چاوپێكەوتن

ئەو ئایینەی لە خوێندنەوەی دەقەکانەوە وەرگیراوە مۆرکێکی عەرەبی پێوە دیارە و نکوڵی لێناکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


 ئەو ئایینەی لە خوێندنەوەی دەقەکانەوە وەرگیراوە مۆرکێکی عەرەبی پێوە دیارە و نکوڵی لێناکرێت
مەودا میدیا-

پرۆسەی ریفۆرمی ئایینی یەكێك لەو بابەتە گرنگانەی ماوەیەكی زۆرە قسەی لەسەر دەكرێت، هەم لایەنگیر و هەم دژیشی هەن، لەگەڵ ئەوەشدا قسەكردن لەسەر ئەو پرۆسە گرنگە نەوەستاوە و لە چەندین لاوە قسەی لەسەر دەكرێت.

بەرنامەی (دوان) لە ماڵپەڕی مەودا میدیا و لە زنجیرەی یەكەمیدا میوانداری ئیبراهیم میكە عەلی، توێژرەی هزری ئیسلامی كرد و گفتوگۆكە تایبەت بوو بە قسەكردن لەسەر ریفۆرمی ئایینی.

لەو پرسیارەوە دەستپێدەکەین کەوا ئایین وەکو پێداویستییەکی رۆحی و ژیاری و بەتایبەتی ئایینی ئیسلام کە مێژوویەکی زیاتر لە هەزار ساڵەی هەیە، ئەم ئایینە وا باس دەکرێت کە پێویستی بە نوێكردنەوە و ریفۆرمکردن هەیە، بەڕێزت لەم بارەیەوە چی تێبینییەکت هەیە؟ ئایا پێتوایە ئایین پێویستی بە ریفۆرم هەیە؟
ئیبراهیم میكە عەلی:
بەناوی خوا، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، هیوادارم شتێک بڵێین کە سوودی هەبێت، سەبارەت بە ریفۆرمی ئایینی، دەمەوێت تیشک بخەمەسەر بڕگەیەک لە پرسیارەکەی بەڕێزت ئەویش وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە باوەیە کە ئایا ئەم ئایینە دەتوانێت وەڵامی پەیڕەو و شوێنکەوتوانی بداتەوە؟ ئایا دەتوانێت وەڵامی هەموو مرۆڤایەتی بداتەوە؟ بەتایبەتی لە کاتێکدا کەوا پێناسە دەکرێت بەوەی رەحمەتێکە بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
بەگشتی دەتوانین بڵێین دەقە قورئانییەکان دەتوانرێت بەردەوام خوێندنەوەی نوێیان بۆ بکرێت و وەڵامی نوێیان لێ وەربگیردرێتەوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەوەی لەناو خەڵکدا باوە و ئاڵوگۆڕ دەکرێت بریتییە لەو خوێندنەوە و تێڕوانینەی کە 1400 ساڵ پێش ئێستا بۆ دەقەکان کراوە، نەتوانراوە ئەو خوێندنەوەیە تێپەڕێندرێت و بەپێی سەردەمە جیاوازەکان وەڵامی پرسیارەکانی پێ بدرێتەوە و بەپێی رۆشنبیری و گەشەی مرۆڤایەتی خوێندنەوەی نوێیان بۆ بکرێت.
جیاوازیی قورئان و پەیامە ئاسمانییەکانی تری وەکو ئینجیل و تەورات و زەبوور و هەر پەڕاوێکی تر ئەوەیە؛ ئەوان پەڕاو و پەیامی قۆناغێک بوون، بەڵام قورئان بەتایبەتی بەشی "پەیامە بنەڕەتییەکەی" پەیامێکە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، بۆ نموونە ئەو ئایەتانەی داکۆکی لە ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ و دادگەری دەکەن، داکۆکی لە یەکسانی لە ماف و ئەرکدا دەکەن، ئەمانە وەکو خۆیان دەمێننەوە و دەکرێت لە هەر سەردەمێکدا خوێندنەوەی نوێیان بۆ بکرێت، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە ئێستا رێگە نادرێت ئەو خوێندنەوەیەی بکرێت.

شەریعەت وەکو باوە دابەشکراوە بۆ سێ بەشی عەقیدە، ئەخلاقیات و بابەتە فقهییەکان، ئەوانیش دابەشی گۆڕاو و نەگۆڕاوەکان كراون، کەواتە پێنج بەشن، ئایا کورتکردنەوەی پرۆسەی ریفۆرم لە تەنها یەک بەشدا کە دەکرێت گۆڕانکاری تێدا بکرێت، ئەمە نابێتە بچووککردنەوەی ریفۆرم و خۆلادان لە ریفۆرمی گشتگیر؟
ئیبراهیم میكە عەلی:
ئاخر خۆ ناکرێت بە کونفەیەکونێک ریفۆرمی گشتگیر لە ئایینێکی هەزار ساڵە بکرێت، بەڵکو دەبێت بڕگە بە بڕگە ئەو پرۆسەیە بەڕێوەبچێت، من پێموایە دەبێت سەرەتا لە پرسی بیرکردنەوەوە دەستپێبکرێت، واتە بیرکردنەوە ئازاد بکرێت، وەکو محەمەد شەحرور دەڵێت "تکایە خەڵکینە بیر بکەنەوە"، بەتایبەتی لە خوێندنەوەی دەقەکانی قورئاندا دەبێت بیر ئازاد بێت، چونکە ئەگەر هەر لە چوارچێوەی بیرە کۆنەکەدا بیربکەینەوە، ئەوا دەچینە قاوغی بیرە کۆنەکەوە، کە ئەو بیرە کۆنەش بۆ ئەم سەردەمە نەگونجاوە، لێرەدا ئەگەر بمانەوێت دامەزراوەیەک بێت و دەست بە ریفۆرمێکی گشتگیر لە ئاییندا بکات، ئەوە کارێکی ئەستەمە و پەسندکردنی سەختە، بەڵام ئەگەر لە بابەتی بیرکردنەوەوە دەستپێبکرێت، ئەوا پرۆسەکە بەزوویی دەکەوێتە سەر رێڕەوی خۆی و ئەنجامی باشتری دەبێت، بەڵام ئەگەر بووترێت کە دەبێت هەر لە فلتەری سەلەف و فڵانە ئیمان و مەزهەبەوە بیربکەیتەوە، ئەوە دانانی کۆتە بۆ بیرکردنەوە و دژی ئازادیی بیرکردنەوەیە.

مامۆستا فەرموودەیەکی پێغەمبەر هەیە کە دەفەرمووێت هەر 100 ساڵ جارێک نوێگەرێکی ئایین دێت و ریفۆردم ئەنجامدەدات، ئایا ئەم فەرموودەیە بەڵگەی ئەوە نییە کە مرۆڤ دەتوانێت خوێندنەوەی جیاواز بۆ دەقەکان بکات؟
ئیبراهیم میكە عەلی:
دەقیق ئەوە راستییەکەیە، ئەوە دەقێکە کە لەناو کەلەپوری ئیسلامییدا جێگەی سەرنجە و هاندەرە بۆ ئەوەی بەردەوام رێڕەوی نوێگەری لە گەشە و نومادا بێت، بەڵام بەداخەوە ئەو دەقە دەقێکی مردووە، چونکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگەر کەسێکیش هاتبێت کە ویستبێتی نوێگەری بکات، ئەمانە زیاتر مۆرکێکی سیاسییان وەرگرتووە، بۆ نموونە حەسەن بەننا کە بە نوێگەری سەردەم دادەنرێت، مەبەست لەوەیە لە رووی سیاسییەوە ئایینی هێناوەتەوە ناو کۆمەڵگە، بەڵام لە رووی هزرییەوە، کەسێکی وەکو جەمالەدینی ئەفغانی رۆڵی بینیوە و سەعید نورەسی بە هەمان شێوە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو پێناسەیەی بۆ دەکرێت.
ئەگەر مەسیرەی نوێگەری دەوڵەمەند بووایە بە دەیان کەسی لەو شێوەیە ئەوا ئەنجامێکی تری دەبوو، بەڵام بەداخەوە کە دەبینین کاریگەرییەکە زیاتر نەرێنییە، بۆ نموونە کەسێکی وەکو ئیبن روشد دووردەخرێتەوە لە کار و زیندانی دەکرێت و کتێبەکانی دەسوتێنرێن، دەیانی تری وەکو سوهرەوەردی و حەلاج و چەندی تر، ئەگەر قسەیانکردبێت رێگەیان لێ دەگیرا، حەلاج قسەیەکی باوی هەیە دەڵێت "ئەوەندە رقیان لە خودا بوو کە من وتم خودام ویستیان بمکوژن".

بنەمایەکی تری فقهی هەیە کە دەڵیت حوکمەکان دەگۆڕدرێن بەگوێرەی گۆڕانی كات و شوێن، ئایا دەکرێت سوود لەم دەقەش وەربگرین بۆ خوێندنەوەی نوێ بۆ ئایین؟
ئیبراهیم میكە عەلی:
ئێمە گرفتمان لە نەبوونی دەق و بنەما و رێسادا نییە، بۆ نموونە ئەو دەقەی بەڕێزت باستکرد و دەیان دەقی تری ئایینی هەن کە هانی مرۆڤ دەدەن بەردەوام لە بیرکردنەوە و گۆڕانکارییدا بێت، حوکمێک لە شوێنێک جێبەجێ دەکرێت و لە شوێنێکی تر ناکرێت، بۆ نموونە عومەری کوڕی خەتاب، چەندین  داهێنانی لەو بوارەدا ئەنجامداوە، بۆ نموونە شێوەی ئەنجامدانی نوێژی تەراویحی گۆڕی، حوکمی بە هەندێک ئایەت راگرت، مێژووی هیجری داهێنا و زەوییەکانی عیراقی دابەشنەکرد و رێنمایی بۆ سوپای سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس دەرکرد کە بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ فارسەکان بکەن وەکو ئەوەی ئەهلی کیتاب بن.
دەقەکانی قورئان لە سەدان شوێندا داوای بیرکردنەوە و بەکارهێنانی ژیری و وردبوونەوە و تێڕامان دەکەن، بەڵام ئێمە گرفتمان لە جێبەجێکردنی دەقەکانە، ئایا ئێمە وەکو پێویست لە ژیان رادەمێنین؟ ژیریمان دەخەینە گەڕ؟ نەخێر...
ئێستا ئەگەر بڕۆیت لە ناوەندێکی ئایینیدا قسەیەک بکەیت و قسەکە پشت ئەستوور نەبێت بە بۆچوونی یەکێک لە زاناکان، ئەگەر قسەکەش راستبێت و سەرچاوەکەشی لە قورئانەوە هاتبێت ئەوا کەس گوێی لیناگرێت، بەڵام لەولاوە بابایەکی تر دێت و دەڵێت "عولەما وا دەفەرموون"، هەمووانیش بەقسەی دەکەن، ئاخر من دەڵێم خودا وا دەفەرمووێت، بەڵام گوێ ناگیردرێت..
بۆ نموونە لەم ماوەیەدا گفتوگۆیەک دروستبوو، باس لەوە دەکرا کە سێ پێوەر هەن بۆ ئەوەی کەسێک بچێتە بەهەشت، بەپێی ئایەتێکی قورئان سێ پێوەرن، ئەوانیش: ئیمانی بە خودا هەبێت، کردەوەی چاکە بکات و ئیمانی بە رۆژی دوایی هەبێت.
ئێمە پێشتر زۆر ئەم قسەیەمان کردووە، بەڵام ئەگەر عەرەبێک ئەم قسەیە بکات کاردانەوەی زیاتر دەبێت، تارق سەودان ئەم ئایەتەی هێناوە و بە سێ خاڵ لێکدانەوەی بۆ کردووە و وتویەتی ئەم سێ بنەمایە سێ بنەمان کە پاداشتی رۆژی دواییان لەسەرە، منیش ئەوەم هێنایە بەر باس و وتم دکتۆر تارق لەو لێکدانەوەیەی پەشیمان بووەتەوە، وتم ئەگەر پەشیمان بووەتەوە، خۆ قسەی خۆی نەنووسیوە، قسەی خودایە، مومکینیش نییە خودا لە ئایەت پەشیمان بێتەوە، بینیم کە رەتکردنەوەی ئایەتەکە زۆرترە تا رەتکردنەوەی بۆچوونی زاناکە، چونکە دەڵین ئەوە پشتبەسەتە بە قسەی زاناکان.

سەبارەت بە پێداویستی نوێبوونەوە و ریفۆرم لە بڕگە و بەشێک لەو حوکم و یاسایانەیە کە پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، هەندێک لەو کەسایەتییە ئیسلامیانەی کە بە کۆنپارێز ناودەبرێن، ریفۆرم یەکسان دەکەن بە هەڵگەڕانەوە لە ئەسڵی ئایین و قورئان و بنەما شەرعییەکان، ئایا ئەمە چۆنە و ئەم تۆمەتبارکردنە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئایا بە راستی نوێبوونەوە هەڵگەڕانەوەیە لە ئایین؟
ئیبراهیم میكە عەلی:
نەخێر، نوێبوونەوە خوێندنەوەیەکی عەقڵانیانەیە بۆ ئایین، ئایین خۆی داوای بیرکردنەوە و بەکارهێنانی عەقڵمان لێدەکات، ئەوەی ئەوان ناوی دەنێن هەڵگەڕانەوە راستە، بەڵام هەڵگەڕانەوە لە کام ئایین؟ بێگومان هەڵگەڕانەوەیە لەو ئایینەی کە بەناوی خوداوە سەپێنراوە بەسەر کۆمەڵگەدا.
من ئەمە وەکو هیچ کەمکردنەوەیەک ناڵێم، بەڵام ئەوەی زانا کۆنەکان کردوویانە یەکەم خوێندنەوەیە بۆ قورئان و ئەوەش لە فەراغ و نەبوونی یاسادا بووە، ئەوان خوێندنەوەیەکیان کرد کە جێگەی یاساکانیش بگرێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوە بوو بە مۆرکی هەتاهەتایی و تا دنیا دنیایە مرۆڤایەتی چوارچێوەدار کرا لە بەکارهێنانی ئەو بیرکردنەوەیەی ئەواندا، لە ئەنجامدا دەبێت بڵێین، خوێندنەوە و بیرکردنەوە لە ئایین، خودی ئەو شتەیە کە ئایین داوای دەکات نەک هەڵگەڕانەوە لێی.

مامۆستا، باس لەوە دەکرێت کە ئەو کەسانەی دەتوانن و رێگەیان پێدەدرێت پرۆسەی نوێکردنەوە لە ئاییندا ئەنجامبدەن وەکو بیرمەندان رۆڵیان کەمترە، زیاتر ئەوەی بە پرۆسەی ریفۆرمی ئایینی هەڵدەستن بە سیاسیی دەکەن، ئایا ئەمە لە راستیدا زیانی هەبووە بۆ پرۆسەی نوێبوونەوەکە؟
ئیبراهیم میكە عەلی:
زۆر دەگمەنە کەسایەتی سیاسیی ئایینی قسە لەسەر ریفۆرم بکات، چونکە ئەوان ئیشەکەیان تێکدەچیت بە ئەنجامدانی ریفۆرم، ئەو بڕیارەی محەمەد بن سەلمانی لێ دەربچێت کە نموونەیەکی کەم وێنەیە، ئەو بڕیاریدا کار بە فەرموودە ئاحادەکان نەکرێت، ئەمە خودی ریفۆرمە.
من وەکو خۆم وای نابینم کە سیاسییەکان ئاڵای ریفۆرمیان بەرزکردبێتەوە، بەڵکو ئەوانەی کە واز لە سیاسەت دەهێنن و بێهیوا دەبن لە سیاسەت بانگەشە بۆ ریفۆرمی ئایینی دەکەن.
بەپێچەوانەوە بزووتنەوە سیاسییە ئیسلامییەکان، سوود لەو تێگەیشتنە باوەی کۆمەڵگە وەردەگرن کە چەندین ساڵە بۆ ئایین هەیانە، لەکاتێکدا حزبی سیاسیی دەبێت پرۆژەی خزمەتکردنی کۆمەڵگەی هەبێت نەک دەست بە ئایینێکەوە بگرێت و بڵی ئەگەر دەنگم پێبدەیت دەچێتە بەهەشت و بەپێچەوانەوە دەچیتە دۆزەخ.

ئیسلام وەکو ئایینێكی جیهانی پێناسە دەکرێت، بەڵام دەبینین هەندێکجار باس لە لۆکاڵیبوونەوەی ئایین دەکرێت و شوناسیتر دەخرێتە پاڵ ئیسلام، وەکو ئیسلامی تورکی، ئیسلامی ئێرانی و هیتر، ئایا دەکرێت ئێمە شوناسێکی کوردی بدەین بە ئیسلام؟
ئیبراهیم میكە عەلی:
بەڵێ، ئیسلام خۆی ئەوەی لە قورئاندا هەیە، ئایینێکی گشتگیرە بۆ هەموو مرۆڤایەتی و چوارچێوەدار ناکرێت، بەڵام ئەو ئایینەی کە لە خوێندنەوەی دەقەکانەوە وەرگیراوە، ئەوە مۆرکێکی عەرەبی پێوە دیارە و هیچ نکوڵی لێناکرێت.
بەڵام ئایا دەکرێت ئەوەی کە تورکەکان و فارسەکان کردوویانە و ئایینیان لەگەڵ نەریتی خۆیان گونجاندووە و ئێمەش ئەوە بکەین، من دەڵێم بەڵێ، وەکو باسمانکرد کە حوکمەکان بەپێی شوێن و کات دەگۆڕێت، ئەوا بەپێی جیاوازیی نەریت و مێژوو و تێگەیشتنی کۆمەڵگەکە دەگۆڕدرێت، ئەمە وادەکات کە دابەزاندن و تەرجەمەکردنی دەقەکان لەگەڵ ئەو جیاوازییانەدا بگونجێنرێن.
بۆ نموونە ئێمە کاتێک باسی ئسوڵی تەشریع دەکەین، یەکێکیان قورئانی پیرۆزە و ئەوی تریان سوننەتی پێغەمبەر و چەند شتێکی ترن، یەکێکیش لەوانە عورف و نەریتی کۆمەڵگەیە، کەواتە یاسایەک کە بۆ کۆمەڵگەی کوردی دادەڕیژرێت جیاوازە لەو یاسایەی بۆ کۆمەڵگەیەکی تورکی داڕێژراوە، چونکە دەبێت لێرەش و لەوێش رەچاوی کۆمەڵگە و نەریتەکەی بکرێت، بەداخەوە کۆمەڵگەکانی تری دەوروبەرمان ئەوەیان کردووە، بۆ نموونە تورکەکان لە ئەوروپاش مزگەوتی خۆیان هەیە و لەوێ کە دەچنە ناو مزگەوتەکە بە تورکی قسە دەکەن، بەڵام ئەوەتا رێگە بە ئێمە نادرێت کە خوێندنەوەی کوردییانە بۆ ئایین بکەین.

یەکێک لەو شتانەی لە سەردەمی نوێدا هاوشانی ریفۆرمی ئایینی باس لەسەر حەرامبوون و رەتکردنەوەشی دەکرێت پرسی دیموکراسییە، بۆ نموونە رەوتی سەلەفییەکان پێیانوایە دیموکراسی کوفرە و دەبێت رەتبکرێتەوە، بەڵام رەوتێکی میانڕەوی وەکو یەکگرتووی ئیسلامیی كوردستان، دیموکراسی بە رێگەیەکی باش دەزانێت، ئایا دیموکراسی لە نزیکی ریفۆرمی ئایینیدا لەکوێدا جێدەگرێت؟
ئیبراهیم میكە عەلی:
یەکێک لە بنەما باوەکانی ئیسلام بابەتی شورا و راوێژکردنە، ئێمە لە سێبەری ئەم شورایەدا دەتوانین باس لە دیموکراسی بکەین، من نزیکەی 28 ساڵ پێس ئێستا لەسەر ئەم بابەتە کتێبم نووسیوە، باسم لەوەکردووە کە ئەگەر باش لەو مەبەستانەی لە پشت شوراوە هەن سەیریان بکەینەوە، هەمان ئەو مەبەستانە پێمان دەڵێن کە دیموکراسیش لەگەڵ ئاییندا یەکدەگرێتەوە، بۆ نموونە دەستوورێک دادەنێت، لە بنەمای شورادا دەبێت پرس بە خەڵک بکرێت ئایا ئەم دەستوورە گونجاوە یان نا، ئێ لە دیموکراسیشدا بەهەمان شێوە لە فۆرمێکی تردا ئەو پرسیارە لە خەڵک دەکرێت، بۆیە، ئەوانەی کە دیموکراسی رەتدەکەنەوە وەکو سەلەفییەکان، ئەوە دیسانەوە دەچینەوە سەر باسەکەی پێشوو، دەڵێین ئەوان لە مێژوودا دەژین و لەم سەردەمەدا ناژین، ئەگەر لەم سەردەمەدا بژیانایە دەیانزانی دیموکراسی خواستێکی سەردەمەکەیە.
ئەوان خۆیان پەیوەستکردووەتەوە بە بۆچوونی زاناکانی هەزار ساڵ پێش ئێستا، لەکاتێکدا کە بەریەککەوتن لەگەڵ دۆخی ئێستادا هەیە و لەگەڵ خودی کارەکانی خۆشیاندا، بۆ نموونە ئەوان دەڵین وێنەگرتن قەدەغەیە، بەڵام رێک لەکاتێکدا کە ئەم قسەیە دەکات بە چەندین کامێرا وێنەی دەگیرێت و بڵاودەکرێتەوە، ئێ ئەگەر وێنەگرتن قەدەغەیە ئەی تۆ چۆن ئەو هەموو کامێرایەت داناوە و وێنەدەگریت؟ ئەمانە هەمووی بەریەککەوتن و دژبوونی بۆچوونەکانەکانیانە.

پرسی تێکەڵبوونی سیاسەت و دەعوە پرسێکی جێی باسە، ئایا تێکەڵبوونی ئەم دوو کایە لە حزبە سیاسییەکاندا، ئەوان ناخاتە ژێر ئەو بارەی کە ئەویش ئامانجەکەی سیاسییە نەک ئامانجی بوژانەوەی ئایین؟
ئیبراهیم میكە عەلی:
ئەوە گفتوگۆیەکی گەورەی لەسەرە لەناو حزبە ئیسلامییەکاندا، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئێمە ئایین وەکو وەرەقەیەکی سیاسی بەکاربهێنین یان نا، یان ئایا لە سیاسەتدا ئەدەبیاتی ئایینی بەکاربهێنین یان نا؟ لە راستیدا حزبە ئیسلامییەکانی هەموو جیهان و ئەوانەی کوردستانیش ئەگەر وەرەقەی ئایینیان بەدەستەوە نەمینێت ئیتر کارێکی ئەوتۆیان نییە.

کەواتە ئەوان دین بەکاردەهێنن بۆ ئامانجی خۆیان؟
ئیبراهیم میكە عەلی:
وەکو خراپ بەکارهێنان نا، بەڵکو وەکو تێکەڵەیەک کە ئەوان پێیان وایە ناکرێت ئەو دوو بوارە کە ئایین و سیاسەتن جیابکرێنەوە، ئەوان پێیان وایە بۆ ئەوەی ئامانجە ئایینییەکانت بەدیبهێنیت پێویستت بە رێکخستن و سیاسەت و ئاراستەکردن هەیە، کەواتە ئەوان سیاسەت وەکو میکانیزمی بەدیهێنانی ئامانجە ئایینییەکەیان دەبینن.

جیاکردنەوەی سیاسەت و بانگەواز بەشێکە لە پرۆسەی ریفۆرمی ئایینی؟
ئیبراهیم میكە عەلی:
بێگومان دەبێت جیابکرێتەوە، چونکە ئیشی سیاسەت پێشکەشکردنی پڕۆژەیە، ئایینیش بوارێکی کۆمەڵگەیی و گشتییە، نابێت ئەو دوو شتە تێکەڵ بکرێت، کەسێک دەتوانێت سیاسییەکی خاوەن ئایین بێت، ئەمە بەو واتایە نایەت کە نابێت کارەکەتەرە سیاسی و حکومییەکان دابماڵرێن لە ئایین، بەپێچەوانەوە دەکرێت لە سەرۆکی دەوڵەتەوە تا هەرکەسێکی ئاسایی، لە سەرۆکی حزبەوە تا ئەندامێکی ئاسایی، هەموویان پابەندی ئایین بن، بەڵام ئایین بەکارنەهێنن وەکو وەرەقەیەک دژی ئەوانی تر.
 
خ.غ

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن