کوردستانی
پۆلیس هۆشداری بە هاوڵاتییان دەدات لەم جۆرە باندانە
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، باندێکیان دەستگیرکردووە لەژێر ناوی پێدانی دۆلاری لیبی و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، بە زەبری چەك پارەیان لە هاوڵاتییان وەرگرتووە.
ئەمڕۆ دووشەممە دووی ئابی 2021 هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، لە بارەی دەستگیركردنی باندێکی ساختەکارەوە بە مەودا میدیای رایگەیاند "ئەو باندە بە شێوازی رێگری و بە زەبری چەك، لە شەقامەكانی 120 و150 مەتری، بە ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ تاوانیان دەكرد، دوای ئەوەی زانیاریی ورد وەرگیرا، كە سێ كەس بوون دەستگیر كران".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "ئەو باندە لە رێی پەیج و ئەكاونتەوە خەڵكیان دەبردە ئەو شوێنانەی خۆیان مەبەستیان بوو لە شەقامەكانی 120 مەتری و 150 مەتریی هەولێر، بۆ ئەوەی پارەیان لێ وەربگرن، بەناوی خستنەڕووی دۆلاری لیبی، كە لە كوردستان بوونی نییە، بۆیە بۆسەیان بۆ هاوڵاتییان دادەنا و ئەو باندانە بە زەبری چەك پارەكانیان لێ دەسەندن و دەڕۆیشتن".
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەوەشی ئاشکراکرد، لە ئێستادا ئەو باندەی دەستگیر كراون و تا ئێستا دانیان بە چوار تاواندا ناوە و تاوانی دیكەشیان ئەنجامداوە و هۆشداریشی دا بە هاوڵاتییان ئاگاداربن لە کاتی هەر جۆرە مامەڵە و کڕین فرۆشتنێکدا و هەوڵبدەن مامەڵە لەگەڵ کەسانی نەناسراودا و لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەنجام نەدەن.
وتیشی، داوا لەو هاوڵاتییانە دەکەین كە حاڵەتی لەو جۆرەیان بەسەر هاتووە، بێنە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر و سكاڵایان لەسەر تۆمار بكەن.
ر. ر
بیروڕا



