کوردستانی
کاتی دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک راگەیەندرا
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد
وەزارەتی بازرگانی عیراق مانگی رابردوو بڕیاریدا بە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک بەسەر هاوڵاتییاندا کە لە حەوت مادە پێکدێت، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی خۆراکیش لە سلێمانی ئاماژە بەوەدەکات سبەینێ دووشەممە دەست بە دابەشکردنی ئەو سەبەتە خۆراکە دەکرێت.
شەوکەت محەمەد، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "ئێمە بەردەوامین لە دابەشکردنی بەشەخۆراکی هاوڵاتییان لەئێستادا برنجی مانگەکانی دیکە بەسەر هاوڵاتییاندا دابەش دەکەین".
سەبارەت بەوەی کەی دەستدەکرێت بە دابەشکردنی ئەو سەبەتە خۆراکەی کە وەزارەتی بازرگانی عیراق بڕیارە دابەشی بکات ناوبراو وتی "بڕیاربوو ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی ئەو سەبەتە خۆراکە بکرێت، بەڵام لیستەکان ئامادە نەبوون، هەوڵدەدەین سبەینێ لیستەکان ئامادە بکەین و دەست بە دابەشکردنی ئەو سەبەتەی خۆراکە بکەین".
بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی وتیشی "ئەو سەبەتە خۆراکەی دابەش دەکرێت هی ئەم مانگەیە واتە مانگی حەوت، بەڵام جارێ نازانین بۆ مانگەکانی دیکەش دابەش دەکرێت یاخود نا چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عیراق دەکەین".
شایەنی باسە، بەشەخۆراکی هاوڵاتییان لە برنج، زەیت و شەکر و ئارد پێکدێت، بەڵام بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عیراق نیسک، فاسۆلیا و دۆشاو بۆ بەشەخۆراکی هاوڵاتییان زیاد دەکرێت.
س.س
بیروڕا



