کوردستانی

ژن و مێردێک پێکەوە سوتان

مەودا میدیا - سلێمانی |


ژن و مێردێک پێکەوە سوتان
مەودا میدیا-سازگار ئەحمەد

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی قەڵادزێ ژن و میردێک پێکەوە سوتان و هەردووکیان رەوانەی نەخۆشخانەی سوتاوی سلێمانی کراون بەهۆی زۆری رێژەی سوتاوییەکەیانەوە.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە مەودا میدیای راگەیاند "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر 1:50 خولەک  ژنێک بەناوی ( ر . ح . ب ) لەدایک بووی ساڵی 1981 پیشەی ژنی ماڵەوە دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەکی ئاشتی بە سوتاوی گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ کە بەوتەی هاوسەرەکەی سەرقاڵی گەرمکردنی ئاو بووە بە تەباخ و دواتر گڕی گرتووە و بەو هۆیەشەوە سوتاوە کە بە پێی راپۆرتی پزیشکی نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ ڕێژەی سوتاویەکەی له 95%ـە".

ئاماژەی بەوەشکرد "مێردەکەشی بەناوی (ق . م . هـ ) لەدایک بووی ساڵی 1981 پیشەی مامۆستا سوتاوە بە ڕێژەی 25%، ئەو دەڵێت سەرقاڵی خواردنەوەی چا بووە و لەوکاتەشدا کە گوێی لە دەنگی هاوسەرەکەی بووە دواتر بەهانایەوە چووە بەمەبەستی کوژاندنەوەی و بەو هۆیەشەوە ئەویش سوتاوە".

وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی خستەڕوو "بەهۆی سەختی برینەکانیان هەردووکیان بەڕێکران بۆ سلێمانی، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە".
Qaiwan
Qaiwan