کوردستانی
سهرۆكى فهرهنسا پشتگیری خۆی بۆ خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاواى كوردستان دووپاتکردەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی ئیدارەی مەدەنی دێرەزور رایگەیاند، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی رۆژئاوای کوردستان جەختی لە پشتیوانی و سەقامگیریی سیاسیی رۆژئاوای کوردستان و کوردانی رۆژئاوا بۆ بەشداریکردن لەهەر چارەسەرێک بۆ پرسی سوریا کردووەتەوە.
ئاژانسی نۆرس پرێس راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، غەسان یونس، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی ئیدارەی مەدەنی دێرەزور رایگەیاندووە، شاندی رۆژئاوای کوردستان بە سەرۆکایەتی ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکردنی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە کۆشکی ئیلیزێ لەگەڵ ئیمانوئێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا گفتوگۆیان لەسەر بەردەوامی ئیدارەی خۆسەرو بەرپرسیارێتی هەڵگرتنی خەڵکی ناوچەکە کردووە، بەشێوەیەک ئێستا ئەو ئیدارەیە بۆتە بەشێک لە پرسی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا، بۆیە زۆر گرنگە بەشێوەی سیاسیی دان بەو ئیدارەیەدا بنرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "لە گفتوگۆکاندا باس لە سەقامگیریی سیاسیی ناوچەکە و هاوکاریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ لە ناوبردنی یەکجارەکی پاشماوەکانی تیرۆریستانى داعش کراوە، لە بەرئەوەی بونیان لە ئایندەدا هەڕەشەیە بۆسەر سەقامگیریی ناوچەکە".
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی مەدەنی دێرەزور وتیشی "لە گفتوگۆکاندا باس لەوەکراوە کە بەشداریکردنی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا لە چارەسەرەکانی پرسی سوریا لە ئایندە بۆ خەڵکی ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا زۆر گرنگە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو "نەبوونی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا لەو چارەسەرانەی بۆ پرسی سوریا دەخرێنەڕوو، وادەکەن چارەسەرەکان بە ئەنجام نەگەن و شکستبهێنن".
ر.ر
بیروڕا



