کوردستانی
وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە لە ئەڵمانیا شیکردنەوە بۆ دروستکردنى هێڵی ئاسن لە کوردستان دەکات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگەیاند، بە بەشداری شاندی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە شیکردنەوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی هێڵی ئاسن لە کوردستان کرا.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە وێنەیەکی دەست مەودا میدیا کەوتووە هاتووە، شاندی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کە بەسەردانێکی فەرمی لە وڵاتی ئەڵمانیان، لەگەڵ کۆمپانیای (deutsche bahn)ی ئەڵمانی شیکردنەوە بۆ شێوازی ئەنجامدانی پڕژەی هێڵی ئاسن لە هەرێمی کوردستان و زوو جێبەجێکردنی دەکەن.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، لە چوارچێوەی سەردانەکەیان شاندەکە بەشداری سیمینارێکیان کرد کە لە بارەگای سەرەکی کۆمپانیای (deutsche bahn)ی ئەڵمانی بەتایبەت بۆیان رێکخرابوو دەربارەی پڕۆژەی هێڵی ئاسن و لایەنی هونەری و تەکنیکی و تێچوی پڕۆژەکە لەو وڵاتە و بەراوردکارییەک لەگەڵ ئەنجامدانی پڕۆژەکە لە هەرێمی کوردستان.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە، لە سیمینارەکەدا، توانا و شێوازی کارەکانی کۆمپانیاکە و پڕۆژەکانی لەو وڵاتە خرایەڕوو، دواتر لە گەشتێکی مەیدانیدا شاندەکە یەکێک لە پڕۆژەکانی کۆمپانیاکەی بەسەرکردەوە کە لەئێستادا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ئەنجام دەدرێت، تیایدا شیکردنەوە بۆ شێوازی ئەنجامدانی پڕۆژەکان و قۆناغەکانی و ماوەی ئەنجامدانی پڕۆژەکەیان روونکردەوە و هاوکات بەرپرسانی کۆمپانیاکە تیشکیان خستەسەر ئاڵنگارییەکانی بەردەم پڕۆژەکە و شێوازەکانی چارەسەر و زوو بە ئەنجامگەیاندنی، بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە ماوەی چەند رۆژێکە شاندێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی دانا عەبدوکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە چوونەتە وڵاتی ئەڵمانیا بۆ دیزاینکردنی پڕۆژەی هێڵی ئاسنی هەرێمی کوردستان.
ر.ر