کوردستانی

تائێستا وردبینی لە دۆسیەی پەرلەمانتارانی خانەنشیندا نەکراوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


تائێستا وردبینی لە دۆسیەی پەرلەمانتارانی خانەنشیندا نەکراوە
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەری ئاماری خانەنشینیی هەرێم رایگەیاند، تا دوای جەژنی قوربان پێویستە سەرجەم پلە باڵاكان ئەو فۆڕمەی كە بەسەریاندا دابەش كراوە بیگەڕێننەوە، بەپێچەوانەوە رێكاریان بەرامبەر دەگرێتە بەر و مووچەیان رادەگیرێت تا فۆڕمەكە دەگەڕێننەوە.

 سەباح موخلیس، بەڕێوەبەری ئاماری خانەنشینیی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، لە ئێستادا لە پلە باڵاكان تەنھا ئەندام پەرلەمانەكان ماون چاكسازییان تێدا بكرێت، كە ژمارەیان 430 ئەندامە و بڕیارە دوای جەژن دەست بە چاكسازی لە ناوی ئەوانیشدا بكرێت.

 ئەوەشی روونکردەوە "بۆ دیاریكردنی ئەو كەسانەی بە پلە باڵا خانەنشین بوون، فۆرمێكمان دابەش كردووە تا بزانین كێ بە فیعلی پلە باڵا بووە و خانەنشین بووە و كێش كەموكوڕی هەیە و كێ نایاساییە، كە لە رێگەی ئەو فۆڕمەوە ھەموو وردەكارییەكانمان بۆ ئاشكرا دەبێت.

ئاماژەی بۆئەوەشكرد "تا ئێستا نزیكەی هەزار فۆڕممان بۆ گەڕاوەتەوە و بەشێكیشی ماون و پێویستە تاوەكو دوای جەژن ئەوانیش بیگەڕێننەوە، ئەگەرنا رێكاریان بەرامبەر دەگرینە بەر وەكو راگرتنی مووچە تا فۆڕمەكە دەگەڕێننەوە، چونكە پێویست بوو پێش جەژن فۆڕمەكە بگەڕێننەوە".

 وتیشی "چاكسازی لە بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكار و وەزیر و بریكارەكاندا كراوە، بەڵام لەو فۆڕمەدا دیار دەبێت بۆ نموونە كێ وەزیر بووە و چەند خزمەتی هەبووە و بە فیعلی وەزیر بووە یان نایاسایی بووە، ئەوانەمان هەموو بۆ جیا دەكاتەوە ".

ر.ر

Qaiwan
Qaiwan