هێمن لهۆنی

هێمن لهۆنی

کۆبوونەوەی بایدن- ئەردۆغان: شتەکان وەک خۆیان نامێننەوە

لە رۆژانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکادا، جۆ بایدن بەربژێری دیموکراتەکان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کۆمەڵێک رۆژنامەنووسی وڵاتەکەی باسی لەوە کردبوو دەبێ پشتیوانیی لە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بکرێت بۆ گۆڕینی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. لەگەڵ هاتنی بایدن بۆ کۆشکی سپی وەک زۆر شتی دیکە رەنگە بەڵێنەکانی هەڵبژاردن جێبەجێ نەکرێن. بایدن وەک سەرۆک جیاوازە و بیر لە گۆڕینی سیاسەتی ئەردۆغان دەکاتەوە نەک خۆی، بۆ ئەوەی تورکیا بگەڕێنێتەوە بازنەی رۆژئاوا.
 
بایدن لە یەکەم سەردانیدا بۆ دەرەوەی وڵات وەک سەرۆک جگە لە بەشداریی لە کۆبوونەوەی G7 و ناتۆ، لەگەڵ دوو سەرۆک کۆبوونەوەی فەرمی دەبێت ئەوانیش: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆکی روسیان.
 
جۆ بایدن و رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرۆکایەتیی دوو شاندی باڵا لە برۆکسلن و رۆژی دووشەممە 14-6-2021  لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی ناتۆ، زۆر خاڵی دژ و هاوبەش کۆیان دەکاتەوە. هیچ کاتێک وەک ئێستا پەیوەندییەکانی واشنتن و ئەنقەرە بەمشێوەیە ناسەقامگیر نەبووە و هیچ کاتێکیش وەک ئێستا هەردوولا پێویستیان بەیەک نەبووە.
 
ئیدارەی بایدن و تورکیا
لەگەڵ هاتنی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا، دڵەڕاوکێ لە تورکیا دروستبوو. ئەردۆغان دەزانێ سەردەمی دۆناڵد ترەمپ کۆتایی هاتووە و ئیدی وەک جاران ناتوانێت لەکاتی یاریی گۆڵف بە تەلەفۆن ترەمپ رازیبکات و هەر کات بیەوێ تەلەفۆن بۆ سەرۆکی ئەمەریکا بکات. لەگەڵ هاتنی بایدن پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆشکی سپی گۆڕدراون و ئەمەریکای جاران گەڕاوەتەوە.

میدیا ئەمەریکییەکان بڵاویانکردەوە کە لە ماوەی چوار ساڵی ئیدارەی ترەمپ، ئەردۆغان یەکێک بوو لەو سەرۆکانەی کە زۆر زیرەکانە ترەمپی بەکارهێنا. تەنانەت دەیزانی کەی تەلەفۆنی بۆ دەکات و کەی ترەمپ ئامادەیە بەگوێی بکات. بۆیە زۆربەی تەلەفۆنەکانی ئەردۆغان بۆ ترەمپ ئەو کاتانە بووە کە ترەمپ بەتەنیا لە یاریی گۆڵف بووە و دوور بووە لە راوێژکارەکانی بۆ ئەوەی قسەی خۆیان بکەن. وەک برێت مەکگۆرک نێردەی پێشووی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژی تیرۆر دەڵێت "هەموومان شۆکبووین کە بینیمان چۆن سەرۆکی ئەمەریکا بە تەلەفۆنێکی ئەردۆغان بڕیاری کشانەوەی لە سووریا دا".

لە چەند مانگی سەرەتای ئیدارەی بایدندا، ئەمەریکا ویستی پیشانی تورکیای ئەردۆغان بدات کە تووندە و تورکیا هاوپەیمانێکی باش نییە. یەکەم پەیوەندیی تەلەفۆنی بایدن و ئەردۆغان، دوای نزیکەی سێ مانگ لە هاتنی بایدن ئەنجامدرا. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چەندین بەیاننامەی لەبارەی مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکارییەکان لە تورکیا دەرکرد. سزاکانی کڕینی S400 جێبەجێکران و بە فەرمیش لە چوارچێوەی F35 دوورخرایەوە.

بەڵام سیاسەتی ریاڵیستی و بەهێزی جیۆپۆلەتیکیی وڵاتی تورکیا، لەمە زیاتر رێگا نادات بایدن تووندتربێت. لەولاشەوە ئەردۆغان باش دەزانێ کە ئیدی ناتوانێ ئەوەی بیەوێ بیکات و ئەمەریکاش قسە نەکات.

ئیدارەی بایدن دەیەوێت و بڕیاریداوە هاوپەیمانیی ناتۆ لە دژی روسیا بەهێزتربکاتەوە و هیچ بۆشاییەک بۆ پووتین چۆڵنەکات، بۆیە ناکرێ تورکیای دووەم هێزی ناتۆ، زیاتر دۆستی روسیا بێت لەوەی دۆستی رۆژئاوا بێ. واشنتنیش باش دەزانێت کە ئەردۆغان سیاسییەکی پراگماتیکییە و لەهەر شوێنێک با هەبێ شەنی خۆی دەکات.

ئەردۆغان لەسەر هەردوو پەتی ئەمەریکی- روسی یاری دەکات. دۆستی پووتینە و S400ـی لێدەکڕێ. لەهەمانکاتدا فڕۆکەی درۆن دەفرۆشێ بە ئۆکراینای دووژمنی رووسەکان.

بایدن و ئەردۆغان: ناکۆکییە سەرەکییەکان
یەکەم: پرسی دۆستایەتیی رووسیا و کڕینی سیستمی بەرگریی S400. کۆشکی سپی و کۆنگرێس دەڵێن هاوپەیمانی ناتۆ و هاوبەشی ئەمەریکا، هیچکات چەک لە روسیا ناکڕێ.

دووەم: بۆ ئیدارەی بایدن مافی مرۆڤ پرسێکی سەرەکییە. ئیدارەی بایدن بەهیچ شێوەیەک لە دۆخی مافی مرۆڤ لە تورکیا رازی نییە.
سێیەم: رۆژئاوای کوردستان بۆ ئیدارەی بایدن گرنگە و دەستبەرداری نابن. تورکیاش باوەڕی وایە، دەڵێ ئەگەر ئەمەریکا هاوپەیمانە نابێ هاوکاریی هەسەدە بکات.

چوارەم: پاوانخوازیی ئەردۆغان بۆ وزە. بایدن زۆر دژی ئەو کارانەی ئەنقەرەیە لە دژی یۆنان دەیکات.

پێنجەم: تورکیا داوای رادەستکردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن دەکات کە لە ئەمەریکایە و تۆمەتبارە بە کودەتا.

بایدن و ئەردۆغان: خاڵە هاوبەشەکان
یەکەم: بەهێزکردنەوەی ناتۆ و پشتیوانیی لە ئۆکراینا.

دووم: پرسی ئەفغانستان و پرۆسەی ئاشتی.

سێیەم: پشتیوانیی لە خەڵکی ئیدلب لە سووریا و وەستانەوە لە دژی ئەسەد.

چوارەم: شەڕ لە دژی پەکەکە، بە مەرجێک تێکەڵ بە دۆسیەی رۆژئاوای کوردستان نەکرێ.

ئەم پرسە ناکۆک و هاوبەشانە، رۆژی دووشەممە لە برۆکسل دەخرێنە بەر باسی شاندی باڵای ئەمەریکا و تورکیا.

بایدن لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی رووسیا ئامادەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەردۆغان. ئەردۆغانیش باش دەزانێ دۆخی ئابووریی تورکیا باش نییە و پاوانخوازییەکانی ئەنقەرە پێویستی بە پشتیوانیی ئەمەریکایە.

چاوەڕوانییەکان لە لوتکەی بایدن- ئەردۆغان
یەکەم: S400ـی رووسی تازە کڕاوە و بەکار خراوە. بۆ تورکیا زۆر قورسە وازی لێبێنێ. لە کۆبوونەوەی دووشەممەی بایدن و ئەردۆغان، هەردوولا پرۆپۆزاڵ پێشکێش دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. بایدن و کۆنگرێس لەم پرسەدا زۆر تووندن و سازشی گەورە ناکەن. تورکیا بەنیازە سیستەمە رووسییەکە بخاتە دەست تیمێکی هاوبەشی تورکی و ئەمەریکی، بەڵام رەنگە بایدن قبووڵی نەکات و گەمارۆکان بەئاسانی لانەبات.
 
دووەم: لە پرسی ئەفغانستان و پرۆسەی ئاشتی، هاوکاریی زیاتر بکەن. کۆنفرانسی ئاشتیی ئەفغانستان بڕیارە لە ئیستانبوڵ بکڕێ. بایدن کشانەوەی لە ئەفغانستان زۆر پێ گرنگە و لەم کارەشدا زۆر پێویستی بە ئەنقەرە هەیە.
 
سێیەم: بایدن بە زمانێکی راشکاوانە لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا قسە دەکات و دژی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان و مافەکانی هاوڕەگەزخوازانە. چاوەڕوان دەکرێت بە ئەردۆغان بڵێ ئەگەر دەتەوێ پەیوەندییەکان زۆر باش ببنەوە، ئەوا دەبێ چاوت لە باشكردنی ئەو دۆسیەیە بێت.
 
چوارەم: بەپێی بەرپرسانی ئەم ئیدارە نوێیە، بایدن داوا لە ئەردۆغان دەکات کە چاوی لە فراوانخوازی لە رۆژئاوای کوردستان نەبێت و قبووڵی ناکەن. لە بەرانبەردا ئەردۆغان داوا دەکات ئیدارەی بایدن پشتیوانیی تورکیا بکات لە شەڕی دژی پەکەکە لە عیراق و هەرێمی کوردستان. ئەمەریکا ئامادەیە هاوکاریی ئەنقەرە بکات لە شەڕی دژی پەکەکە لە عیراق. ئەمەش یەکێکە لە بۆچوونەکانی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئیدارەی بایدن کە داوا دەکات تورکیا واز لە رۆژئاوا بێنێ. لە بەرانبەردا واشنتن هاوکاری بەهێزی تورکیا بێ لە کوشتنی سەرکردەکانی پەکەکە و لێدانیان لە عیراق.
 
پێنجەم: بایدن داوا لە ئەردۆغان دەکات ئاشتبێتەوە لەگەڵ یۆنان و چی دیکە ئەو وڵاتە نیگەران نەکات.
 
شەشەم: ئەمەریکا و تورکیا پشتیوانیی ئیدلب دەکەن و دژی ئەسەد دەوەستنەوە و ناهێڵن خەڵک ئاوارە بێتەوە.
 
حەوتەم: ئەمەریکا بەهۆی رێزگرتن لە دادگا ئامادە نابێ گولەن رادەستی تورکیا بکاتەوە.
 
کۆبوونەوەی بایدن و ئەردۆغان، رەنگە هەموو پرسەکان چارسەر نەکات، ئەوەی جیاوازە ئەوەیە کە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا دەیەوێ بەڕاستی لەگەڵ تورکیا رێککەوتن بکات و هەندێک شت یەکلابکاتەوە بۆ ئەوەی بۆی دەرکەوێ بەڕاستی تورکیا دۆستە یان نەیار. 
 
لە وەڵامی پرسیارێکیش لەبارەی ئەوەی چۆن دەتوانن رێککبکەون، بەرپرسێکی کۆشکی سپی وتوویەتی "کەس وەک بایدن ئەردۆغان ناناسێت."

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan