کوردستانی
وەزیری دارایی داوای هەماهەنگی لە ئاسایش دەکات
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان له كۆبوونهوهیهكدا رایانگەیاند، بۆ زیادکردنی داهاتی سلێمانی، پێویستە رێگری لەو کەسانە بکرێت، کە خۆیان لە باج و گومرگ دەدزنەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان له راگهیهنراوێكدا بڵاویكردۆتهوه، ئەمڕۆ سێشەممە سێی ئابی 2021 ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ خەسرەو گوڵ محەمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان کۆبوەوە، هەردوو لا لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە نەھێشتنی کاری نایاسایی و خۆدزینەوە لە باج و گومرگ کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بەچۆنیەتی هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی ھەرێم، کە بەهۆیەوە دەتوانرێت رێگری لەو کەسانە بکرێت کە خۆیان لە باج و گومرگ دەدزنەوە، بەم کارەش بە ئاسانی داھاتی سنوری پارێزگای سلێمانی بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.
لای خۆشیهوه سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان باسی لەوەکردووە، ئاسایش بۆ پاراستنی گیانی ھاوڵاتییان و ئابووری و داھاتی ئەم وڵاتەیە، بۆیە دەبن بە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ وەزارەتی دارایی.
ر. ر
بیروڕا



