کوردستانی
ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و چەند پرسێک تاوتوێ دەکات
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە لەبارەی چەند تەوەرێک گفتوگۆ دەکات لەوانە، رێکخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکان و خستنەڕوی هەنگاوی کردارەکیی وەزارەتەکان و خستنەڕوی بابەتی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تەمووزی 2021 کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات و لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێک تاوتوێ دەکات، لەوانە بەردەوامی گفتوگۆکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ رێکخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکان و خستنەڕوی هەنگاوی کردارەکیی وەزارەتەکان لەم بارەیەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، راپۆرتێک سەبارەت بە دۆخی زیادبوونی بەرچاوی کەیسەکانی تووشبوون بە فایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و بەرزبوونەوەی ژمارەی مردوان بەهۆی ئەم پەتایە و ئەو رێکارانەی پێویستە بگیرێنە بەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم تەشەنەبوونەی پەتای کۆرۆنا دەخرێتەڕوو.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هاوکات لە تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکە، پێشنیاری گۆڕینی هەردوو قەزای (سۆران) و (زاخۆ) بۆ ئیدارەی سەربەخۆ دەخرێتەڕوو، لە تەوەری چوارەمیشدا بابەتی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت باس دەکرێت.
ئەوەش هاتووە، لە تەوەرێکی دیکەشدا دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی و ئابووریی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هاوڵاتییان لە وەرزی سەرما لە ئەنجومەنی وەزیران دەخرێتەڕوو.
ر.ر
بیروڕا



