چاوپێكەوتن

نیان عەبدوڵڵا؛ ژنێکی چالاک لەبواری پەرەپێدانی مرۆییدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


نیان عەبدوڵڵا؛ ژنێکی چالاک لەبواری پەرەپێدانی مرۆییدا
مەودا میدیا-

کەسانێک پێیانوایە کە ئەگەر کەسێک پۆست و دەسەڵاتی سیاسی و لێپرسراوێتیی حزبیی نەبێت، ئەوا ناتوانێت خزمەتێکی ئەوتۆی کۆمەڵگەکەی بکات، کە ئەمە راست نییە و هەر کەسێک لەبوار و شارەزاییەکەی خۆیدا دڵسۆزانە کار بکات جا لە هەر پێگە و کارێکدا بێت؛ ئەوا خزمەتێکی باشی کۆمەڵگەکەی دەکات... لە چاوپێکەوتنی ئەم جارەماندا، خاتوونێک دەدوێنین کە بەتایبەتیی لەبواری بەڕێوەبردن و رێکخراوەییدا خزمەتێکی باشی کردووە و جێدەستی دیارە، کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی (هیوا فاوندەیشن)، کە رێکخراوێکی تایبەتە بە بواری پەروەردەی کەسایەتی تاک و منداڵ و خێزان، کە کارەکانیان جێگەی خۆشحاڵی و دەستخۆشییە.

نیان عەبدوڵڵا ئەحمەد، ناسراو بە نیانی سەید عەبدوڵڵای محامی، لە سورداش لەدایکبووە؛ بەهۆی ئەوەی (دایک و باوکی) هەردووکیان مامۆستا بوون لەوێ. لە ساڵی 1960 گەڕاونەتەوە شاری سلێمانی، پۆلی (1 و 2)ی سەرەتایی لە خوێندنگەی گۆیژە خوێندووە.

پاش ماوەیەکی کەم لە گەڕانەوەتان بۆ شاری سلێمانی، بە خێزانیی دەچنە بەغدا، هۆکاری ئەمە چی بوو؟
نیان عەبدوڵڵا:
ساڵی 1965 پاش ئەوەی هێزێکی سەربازیی رژێم دەستڕێژ دەکەن لە چایخانەی حەمە رەق، هاوڕێیەکی باوکم بەناوی (عەلی ئاغا) دەکوژرێ، ئەمەش کار دەکاتە سەر باری دەروونیی باوکم و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تری کە ئەوانیش مامۆستان بوو، دەوامەکەیان گواستەوە بۆ شاری بەغدا. بەو هۆیەشەوە من لە بەغدا سەرەتایی و ئامادەیی و زانکۆم تەواو کردووە.

لە کام زانکۆیە و چ بەشێکت خوێندووە؟
نیان عەبدوڵڵا:
ئەندازیاریی کیمیایی لە زانکۆی بەغدا.

ئەی کەی گەڕایتەوە بۆ سلێمانی؟
نیان عەبدوڵڵا:
ساڵی 1980.

پێش ئەوەی بچینە سەر باسی وێستگەکانی تری ژیانت، کورتەباسێکی باوکت و بنەماڵەکەیم بۆ بکە؟
نیان عەبدوڵڵا:
باوکم ناسراوە بە عەبدوڵڵای سەید ئەحمەد، بەرزنجییە، لە خێزانێکی رۆشنبیر و خوێندەوار گەورە بووە. برایەکی مامۆستای زانکۆ بوو بەناوی قادر، دوو خوشکیشی هەیە و یەکێکیان مامۆستا بوو.
باوکم لە سەرەتادا مامۆستا بووە، بەڵام هیواخواز بوو زانکۆ بخوێنێ، بۆیە چووەوە بەر خوێندن. کاتێ من لە شەشی ئامادەیی بووم، باوکم لە زانکۆی موستەنسریە لە بەغدا لە بەشی یاسا دەیخوێند، دواتر هەردووکمان بەیەکەوە لە هەمان کاتدا لە زانکۆ بووین. پاش ئەوەی بڕوانامەی بەدەستهێنا، بۆ ماوەی 20 ساڵ کاری پارێزەریشی کرد.

سەبارەت بە دایکت چی؟
نیان عەبدوڵڵا:
دایکم ناوی خەیریە عوسمانە، کاتێک لە سکی دایکیدا بووە، باوکی کوژراوە و باوکی خۆی نەبینیوە. ئیتر نەنکم (حەلاو) گەڕاوەتەوە ماڵی باوکی (عەبدوڵڵا زێوەری شاعیر) و وەک نەریتی ئەوسا؛ ژنێکی بێ پیاو لە ماڵی باوکی دەمێنێتەوە. دایکم تا گەورەش دەبێ هەر وا دەزانێ عەبدوڵڵا زێوەر باوکیەتی. نەنکیشم خوێندەوار بووە.
دایکم لە سەردەمی نوری عەلی کە پارێزگاری سلێمانی بووە، خولێک دەکاتەوە بۆ دەرچووانی سەرەتایی و دایکم ئەو خولە دەخوێنێ و دەبێتە مامۆستا و نۆ ساڵ ئەو کارە دەکات. دواتر بەهۆی منداڵەوە واز لە کارەکەی دەهێنێ.
دایکم ژنێکی زۆر ئازایە، بە سەرکەوتوویی خوێندنی بە هەر هەشت منداڵەکەی تەواوکرد و ئێستاش بەو تەمەنەوە کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات و پشتی بە خۆی بەستووە.

خێزانەکەی خۆتان چەند منداڵن و لە بەغدا دۆخی خوێندنتان چۆن بوو؟
نیان عەبدوڵڵا:
ئێمە سێ برا و پێنج خوشکین، هەموومان پلەی بەرزی خوێندنمان بەدەستهێناوە هەموویشی بە پاڵپشتی و هاندانی دایک و باوکمان بووە.
کاتێ چووینە شاری بەغدا، باوکم هەموو پیتەکانی بە کوردی و بە عەرەبیی لەسەر دیوار بە لەزگە بۆ هەڵواسیبووین، نەیدەویست بە بزمار بێ، دەیوت ماڵی خەڵکە با نەشێوێ، چونکە لە خانووی کرێدا بووین. باوکم و دایکم و نەنکم هەرسێکیان وانەکانی خوێندنیان لەگەڵ دەخوێنین لە ماڵەوە.

کەی گەڕایتەوە بۆ سلێمانی؟
نیان عەبدوڵڵا:
لە ساڵی 1980 گەڕامەوە بۆ سلێمانی و هاوسەرگیریم کرد لەگەڵ هیوای رەئووفی عەلییە فەندی.

دوای گەڕانەوە چیت کرد؟
 نیان عەبدوڵڵا:
لە کارگەی شەکرەکە دامەزرام، بەڵام ئەو کارە لەگەڵ بارودۆخی ژیانمدا نەدەگونجا و نەمدەتوانی تێیدا سەرکەوتوو بم، بۆیە ئارەزووم بوو بگوێزمەوە بۆ شوێنێک کە لەگەڵ ویست و توانامدا بگونجێ.
دوای ئەوەی لە ساڵی 1982 خۆپیشاندانەکانی سلێمانیی دژ بە رژێم دەستیپێکرد، لەو خۆپیشاندانانەدا بەشدار بووم، من و (رزگاری شێخ رەئوف) و (پەیمان و شادی مستەفا کونجرینی) و چەندین کەسی تر، لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا گیراین و سێ رۆژ لە ئەمنی سلێمانی ماینەوە و دواتر پاش لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕ ئازاد کراین.

کەی چوویتە ناو ریزەکانی رێکخستنەوە؟
نیان عەبدوڵڵا:
ئەو کاتەی لە کارگەی شەکرەکە بووم، چوومە ناو رێکخستن و پەیوەندیم کرد بە پۆلی شەهید لەیلا قاسمەوە لە رێگەی خاتوو سوهەیل حەسەنەوە.

دوای ئەوەی ئازاد کرایت لە کارەکەت کێشەیان بۆ دروست نەکردیت؟
نیان عەبدوڵڵا:
لەسەر گرتنەکەم، ناوم چووە ناو ئەو کەسانەی کە (لا خیر لمن لایخدم العراق العڤیم)، واتا؛ ئێمە بەو کەسانە لەقەڵەم دەدراین کە خزمەتی عیراق ناکەین و بە فەرمانێکی فەرمیی گواستمیانەوە بۆ شاری عەمارە بۆ کارگەی شەکر لەوێ. بۆ ئەو مەبەستە چوومە لای ناجی جاف لە دەزگای پیشەسازی کە ئەو بەرپرسی بوو. ئەو دەزگایە سەر بە وەزارەتی پیشەسازی بوو. گواستنەوەکەمی هەڵوەشاندەوە لەسەر بنەمای نووسراوێک کە لەکاتی بەربوونەکەم نووسرابوو (افرج عنها لعدم پبوت الادلە علیها)، واتا؛ بەهۆی ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی لەسەر ئیسپات نەبووە؛ بەر بووە. ئەوە هاوکارم بوو و فەرمانەکەی هەڵوەشاندەوە و بە فەرمانێکی تر گواستمیەوە بۆ کارگەی جلوبەرگی ئامادەکراو لە سلێمانی کە تازە کرابووەوە.
دەمەوێ باسی ئەوەش بکەم کە گیرام بەوەی باش بوو نەیاندەزانی کە شووشم کردووە، چونکە هەر کە گیرام ئەڵقەکەی دەستم فڕێدایە ناو توالێت و نەمووت کە شووم کردووە، بەمەبەستی پاراستنی هاوسەرەکەم و ماڵەوە، چونکە لەو کاتانەدا (16) پێشمەرگە لە ماڵی ئێمە خۆیان شاردبووەوە، لەوانە: (بەختیار مستەفا عارف و خوالێخۆشبوو جەبار مستەفا) بوون.

کارەکەت چۆن بوو لە کارگەی جلوبەرگ؟
نیان عەبدوڵڵا:
کاری ناو کارگەم پێ خۆش بوو، بۆیە بڕیارم دا بایەخ بە کارەکەم بدەم و هەوڵم دا لەوێ سەرکەوتوو بم، بایەخی زیاترم بە ژیان و کارەکەم دەدا.

دەتوانی کەمێک باسی ئەو کارگەیە و شێوازی بەڕێوەبردن و کارەکانی بکەیت بۆمان...
نیان عەبدوڵڵا:
ئەو کارگەیە، نزیکەی (1300) ژن کاری تێدا دەکرد و یۆگسلاڤییەکانیش فێری کارەکەیان دەکردین. کۆمپانیایەکی ئەڵمانیی ئەو کارگەیەی لەسەر ئاستێکی بەرز دامەزراندبوو.
ئێمە چەند بەڕێوەبەرێک بووین، هەریەکەمان بەرپرسی بەشێک بووین.
گرێبەستمان هەبوو لەگەڵ (مدیریە الاسواق المرکزیە). بەرهەمەکانی دەناردە هەر 18 پارێزگاکەی عیراق. خۆی عیراق کارگەکانی بەسەر چەند زۆنێکدا دابەش کردبوو، لەوانە: کارگەی موسڵ، جلی منداڵان و تازەلەدایکبووی بەرهەم دەهێنا. کارگەی سلێمانیی، جلی ژنانە. کارگەی فەتاح پاشا لە بەغدا، بەتانی و جلی پیاوانی بەرهەم دەهێنا.
وەزارەتی بازرگانیی کەلوپەلەکانی ساغ دەکردەوە و کۆنترۆڵی پێداویستی و بەرهەمەکانی دەکرد. هەروەها ئێمە (16) هێڵی بەرهەممان هەبوو، هەر هێڵەش تایبەت بوو بە جۆرێک لە جل. قوماشەکان بەشێکی زۆری هاوردە دەکران و بەشێکی کەمیشی هیی عیراق خۆی بوو، لە کارگەی چنینی شاری حللە و دیوانیە بەرهەمی قوماشی (بازە و خام و پۆپلین)مان بۆ دەهات و جلی ناوماڵمان لێ دروست دەکرد. تەنانەت پاڵتۆ و قاتی ژنانەی زۆری جوانیشمان دروست دەکرد.

تۆ بەڕێوەبەری کام بەشە بوویت؟
نیان عەبدوڵڵا:
بەڕێوەبەری کوالێتی کۆنترۆڵ بووم، هەر قوماشێک بهاتایە دەپشکنرا، یان هەر بەشێک بەپێی پێوەرەکان کۆنترۆڵ دەکرا و ئاستی کوالێتیی بۆ دادەنرا. زیاتر لە یەک ملیۆن ئایتم لە کارگەکە هەبوو؛ قوماش، دەزوو، قۆپچە بە هەموو جۆرەکانییەوە، قایش، زنجیر...).

بەرهەمەکان لە کوێ دەفرۆشران؟
نیان عەبدوڵڵا:
لە رێگەی بریکار و بازاڕەوە بەرهەمەکان دەفرۆشران.

کەی وازت لەو کارە هێنا؟
نیان عەبدوڵڵا:
لە 1983 – 1997 لەو کارگەیەدا کارم کردووە و بوو بە ئەزموونێکی زۆر گرنگ بۆ من و بۆ ئەوانەی لەوێ کاریان دەکرد و بژێویی هەزاران خێزانی دابین دەکرد.

خاوەن پێداویستیی تایبەت دەیانتوانی لەو کارگەیە دابمەزرێن و کار بکەن؟
نیان عەبدوڵڵا:
بەڵێ، یەکێک لە مەرجەکان ئەوەبوو چەند کەسێکی نابیست دابمەزرێنین، کە لە راستیدا لە کارکردندا زۆر چالاک و سەرکەوتوو بوون.

دوای ئەوە چ کارێکت کرد؟
نیان عەبدوڵڵا:
پاش ئەوەی لەو کارگەیە دوورکەوتمەوە، لەبواری پیشەسازییەوە هاتمە ناو دونیای (تەکنەلۆجیای بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکان).

ئەم کارە نوێیەت چۆن دەستپێکرد؟
نیان عەبدوڵڵا:
سەنتەرێکی پەیوەندیی تەلەفۆنیمان لە سلێمانی کردەوە، دواتر نووسینگەمان لە شاری رانیە و هەولێر و چەمچەماڵ و دهۆکیش کردەوە.

کارەکەتان چی بوو؟
نیان عەبدوڵڵا:
بۆ قسەکردن بوو بە تەلەفۆن لە نووسینگەکەوە بۆ دنیای دەرەوە، ئیتر بوو بە هۆکارێک بۆ ئاسانکاریی پەیوەندی هەر کەسێک لە ناوەوەی وڵات لەگەڵ کەسوکاری لە دەرەوەی وڵات، کە تیای بوو چەندین ساڵ بوو بەیەکەوە ئاخاوتنیان نەکردبوو.

وەک ئاگادارم دوای ئەوە چوویتە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، لەوێ کارت چی بوو؟
نیان عەبدوڵڵا:
لە ئاسیاسێڵ بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان بووم، ئەوکات لەو جۆرە کارە لە عیراقدا نەبوو، بەشانازییەوە دەڵێم کە یەکەم ژن بووم لەو کۆمپانیایە کارم کردووە. لەو کارەم بەردەوامبووم تا 2011 و دوو ساڵیش پشووم دا تا کۆتایی 2012. ئیتر رێکخراوی هیوا فاوندەیشنمان دامەزراند. مەبەستیشم ئەوەبوو تاڕادەیەک سەربەخۆ بم و بتوانم لە چەند بوارێکدا کە مەبەستم بوون، خزمەت بکەم کە نەمدەتوانی لەناو کۆمپانیاکانی پێشووتر بیانکەم، چونکە هەریەکەیان یاسا و رێنمایی تایبەتی خۆیان هەبوو، بەتایبەتیش دەمویست خزمەت بە ژن و گەنج بکەم، لەگەڵیشیدا ببین بە هاندەر بۆ خوێندنەوەی زیاتر و بەکولتوورکردنی.

کارە گرنگەکانی هیوا فاوندەیشن چین؟
نیان عەبدوڵڵا:
ئێمە لەسەر بەهێزکردنی تواناکانی ژنان، پەروەردە و خێزان، ژینگە، هەروەها هونەر و کولتوور کار دەکەین. چەندین خولی جۆراوجۆرمان کردووەتەوە، لەوانە:
1. خولی (پرۆژەی خێزانەکەم) بۆ هاوسەران و دایکان و باوکان... زیاتر لە 100 کەس بەشدارییان کرد و سوودمەند بوون. خولەکە لە شاری سلێمانی و هەڵەبجە پێشکەش کرا.
2. پرۆژەی (7 خووەکەی منداڵانی شادمان) پشتبەست بە کتێبی (7 خووەکەی منداڵانی شادمان) لە نووسینی شین کۆڤی و وەرگێڕان و چاپی هیوا فاوندەیشن... ئامانجی پرۆژەکە فێرکردنی منداڵان و راهێنانیانە بەو خووانەی کە دەیانکات بە کەسانی پێشەنگ.
3. ئەنجامدانی کەمپینێک لەژێر ناونیشانی (ئاو بپارێزە، ژیان دەپارێزیت)، بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی سەبارەت بە پاراستنی ژینگە و پاراستنی ئاوی دوکان.
4. خولی (کۆمیک)؛ لە پرۆژەی هاوبەشی هیوا فاوندەیشن و پایا ئەجێنسی، کە بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوامە، بۆ ئاشناکردن و پێگەیاندنی گەنجان بە هونەری کۆمیک. خولەکان لە شارەکانی: سلێمانی، هەولێر و بەغدا بەڕێوەچوون.
5. پشتگیرکردنی (گەلەری ئێستا) لەناو کارگەی کۆنی جگەرەی سلێمانی و کردنەوەی چوار پێشانگەی هونەریی جیاواز لە ئاستێکی بەرزدا.
6. بە سەرپەرشتیی د.چۆمان هەردی، بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدانی جێندەریی لە زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی و بە هاوکاریی هیوا فاوندەیشن، خولێکمان کردەوە سەبارەت بە هەراسانکردنی سێکسیی لە شوێنی کاردا، بۆ چەند کۆمپانیایەکی سەربەخۆ لە سلێمانی.
7. هیوا فاوندەیشن لەگەڵ زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی، (سندوقی بەخشینی هیوا فاوندەیشن)ی راگەیاند بەمەبەستی یارمەتیدانی خوێندکارانی هەڵبژێردراو لە زانکۆ ئەمەریکی کە پێویستیان بە پاڵپشتیی دارایی هەیە.
8. دروستکردنی چەند دۆکیۆمێنتەرییەک لەسەر (ئامەی جۆڵا، نەزیرە حارس، رووناکی سپیاو...).
9. تەنانەت لە سەردەمی کۆرۆناشدا بەردەوام بووین لەسەر کردنەوەی خولەکان و چەندین خولی ئۆنلاینمان پێشکەش کردووە تایبەت بە: بەڕێوەبردنی کات، خۆئامادەکردن بۆ چاوپێکەوتنی کار، باوەڕبەخۆبوون، کەمکردنەوەی سترێس و دڵەڕاوکێ و هۆکارەکانی، پلاندانان...

هەروەها لەبواری چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب، چەندین چالاکیمان ئەنجام داوە؛ چاپ و وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەمان بۆ زیاتر لە 13 کتێب کردووە، کە سەرجەمیان مۆڵەتی فەرمیی دەرەوە و ناوەوەی وڵاتمان بۆ وەرگرتوون و بەشداریی سەرجەم پێشانگەکانی کتێبمان کردووە.

پلانت چییە بۆ داهاتوو؟
نیان عەبدوڵڵا:
بەردەوامبوون لەسەر چالاکییەکانم و خزمەتکردنی کۆمەڵگەکەم ئەوەندەی توانام هەبێت.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان