کوردستانی

ئاگاداریی شۆفێرانی تەکسی دەکرێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئاگاداریی شۆفێرانی تەکسی دەکرێتەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت لەئێستادا هیچ بڕیارێك نەدراوە بۆ درێژكردنەوەی وادەی كۆتایی بۆ لێدانی لۆگۆ و لەزگەی تەكسی، ئاماژەی بەوەشکرد لە دوای جەژن هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن كۆبوونەوە لەوبارەیەوە ئەنجام دەدەن.

دیلان رواندزی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیا راگەیاند "لەئێستادا هیچ بڕیارێك نەدراوە بۆ درێژكردنەوەی وادەی كۆتایی بۆ لێدانی لۆگۆ و لەزگەی تەكسی ".

ئاماژەی بەوەشکرد "بڕیار وایە لەدوای جەژنی قوربان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن كۆبوونەوە لەوبارەیەوە ئەنجام بدەن تیایدا بە پێی یاسا و رێنماییەكان بڕیاری گونجاو دەدرێت بۆ ئەم پرسە".

 وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی "لەئێستادا پێویستە شوفێرە بەڕێزەكان كات بەفیڕۆ نەدەن و سەردانی بنكەكانی لێدانی لۆگۆ و لەزگەی تاكسی بكەن بۆ راییكردنی كارەكانیان".

ئەمەش لە کاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا بە مەبەستی رێکخستنەوەی کاری تەکسی لە هەرێمی کوردستان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و گواستنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریاندا بە لێدانی لۆگۆ و لەزگەی تەکسی بەپێی شارەکان.

س.س
Qaiwan
Qaiwan