کوردستانی

بافڵ تاڵەبانی: رێگە نادرێت هێزی یەکێتی بۆ مەرامی شەخسی و بەرژەوەندیی تایبەت بەکاربھێنرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ تاڵەبانی: رێگە نادرێت هێزی یەکێتی بۆ مەرامی شەخسی و بەرژەوەندیی تایبەت بەکاربھێنرێت
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە کۆڵۆنێل ئەشیڵ، لێپرسراوی هێزەکانی فەڕەنسا لە عێراق و سوریا و کۆڵۆنێڵ فڕانچ، جێگرەوەی داهاتووی.

لە دیدارێکدا کۆڵۆنێل ئەشیڵ، لێپرسراوی هێزەکانی فەڕەنسا لە عێراق و سووریا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و کۆڵۆنێڵ فڕانچ، جێگرەوەی داهاتووی ناساند و سوپاسی یەکێتی کرد لە بەرانبەر ھاوکاری و پشتگیری بەردەوامی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەشداری کاریگەریان لە جەنگی سەرکەوتن بەسەر داعشدا.

ھەر لەدیدارەکەدا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان به‌گشتی و هەماهەنگی و ھاریکاری نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان تاوتوێكرا، جەخت لە مەترسی جموجوڵەکانی پاشماوەی تیرۆریستان کرایەوە و هەماهەنگی و هاوکاری هەموو هێزەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەیان بە پێویست زانرا.

لە بەرانبەردا بافڵ تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی وەفدی میوانی کرد کە رۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە لە بەرقەراکردنی ئاسایش و ئارامی لە ھەرێم و عێراق و ھیوای خواست ھەردووکیان لە ئەرکی نوێیاندا سەرکەوتووبن، دووپاتی لە بەردەوامی ھاریکاری و ھەماھەنگی زیاتری لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان کردەوە لەپێناو سەقامگیری سیاسی و ئاسایش لەناوچەکە.

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دۆخی ناوخۆی حزب رایگەیاند "لەمەودوا رێڕەوی رێکخراوەیی بە رێگەیەکی تەندروستدا تێدەپەڕێت و بەھیچ شێوەیەک رێگەنادرێت ھێزەکانی یەکێتی کە ھێزی نیشتمانی و جێی متمانەی ھەموولایەکن بۆ مەرامی شەخسی و بەرژەوەندیی تایبەت بەکاربھێنرێت، دەبێت لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و رێنماییەکاندا ئەرکە سەربازییەکانیان رابپەڕێنن و کارەکانیان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا بێت لەو چوارچێوەیەشدا ھاوکاری زیاتری ھێزەکانی ھاوپەیمانان دەبین لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan