی هیلال ناجی بۆی باسکردبوو.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز نەرمین عوسمان، لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژن لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

خ.غ


Qaiwan
Qaiwan