کوردستانی

سلێمانی؛ لەبارەی کۆرۆناوە چەند بڕیارێکی نوێ درا

مەودا میدیا - سلێمانی |


سلێمانی؛ لەبارەی کۆرۆناوە چەند بڕیارێکی نوێ درا
مەودا میدیا-

لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی شەش بڕیاری نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگاکە دەردەکات و بەپێویستی دەزانێت، هەموو چالاکییە سیاسی و ئەدەبیی و هونەریی و رێکخراوەیی و کۆمەڵایەتییەکان رابگیرێن.
 
لە نوسراوێکدا کە واژۆی هەڤاڵ ئەبوبەکر، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنای لەسەرە تیادا هاتوە، ئەمڕۆ، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا کۆبوەوە و دۆخی نوێی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانیدا هەڵسەنگێنراو لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی پارێزگای سلێمانییەوە، روونکردنەوەی پێویست خرانەڕوو، کە لە هەمویاندا ئاماژە بۆ مەترسیی بڵاوبوونەوەی زۆرو خێرای پەتای کۆرۆنا دەکەن.

بڕیارەکان:

یەکەم: پێویستە هاوڵاتییان پابەندی تەواوی رێکارو رێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن، بەتایبەتی بەکارهێنانی ماسک و پاراستنی دوریی نێوانیان و دورکەوتنەوە لە هەر بەریەککەوتن و کۆڕو کۆبوونەوە و قەرەباڵغییەک.

دوەم: پێویستە هاوڵاتییان ڤاکسینی پێویست وەبگرن وەک رێگایەکی پەسەندکراوی نێودەوڵەتیی بۆ سنوردارکردنی بڵاوبوونەوەی پەتاکەو دورخستنەوەی مەترسیی مردن لە تووشبووانی کۆرۆنا.

سێیەم: پێویستە هەموو کارمەندانی فەرمانگە دەوڵەتییەکان و کەرتی گشتیی و کەرتی تایبەت پابەندی تەواوی رێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن و رێگا بە هیچ هاوڵاتییەک نادرێت بەبێ پابەندبوون بەم رێکارانەوە سەردانی ئەم دامودەزگایانە بکات.

چوارەم: پێویستە هەموو چالاکییە سیاسی و ئەدەبیی و هونەریی و رێکخراوەیی و کۆمەڵایەتیی، کە دەبنە مایەی تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن تا تێپەڕاندنی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا، رابگیرێن.

پێنجەم: پێویستە دەزگاکان و دامەزراوەکانی راگەیاندن وەک هەمیشە هاوکارو هەماهەنگ بن لە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بۆ پابەندبون بە خۆپارێزیی و بەکارهێنانی ڤاکسینی دژ بە پەتای کۆرۆنا.

شەشەم: پارێزگای سلێمانی هاوکارو هەماهەنگیی تەواوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستی پارێزگای سلێمانی دەبێت بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەوکەسانەی لە رۆژێکدا ڤاکسین وەردەگرن بۆ رێژەیەکی گونجاو.

ر.ر

Qaiwan
Qaiwan