کوردستانی

چارەنووسی پارە دزراوەكەی پۆلیسی دارستانی كفری چی لێهات؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


چارەنووسی پارە دزراوەكەی پۆلیسی دارستانی كفری چی لێهات؟
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

چەند رۆژێک پێش ئێستا پارەی مووچەی کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستانی کفری دزرا کە بڕەکەی زیاتر بوو لە 40 ملیۆن دینار، وەک بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان ئاماژەی پێدەکات تائێستا ئەو بڕە پارەیە نەدۆزراوەتەوە.

عەمید شوان محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان بە مەودا میدیای راگەیاند "تائێستا مووچەی پۆلیسی دارستانی کفری نەتوانراوە بدۆزرێتەوە کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لەکاتی هێنانی پارەکەدا بۆ بنکەی پۆلیسی دارستانی کفری دزرا".

ئاماژەی بەوەشکرد "دۆسیەکە ئێستا لە دادگایە و لێکۆڵینەوەکان دەستیپێکردووە و چەند کەسێکیش لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیرکراون، بەڵام بەهۆی نەدۆزینەوەی پارەکەوە نەتوانراوە دۆسیەکە یەکلابکرێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو "ئێمە لە رێگەی بەڕێوەبەری ئیدارەی گەرمیانەوە داوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنی پەیوەندیدار کردووە بۆ دابینکردنی مووچەی کارمەندانی پۆلیسی دارستانی کفری، هەروەها ئەو چەند پۆلیسەشی کە پارەکەیان لێدزراوە لای خۆمان راگیراون".

س.س
Qaiwan
Qaiwan