کوردستانی

چەند لیوایەکی هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق پێکدەهێندرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


چەند لیوایەکی هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق پێکدەهێندرێت
مەودا میدیا- 

چەکدارانی داعش سوود لەو بۆشاییە ئەمنیانە وەردەگرن کە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراقدا هەیە و لەو رێگەیەوە زۆر جار خاڵی پشکنینی سوپای عیراق و پێشمەرگە دەکەنە ئامانج و هێرش دەکەنەسەریان، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەش رایگەیاند، بۆ بنەبڕکردنی ئەم کێشەیە بڕیارە چەند لیوایەکی هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق پێکبهێنرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە چواری ئابی 2021 جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی لیوای هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند، لە ماوەی رابردوودا بڕیاردرابوو چەند لیوایەکی هاوبەش لە نێوان هێزی پشمەرگە و سوپای عیراق پێکبهێنرێت، لە ئێستادا بە بایەخەوە کار لەسەر ئەوپرسە دەکرێت و لە ئایندەدا ئەو لیوایانە پێکدەهێنرێن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێکهێنانی ئەو لیوایانە لە چوارچێوەی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانەیە کە لە ماوەی رابردوود لە نێوان هێزی پشمەرگە و سوپای عیراقدا دروستبووە و پاشماوەکانی داعش سوودیان لێ وەرگرتووە بۆ ئەوەی دووبارە خۆیان رێکبخەنەوە و هێرش بکەنە سەر خاڵی پشکنینی هێزی پشمەرگە و سوپای عیراق.

باسی لەوەشکرد، لیوا هاوبەشەکان لە لایەن  هاوپەیمانانەوە مەشق و راهێنانیان پێدەکرێت و ئامادە دەکرێن بۆ چەند ئۆپراسیۆنێکی هاوبەش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و ئەو ناوچەنەی بۆشایی ئەمنیان تێدا دروستبووە بۆ بنەبڕکردنی پاشماوەکانی چەکدارانی داعش.

ئەوە لە کاتێکدایە پاشماوەکانی چەکدارانی داعش لە ماوەی رابردوودا چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق و چەندین کەسیان لێ شەهید و بریندارکردوون.

ر. ر

Qaiwan
Qaiwan