کوردستانی
هاتوچۆی سلێمانی: ئۆتۆمبێلەکانتان هەرزانفرۆش مەکەن
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
دوای بڕیارەکەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم جموجۆڵی بازاڕی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان تا دێت گەرم دەبێت و بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی ناو شاری سلێمانیش دەڵێت: بۆ ئەوەی هاوڵاتییان تووشی زیان نەبن پێویستناکات ئۆتۆمبێلەکانییان بفرۆش، دەتوانن تا ئەوکاتەی حکومەت چارەسەرێکیان بۆ دەدۆزێتەوە نەیەنە سەر شەقامەکان.
لە چەند رۆژی رابردوودا قوباد تاڵەبانی، جیگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و جام رەشی دەرکرد، بەو هۆیەشەوە چەند مەفرەزەیەکی هاوبەش لە پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ لە شاری سلێمانی و قەزا و ناحێکانی پێکهێندرا بۆ ئەو مەبەستە، لە ئێستاشدا بەشێک لەو هاوڵاتییانەی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتایان هەیە دەیفرۆشن و بەمەش زیانێکی ماددی زۆر دەکەن، فایەق خدر، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی ناوشاری سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند، بۆ ئەوەی هاوڵاتییان تووشی زیان نەبن پێویستناکات ئۆتۆمبێلەکانییان بفرۆش، دەتوانن تا ئەوکاتەی حکومەت چارەسەرێکیان بۆ دەدۆزێتەوە نەیەنە سەر شەقامەکان و لە گەراجدا رایبگرن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەر ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا دەستی بەسەردا بگیرێت، بڕی یەک ملیۆن غەرامە دەکرێت و بەڵێننامەی پێ پڕدەکرێتەوە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لە هەرێمی کوردستان بباتەدەرە.
سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی جام رەشیش ئەوەی خستەڕوو، بڕیارەکە هەموو ئۆتۆمبێلێکی جام رەش دەگرێتەوە بەهەمان شێوە بڕی یەک ملیۆن غەرامە دەکرێت، جگە لەو ئۆتۆمبێلانەی بە پێی یاسا رێگەیان پێدراوە و ساڵانە پارەدەدەن بە حکومەت.
داوای لە هاوڵاتییانیش کرد بۆ ئەوەی تووشی دەستبەسەرداگرتن و غەرامە نەبن با پابەندبن بە بڕیارەکەوە و ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان با نەیەنە سەر شەقامەکان و ئەو ئۆتۆمبێلانەش جامیان رەشکردووە لەزگەکانیان لێبکەنەوە.
ر.ر
بیروڕا



