چاوپێكەوتن

دابانی حاجی داود: بوونی ژن لەناو شۆڕشدا، خۆی شۆڕشێک بوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


دابانی حاجی داود: بوونی ژن لەناو شۆڕشدا، خۆی شۆڕشێک بوو
 مەودا میدیا-
دوژمنانی کورد، بەردەوام بۆ بیانوویەک گەڕاون تا لە رێگەیەوە کوردی پێ بچەوسێننەوە، یان دەربەدەری بکەن و لەناوی ببەن. جارێک بە بیانووی نەتەوەیی و جوداخوازی و جارێک بە بیانووی ئایینی و جارێک بە شوبهاندنی وەک مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییان و ناوچەکە. هەر لەو روانگەیەوە کوردانی فەیلی، دوو جار باجیان داوە، جارێک لە رووە نەتەوەییەکە و جارێک لە رووە مەزهەبییەکەوە،  کە دەسەڵاتی سوننی مەزهەبی عیراق بە دڵسۆزی دەسەڵاتی ئێران تۆمەتباری دەکردن و لە هەردوو رووەکەوە بە مەترسیی بۆ سەر بەرژەوەندییەکان ئەژمار دەکران. 
ژیانی دەربەردەی و خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی خاتوو دابان و بنەماڵەکەی؛ گەواهیدەرن بۆ راستێتی ئەوەی کە ئاماژەم پێکرد.
 
ئینتیصار داود حسێن، ناسراو بە دابانی حاجی داود (دابان، نازناوی رێکخستن و پێشمەرگایەتیی بووە).
لە ساڵی 1959 لە شاری مەندەلی لەدایک بووە، بەهۆی باری سیاسیی باوکییەوە و لە ترسی سیخوڕەکانی رژێم، تەمەنی تەنها سێ مانگ بووە کە بەرەو شاری بەغدا رۆیشتوون و لەوێ نیشتەجێ بوون.
 
لە بەغدا چووەتە بەر خوێندن و هەردوو قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و بەشێک لە قۆناغی ئامادەیی لەوێ خوێندووە، بەڵام نەیتوانیوە بەردەوام بێت بەهۆی ئەوەی ئاشکرا بووە کە پەیوەندی بە رێکخستنی کۆمەڵەی رەنجدەرانەوە هەبووە و رۆیشتووەتە دەرەوە بۆ پێشمەرگایەتی. دواتر دوای راپەڕینی ساڵی 1991، لە سلێمانى دەستیکردووتەوە بە خوێندن و ئامادەیی و کۆلێجی یاسای تەواو کردووە.
 
سەرەتا دەمەوێت لە ناساندنی ئەو خێزانەوە دەست پێ بکەین کە تیایدا پەروەردە بوویت، دایک و باوکت کێن؟
باوکم و دایکم خاڵۆزای یەکترین و هەردوو خێزانەکە سیاسی بوون. دایکم ناوی (خەدیجە سەفەر عەلی عەسکەر)ە، بەهۆی ئەوەی لە شاری بەغدا پەروەردە بووە؛ کتومت بەغدایی بوو. لە بنەماڵەیەکی سیاسیی چەپ (شیوعی) بووە، لەگەڵ بەڕێزان (عەزیز ئەلحاج و لەتیف ئەلحاج) ئامۆزان. وەک ئاشکرایە، عەزیز ئەلحاج یەکێکە لە کادیرە ناسراوەکانى حزبی شیوعی، نووسەر و ئەدیب بوو، خاوەنی زیاتر لە (30) کتێبە، سکرتێری حزبی شیوعی عیراق – قیادەی مەرکەزی بوو، نوێنەری عیراق بووە لە یونسکۆ، کەسایەتییەکی ناسراوە لە سەرتاسەری عیراق. هەموویان بە بنەماڵەوە سەر بە حزبی شیوعی بوون، بەڵام لە پەنجاکان کە پرسی نەتەوەیی هاتە نێو گۆڕەپانی سیاسی، باوکم بوو بە پارتی (ئەوسا تەنها پارتی دیموکراتی کوردستان هەبوو). باوکم هەڵقوڵاوی سیاسەتی عیراق و دواتر نەتەوەیی و کوردستانی بوو، بۆیە ئێمەش بەو رێگەیەدا رۆیشتینەوە و پێگەیشتین. 
دایکیشم ئەندامی (رابطة نساء العراق)ی سەر بە حزبی شیوعی بوو لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردوو. 
دایکم و باوکم کاریگەریی زۆریان هەبوو بە سەرمانەوە، هەرچەندە من فریای شیوعییەتییەکەیان نەکەوتم، بەڵام پرسی نەتەوەیی لای من زۆر زوو پەرەی سەند. تەمەنم تەنها (15) ساڵ بوو کە کەوتمە جموجووڵی سیاسی. دایکم (تەبەعیەی) ئێران بوو، باوباپیرانی لە بەغدا گەورە بووبوون، بەڵام ئامادە نەبوون واز لە ناسنامەی ئێرانی بهێنن.
 
ئەوکات دۆخی دارایی خێزانەکەتان چۆن بوو، باوکت چ کارێکی دەکرد؟
زۆر باش بوو، باوکم یەکێک بوو لە بازرگانە گەورەکانى شۆڕیجە، کە تائێستاش دوکانەکان و خانەکانمان ماون.
 
باوکت و براکانت جگە لە کاری سیاسی و رێکخراوەیی، بەشداریی شۆڕش و خەباتی چەکداییان کردووە؟
لە ساڵی 1974، کاتێ رێککەوتننامەی 11ی ئازار نەگەیشتە ئەنجام، باوکم و شەهید سەلمانی برام و دوو ئامۆزام کە یەکێکیان شەهید سەڵاح بوو و ئەوی تریشیان یوسف، رۆیشتن و بوون بە پێشمەرگە، مامم (باوکی شەهید سەڵاح)، بۆ ئەوەی ئاگاداری بازرگانی و بازاڕەکەیان بێت؛ دوو کوڕەکەی لەبری خۆی نارد و وتی: "بۆ ئەوەی ویژدانم ئاسوودە بێ و بەشداری شۆڕش بین."
 
کاتێک رژێم بەمەی زانی، کاردانەوەی چی بوو؟
 کە رژێم زانی باوکم و برا و کەسوکارم بەشداریی شۆڕشی ئەیلولیان کردووە؛ پیاوەکانیان و موختاری گەڕەکیان ناردە سەرمان و دەرگای ماڵەکەمانیان داخست، وتیان: "بۆتان نییە بچنە ماڵەوە." ئێمەیان بە جلەکانى بەرمانەوە دەرکردە دەرەوە. 
ئێمە پێنج کچ بووین، هاتینە دەرەوە. کاتێ باوکم بەمەی زانی، کەسێکی شارەزای نارد و لە رێگەی ئەو کەسەوە ئێمەیان برد بۆ لاى باوکم لە دێیەک لەسەر رووباری سیروان نزیک کفری. باوکم بە کەڵەک ئێمەی پەڕاندەوە لە ئاوی سیروان بۆ مەحمود قەجەر و لەوێشەوە بۆ قەسری شیرین لە ئێران. 
 
هەر لەوێ مانەوە؟
باوکم لەوێ خانوویەکی بە کرێ بۆ گرتبووین، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم خاڵم کە بەهۆی بارودۆخی سیاسیی خۆیەوە پێش ئەوان رۆیشتبوو بۆ ئێران، ئەوکات لە ئیلام دەژیا، هات بۆ لامان و بە دایکمی وت: "تۆ بە پێنج کچەوە لە قەسری شیرین کەس فریات ناکەوێت، باشترە بچیتە ناو کوردەکان کە ئەوانیش کێشەکەیان وەکوو ئێوەیە." بۆیە ئێمەی برد بۆ ئۆردووگای سەرپیلی زەهاو. 
کاتێ چووین، هەزاران خێوەتی لێبوو، دوو خێوەتیان داینێ و لە دەرەوەی ئۆردووگاکە نزیک نەخۆشخانە بۆیان هەڵداین. ئیتر ئێمە لە ئۆردووگا بووین و باوک و برا و کەسوکارمان لە کوردستان.
 
هیچ یەکێک لە باوک و برا و کەسوکار سەردانیان دەکردن؟
جارێکیان شەهید سەڵاح سەردانی کردین، ئەو کاتەى کە لامان بوو، بانگەواز کرا پیاوەکان بچن بۆ شەڕ. دایکم هەوڵیدا شەهید سەڵاح نەڕوات، چوو بۆ لای پاسدارەکان وتی: "ئەم کوڕە ئەمانەتە لای من." دایکم ئەو قسەیەی لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە کرد، چونکە کاتێ ئێمە دەرچووین بەرەو ئێران، ئامۆژنم (دایکی شەهید سەڵاح) دامێنی دایکمی گرت و پێی وت: "دەستم دامێنت، ئەو کوڕەم ئەمانەتی لای تۆ بێت." دایکم ئەو قسەیەی زۆر بەهەند وەرگرتبوو. پاسدارەکان پێیان وتبوو: "با نەڕوات، بڕۆ چەکەکەیمان بۆ بهێنە." کاتێ هاتەوە و بە سەڵاحی، شەهید سەڵاح وتی: "ئامۆژن، سوپاست دەکەم، بەڵام من ئەوە ناکەم، دوایی نەوەک پێم بڵێن ترساوە."، ئیتر گەڕایەوە بۆ ناو شۆڕش و بەهۆی ئەوەوە باوکم و سەلمان دەیانزانی ئێمە لەکوێین.
 
ئەو کاتە شەهید سەلمان لە کوێ بوو و چی دەکرد؟
ئەو کاتە سەلمان لە رەواندز دواى بینینی خولێک و سەرکەوتنی لەو خولە، لە ئۆفیسی کیمیاوی کە تایبەت بوو بە دروستکردنی تەقەمەنی و بۆمب کاری دەکرد و شارەزاییەکی زۆری پەیدا کردبوو.
 
بەهۆی ژیانی نەخوازراوی نێو ئۆردووگا و دوور لە زێد و ماڵی خۆت، زۆربەى یادەوەرییەکانی ئەو کاتانە تاڵ و بەئازارن، چ یادەوەرییەکی ئەو رۆژانەت هەیە کە هەرگیز بیرت ناچێتەوە؟
رۆژێک لە ئۆردووگا جیپێکی سەربازیی لە نزیک نەخۆشخانەکە وەستا و قەرەباڵغییەکی زۆر لە دەوری بوو، منیش گەڕامەوە بۆ لای سەلوای خوشکم، نوستبوو، هەڵمستاند وتم: "هەستە، مەلا مستەفا هاتووە." من وام مەزەندە کرد ئەو قەرەباڵغییە زۆرە بۆ کەسایەتییەکە. دایکم رۆیشتبوو بۆ مەشهەد بۆ زیارەتى ئیمام رەزا، سەلمانیش بە مۆڵەت هاتبوو بۆ لامان. 
لە ئۆردووگاکە کۆمەڵێک گەنج و مامۆستای زگورتیی خەڵکی خانەقین و مەندەلی لێبوو، شوێنێکیان بۆ کردبوون وەک بەشەناوخۆیی، وانەیان بە خوێندکارەکان دەوتەوە. کاتێ پرسیم لەو گەنجانە؛ ئەمە چییە ئەم قەرەباڵغییە؟ وتیان: "کوا سەلمان؟" منیش وتم: "بۆ؟" وتیان: "سەڵاحیان هێناوە." وتم: "ئێ خۆ سەڵاح ماڵمان دەزانێ." وتیان: "بریندارە." وتم: "باشە، من دێم." ئینجا وتیان: "نەخێر شەهید بووە." هەواڵێکی زۆر ناخۆش بوو، ئێستا تەنها بە قسە خۆشە بیگێڕیتەوە. تەمەنی (17) ساڵ بوو، زۆر هاوڕێی شەهید سەلمانی برام بوو و کاریگەری زۆری هەبوو لەسەری.
سەلمان تاکوو شەهیدیش بوو هەر رەشی لەبەر دەکرد بۆ سەڵاح، چونکە لە کولتووری ئێمە نەک تەنها ژنان رەش دەپۆشن، بەڵکوو پیاوانیشمان بۆ ئازیزەکانیان رەش دەپۆشن. 
 
کێ تەرمەکەی هێنابوەوە؟
باوکم تەرمەکەی هێنابووەوە، هەموو ئۆردووگاکەی کردبوو شوێنەکەمانى نەدەزانی، بەو شێوەیە ئێمەی دۆزییەوە.
 
کەی گەڕانەوە بۆ ماڵەکەتان لە بەغدا؟
شۆڕش هەرەسی هێنا و ئێمە هەموومان گەڕاینەوە بۆ بەغدا، ماڵمان نەمابوو، خزم و کەس تا ماوەیەکی دوورودرێژ (نزیکەى ساڵ و نیوێک) داڵدەیان داین تاکوو خانوومان کڕی و ماڵمان دروست کردەوە. 
 
کاتێک گەڕانەوە چیتان کرد، هیچ کەسێکی خێزانەکەتان دەستی کردەوە بە کاری سیاسی؟
کە گەڕاینەوە، دۆخی بەغدا زۆر خراپ بوو. سەلمان دەستبەجێ رێکخراوێکی دروست کرد بەناوی (خوێنی شەهیدان)، پەیوەندی بە کۆمەڵێک خوێندکاری برادەری خۆیەوە کرد، کە پێشتر لە سکرتاریەتی (اتحاد طلبة کردستان العراق) پێکەوە بوون، کە عادل موراد سکتێری بوو. هەندێ ئەندامی کۆکردەوە، ئەمە پێش ئەوەی ببین بە کۆمەڵەى رەنجدەران. 
 
ئەو رێکخراوە چالاکییان ئەنجام دەدا؟
بەڵێ، چالاکیی خۆیان هەبوو، لە ناوچەی جیاواز هەندێ چالاکییان دەکرد. بەهۆی ئەوەی سەلمان شارەزایی لە دروستکردنی تەقەمەنی هەبوو؛ لە ماڵی باپیرم (باوکی دایکم)، کە لە گەڕەکی (عەتەیفیە) بوون (ئەوسا هێشتا ئێمە ماڵمان نەبوو)، بۆمبەکانى دروست دەکرد، مەبەستیشیان ئەوەبوو رژێم بەهۆش بهێننەوە و نیشانى بدەن کورد ماوە و زیندووە.
 
ئەوکات تۆ کە تازە پێدەگەیشتی، بیروباوەڕی سیاسی و هەستی نەتەوایەتیت لا گەڵاڵە بووبوو؟
منیش هەستی نەتەوایەتیم لا گەڵاڵە بووبوو، سەلمان متمانەی زۆری بە من هەبوو، هەندێ لە هاوڕێکانى کە دەهاتن، منی راسپاردبوو راسپاردەکانى بگەیەنم پێیان.
 
هیچ یەکێک لەوانت دەناسی؟
بەڵێ، شەهید شێرۆ، جێگری خۆی بوو، بەڕەچەڵەک خەڵکی سلێمانى بوو، لە بەغدا دەژیا. هەروەها شەهید حەمید، لە بەغدا دەژیا و خەڵکی خانەقین بوو. ئەوەندە دەزانم هەموویان کوردی فەیلی بوون.
 
برادەرانی کۆمەڵەی رەنجدەران چۆن پەیوەندییان پێوە کردن؟
هێشتا ماڵی خۆمان نەبوو، رۆژێکیان شەهید تالیب رۆستەم کە ئەوکات سەرکردایەتی کۆمەڵە بوو و بە خزمایەتی دەگەیشتەوە پێمان، پەیوەندی بە باوکمەوە کردبوو و باسی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی بۆ کردبوو. تالیب زوو زوو دەهاتە ماڵمان، بەڵام من لە نزیکەوە ئاگاداری گفتوگۆکانیان نەبووم. تالیب لە ناوچەى قەرەداغ پەیوەندی بە مەلا بەختیارەوە دەکات، ئەویش بەلایەوە گرنگ دەبێ لە بەغدا لینکێک دروستبکاتەوە. مەلا بەختیار دێتە بەغدا بۆ بینینی باوکم و ناسینی، چونکە یەکتریان نەدەناسی. بڕیار وابوو لە گەراجی نەهزە یەک ببینن، باوکم دەستماڵێکی سووری بە دەستەوە دەبێ، بەو شێوەیە یەکتریان بینیوە. باوکم بە مەلا بەختیار دەڵێ: "هەست دەکەم کوڕەکەم خەریکی جموجووڵە." ئەویش دەڵێ: "حەز دەکەم بیناسم." کە مەلا بەختیار دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانى، کاتێک دیاری دەکات بۆیان کە بچن بۆ سلێمانى، ئیتر شەهید سەلمان لەگەڵ شەهید شێرۆ دەچن بۆ سلێمانى و دەچێتە ماڵی کاک عەباس رۆستەم، برای شەهید تالیب رۆستەم، دواتر لەگەڵ مەلا بەختیار یەک دەبینین. 
سەلمان باسی جموجووڵەکانی خۆیانى بۆ دەکات، ئەویش هانیان دەدات بچنە ناو کۆمەڵەی رەنجدەرانى کوردستانەوە. شەهید سەلمان پێی دەڵێ: "دەبێ بڕۆمەوە و رای برادەرەکانم وەربگرم." ئەوانیش دواتر قبوڵی دەکەن و لینکیان لەگەڵ کۆمەڵە پەیدا دەبێ و مەلا بەختیار ناوی (هەڵۆی سوور) بۆ رێکخراوەکە پێشنیار دەکات و ئەوانیش رەزامەند دەبن. ئیتر بۆ جاری دووەم دواى ئەم گفتوگۆ و رەزامەندییە، سەلمان و شێرۆ و کاوە (کاوە ئۆتۆمبێلی هەبوو) بە ئۆتۆمبێلەکەی کاوە دەچن بۆ سلێمانى، بەڵام بۆ مێژوو؛ هەر لەوێ مەلا بەختیار دەڵێ: "من ئەو کوڕەم بەدڵ نییە." (مەبەستى کاوە بووە). ئەم تێبینییەی مەلا بەختیار لەوەوە هاتبوو، کە کاوە جگەرەکێش دەبێت و پاکەتێک جگەرەی سۆمەر دەردەهێنێت و پێشکەشی ئەوانى تر دەکات، بەڵام بۆ خۆی پاکەتێک جگەرەى (رۆسمەن)ی پێ دەبێت. 
دواى پەیوەندییان، کۆمەڵە سێ کەسیان بۆ دەستنیشان دەکەن بۆ لەناوبردنیان. کۆمەڵە کەسێکی شارەزا لە کاروباری سەربازی، کە شەهید جوامێرە لەگەڵ کەسێکی رێکخستن، کە کازم بوو، دەنێرن بۆ لایان و سەلمان داوای چەک دەکات. مەلا بەختیار دەمانچەیەک و دوو نارنجۆکیان بۆ دەنێرێ بەهۆی ئەوەی ئەوسا شۆڕش توانای لۆجستیی کەم بوو.
 
ئەى تۆ هیچ رۆڵێکت هەبوو؟
ئیتر رۆڵی من لێرەوە دەست پێ دەکات، من هەرچەندە لە رێکخستن نەبووم، بەڵام ئەڵقەی پەیوەندی بووم لەنێوان شەهید سەلمان و برادەرەکانى. تەمەنم (17) ساڵ بوو، هەستیشم کردبوو باوکم و سەلمان چی دەکەن. سەلمان دەیزانی هەستی نەتەوایەتی قووڵم هەیە و چاونەترسم و کاریگەریی شەهیدبوونی شەهید سەڵاحیش زۆربوو لەسەرمان، هەروەها تیاچوونی ماڵ و زەبری رژێم ئەوەندەی تر ئەو هەستەی قووڵتر کردبووەوە. شەهید سەلمان زۆر پشتی پێ دەبەستم، دەمانچە و هەندێ فیشەکی لای من دانابوو، منیش لە خانووە کۆنەکەى بەغدا کە برادەرەکانى باوکم بۆیان دابین کردبووین، رەفەی دیواری هەبوو، دۆڵابێکی بچووک لە دیوارەکەدا بوو، بەبێ ئەوەى کەس لە ئەندامانی خێزانەکەمان پێی بزانن، لەوێ حەشارم دابوو.
ئیتر لە سەرەتای ساڵی 1976ەوە رۆڵی ئەڵقەی ناوەندیم دەبینی.
 
هیچ یادەوەری و بەسەرهاتێکی ئەوکاتت لەبیرە؟
رۆژێکیان سەلمان هاتەوە، دڵتەنگ دیاربوو، وتی: "دەزانی باوکم چی کردووە، دەمانچەیەکی خۆی بە سەد دینار پێ فرۆشتووین." ئەوسا ئەو سەد دینارە بۆ ئەو خوێندکارانە زۆر بوو. منیش بەڕاستی زۆر پێم ناخۆش بوو. کە باوکم هاتەوە، زانی بێتاقەتم، لاى دانیشتم و پێم وت، ئەویش وتی: "بۆ تۆ دەزانی؟" باوکم منی دانیشاند و وتی: "ئەم دەمانچەیەم لە مەندەلییەوە لەسەر داوای مامۆستا بەندەر لە زانکۆی سلێمانى (باوکم وایدەزانی بۆ مامۆستا بەندەرە و نەیدەزانی بۆ کوڕەکەیەتی) هێناوە." وتیشی: "من خەت رەجعەم بۆ خۆم داناوە، نەوەک بگیرێ لە کاتی چالاکیدا."
 
ئەى تۆ هیچ یارمەتییەکی دارایی شەهید سەلمان و ئەوانت دەدا؟
بەڵێ، باوکم بۆ خەرجیی خۆمان بۆ هەریەکەمان مانگانەی بۆ بڕیبووینەوە، خەرجیی ماڵەوەش لای من بوو بۆ ئەو مانگە، چونکە باوکی دایکم کۆچی دوایی کردبوو، تا چلەى چوو دایکم هەر لە ماڵی باپیرم بوو، منیش لە پارەى خەرجی و مانگانەی خۆم، یارمەتی ئەو کوڕانەم دەدا و دواتریش لە مانگانەى خۆم بەردەوام یارمەتیم دەدان. دەمزانی تەنانەت پارەی چایەکیشیان پێ نییە. ئیتر دۆخەکە وا بەردەوام بوو تاکوو ساڵی 1977.
 
دەمەوێت هەندێک باسی شەهید سەلمانم بۆ بکەیت؟
نامەوێ باسی ئازایەتی و چاونەترسیی سەلمان بکەم، بەڵام کوڕی وا ئازا و لێهاتوو زۆر دەگمەن بوو. کە شەوان درەنگ دەهاتەوە بەهۆی چالاکییەکانى ناوشاری بەغدا، من نەمدەهێشت باوکم بزانێت کە هێشتا نەهاتووەتەوە. باوکم گومانی دەکرد سەلمان خەریکی شتێکە، بەڵام نەیدەزانی چییە... لە منی دەپرسی سەلمان هاتووەتەوە؟ پێم دەوت خەمت نەبێت دەمێکە هاتووەتەوە و نوستووە. جفرەیەک هەبوو لەنێوان من و سەلمان، ئەویش ئەوەبوو کە درەنگ دەهاتەوە؛ لەودیو پەنجەرەکەى ژوورەکەی ئێمەوە کە لەسەر کۆڵان بوو، بەهێواشی دەیوت "دایە"، ئیتر منیش بەبێ دەنگی دەچووم دەرگاکەم لێ دەکردەوە و پێم دەوت "پێڵاوەکانت دابنێ با کەس گوێی لە دەنگی پێت نەبێ" و بەنهێنیی دەمبردە ژوورەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆ، شەهید سەلمان و هاوڕێکانی چۆن دەستگیر کران؟
کۆمەڵە، رێکخراوی هەڵۆی سووری راسپاردبوو و سێ کەسیان بۆ دەستنیشان کردبوون بۆ کوشتنیان. لە یەکەم چالاکی، رژێم دەکەوێتە پشکنین و لێکۆڵینەوە و کاوە کە خۆی کوڕە شەهیدی شۆڕشی ئەیلول بوو، زانیاری هەبوو بەهۆی یەکێ لە هاوڕێکانیان، ئەوانیش هەواڵەکە دەگەیەننە لای حکومەت و نزیکەى (20) کەسیان لێ گیرا. لەو گیراوانە حەوتیان حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو (سەلمان، شێرۆ، جوامێر، جەمال، عادل، سەلام، کازم). ئەم حەوت گیراوە لەناو خۆیاندا بڕیاری راکردن دەدەن (بیرۆکەی راکردنەکە هیی سەلمان بوو)، بەڵام بەداخەوە، دواى ئەشکەنجەدانێکی زۆر، یەکێک لە گیراوەکان (کازم) خۆی ناگرێ و دەبێتە هاوکاری رژێم لە زیندان و هەواڵی راکردنەکە دەگەیەنێت، بەڵام پێیان دەڵێت "من کاژێری (سفر)ی راکردنەکە نازانم کەیە."
پلانی راکردنەکە بە باشی بەڕێوە دەچێت؛ لە بەرەبەیانى رۆژێکی مانگی تشرینی یەکەمی 1977، پلانەکە جێبەجێ دەکەن و را دەکەن، کە دەگەنە لای دیواری پەرژینی ئەمنی عامە، سەلمان دەبینێت کازمیان لەگەڵ نییە، بۆیە بەپەلە دەگەڕێتەوە بۆ ناو زیندانەکە بۆ لای کازم و دەبینێت کازم بە بەتانییەکەی سەری خۆی داپۆشیوە. سەلمان بە کازم دەڵێت: "هەستە، وا دەرباز دەبین." بەڵام چونکە کازم کەتنەکەی کردووە و هەواڵی لەمان داوە، دەڵێت: "من نایەم، نامەوێت را بکەم." لەم کەینوبەنەدا شەشەکەی تر را دەکەن جگە لە جەمال، کە لەسەر پەرژینەکە چاوەڕێی سەلمان دەکات. مەخابن، هەتا سەلمان دەگاتەوە لای پەرژینەکە، پۆلیسی ئێشکگر بەئاگا دێت و دەست دەبات بۆ تفەنگەکەی، بەڵام سەلمان لەو گورجتر دەبێت و پەلاماری بەردێکی گەورە دەدات و دەیکێشێت بە پۆلیسەکەدا کە لەو کاتەدا دەستی لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکەی دەبێت و تەقە دەکات رووەو سەلمان، سەلمان دەپێکرێت و لە سمتییەوە هەتا قاچی 11 فیشەکی بەردەکەوێت، کە جەمال ئەمە دەبینێت، دەگەڕێتەوە سەری و سەری دەنێت بە سنگییەوە، بە کراسەکەی خۆی و کراسەکەی سەلمان هەوڵ دەدات خوێنەکەی بوەستێنێت. ئیتر جەللادەکان دەگەنە سەریان و دەستگیریان دەکەنەوە. 
دوای دادگاییەکی نادادانە، حوکمی لەسێدارەدان دژی هەر شەشیان (سەلمان، جوامێر، جەمال، سەلام، عادل، شێرۆ) دەردەکەن.
 
چارەنووسی کازم بە چی گەیشت؟
دواى ئەم رووداوە، کازم بۆ ماوەیەک لە زیندان دەمێنێتەوە هەتا لە لێبووردنە گشتییەکەی ساڵی 1979 ئازاد دەکرێت، ئێستا لە خانەقین دەژی وەکوو ئەوەی نە بای دیبێت نە باران.
 
دوای دەستگیرکردنەکەی، کەی توانیتان سەردانی شەهید سەلمان بکەن؟
سەلمانمان لە کانوونی یەکەمی 1977 بینییەوە کە بۆ یەکەم جار چووین بۆ لای بۆ ئەبوغرێب بۆ سەردان. لەوێ بۆی گێڕاینەوە و وتی: "کاتێک چاوم کردەوە، بینیم لە شوێنێکم کە نەمدەزانی کوێیە؟ پرسیارم کرد من لە کوێم؟ پێیان وتم تۆ برینداریت و ئێرە نەخۆشخانەی سەربازییە."
 
ئەو باسوخواسانەت بیر ماوە کە زیندان کردتان؟
لە زیندانی ئەبوغرێب باوکم لە سەلمانى پرسی: بۆ ئەو رێکخراوەت ناونا خوێنی شەهیدان؟ شەهید سەلمان وتی: "لە تۆڵەى خوێنی شەهیدان، هەروەها بۆ ئەوەی بەردەوام خوێنی شەهیدانمان لەبەرچاو بێ." باوکم وتی: "باشە چۆن دەبێ سەرکردە خۆی راستەوخۆ چالاکیی بکات؟ سەرکردە دەبێ خۆی بپارێزێ بۆ ئەوەی رێکخراوەکە بەردەوام بێ." لە وەڵامدا وتی: "نەوەک پێم بڵێن دەترسێ، یان پێم بڵێن بۆ خۆت نایکەی و ئێمە دەنێری." پاشان باوکم وتی: "یا روح ما بعد روح" ئەمە مەسەلێکی عەرەبییە؛ هەر دەگیرێن دەگیرێن، درەنگ و زوو کەوتووە. ئەمەش لەوەوە هات کە لە کاتی چالاکییەکەدا، بڕیار وابوو ئەنجامدانى ئەو ئیشە لەلایەن جەمالەوە بوایە، بەڵام بە رێکەوت کابرای تاوانبار لە لای سەلمانەوە دێت نەک لە لای جەمالەوە وەکوو چاوەڕوان بوون، ئیتر سەلمان دێتە دەست و تاوانبارەکە بە سزای گەل دەگەیەنێت.
 
بیستوومە دایکت پاش دەرکردنی بڕیاری لەسێدارەدانی شەهید سەلمان و هاوڕێکانی، هەڵوێستێکی مێژوویی قارەمانانە دەنوێنێت، دەتوانى ئەو سەرگوزشتەیەم بۆ بگێڕیتەوە؟
پاش حوکمی لەسێدارەدانەکە، باوکم و دایکم وەک ئەوەی سەلمان جەرگیانە و کوڕی گەورەیان بوو و زۆریش نازدار بوو لایان، هەموو هەوڵێکیان دەدا بۆ کەمکردنەوەی حوکمەکەی. دواى پرسیار، شۆفێرێکی ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆک کۆماری ئەوسایان دۆزییەوە، کە هاوڕێی منداڵیی دایکم بوو. چوون بۆ لاى، ئەویش وتبووی: "هیچم پێ ناکرێ، بەڵام بە پارێزەرێکی زۆر شارەزاتان دەناسێنم، کە خوشکەزای ئەحمەد حەسەن بەکرە." باوکیشم وەک پارێزەر گرتبووی نەک تەنها بۆ کوڕەکەی، بەڵکوو بۆ هەموو ئەوانەی حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا درابوو. دواى سەیرکردنی پەڕاو و دۆسیەکانیان، هاتەوە بە باوکمی وت: "ماڵت کاول بێ، کوڕەکەت سەرەداوی گڵۆڵە خورییەکەیە و ئەو ئەو پیاوەی کوشتووە." وتیشی: "هیچ ناکرێ، بەس دەتوانین لەگەڵ ئەحمەد حەسەن بەکر و سەدام حسێن قسە بکەین". پارێزەرەکە قسەکەی لەگەڵ کردبوون، سەدام وتبووی: "باشە دەبێ، بەڵام دەبێ بێنە سەر تەلەفزیۆن و پەشیمانبوونەوەی خۆیان رابگەیەنن و هاوکاریمان بکەن." کە باوکم هاتە ماڵەوە بۆ دایکمی گێڕایەوە، دایکم بە باوکمی وت: "سەری ئەو مەنجەڵە دابخە، من ئەمەم بۆ کوڕی خۆم قبوڵ نییە." باوکم لە دایکم دەپاڕایەوە و دەیوت: "لە کەلی شەیتان وەرە خوارەوە، با بە کوڕەکەمان بڵێین ئەو خۆی بڕیاری لێ بدات." دایکم وتی: "ئەگەر بە کوڕەکەت بڵێیت و قبوڵی بکات؛ ئەوا من بەجێتان دەهێڵم و سەری خۆم هەڵدەگرم بۆ هەتاهەتایە."
 
ئەی بە شەهید سەلمانیان وت؟
سەلمان بەهۆی هەوڵی راکردنەکەیان، 11 فیشەک بەر قاچی کەوتبوو و لە نەخۆشخانەی زیندانەکان بوو. رێگەیان پێداین سەردانی بکەین. باوکم بۆ سەلمانى باس کرد، سەلمان بە باوکمی وت: "تۆ چی دەڵێی؟" باوکم وتی: "بڕیار بڕیاری خۆتە، هەرچی بڕیارێک بدەی، من قبوڵمە." ئیتر سەلمان رووی کردە دایکم وتی: "ها (أم سلمان) کە وەک نازناو بە دایکمانى دەوت، تۆ دەڵێی چی؟" دایکم وتی: "دوو پرسیارم هەیە، یەکەمیان: کە تۆ ئەو رێگەیەت هەڵبژارد، نەتدەزانی ئەمە چارەنووستە؟" سەلمان وتی: "بەڵێ، دەمزانی." دایکم وتی: "دووەمیان: ئەگەر بێتو هاوکارییان بکەیت و بێیتە سەر تەلەفزیۆن، دەبێت خەڵک بدەیت بەدەستەوە؟" سەلمان وتی: "ام سەلمان (القطار یمشي)." دایکیشم وتی: "بڕۆ خوا و موحەمەد و عەلی لەگەڵت بن و ئاوڕیش مەدەرەوە لە خۆشیی ژیان."  سەلمان پرسیی: ئەی تۆ؟ دایکم وتی: "منیش بدە دەستی خوا و بڵێ خودایە سەبووری دایکم بدە." سەلمان وتی: "دایە، رۆژێک دێت وێنەکەم هەڵگری و شانازیم پێوە بکەی." 
ئەوەبوو خەونی سەلمان هاتەدی بۆ دایکم. دایک و باوکی هەر پێنج شەهیدەکەی تر و باوکی منیش کەسیان لە ژیاندا نەمابوون لە کاتی پەردە لادانی سەر تابلۆی ئەو شەش شەهیدە، دایکم تاکە دایک بوو مابوو و هەر ئەویش پەردەکەی لا دا.
 
ئەى باوکت پاش لەسێدارەدانی شەهید سەلمان هەڵوێستی چی بوو؟
باوکم بۆ شەهید سەڵاح هەر جلی رەشی لەبەردا بوو، بەڵام کە سەلمان شەهید کرا، جلە رەشەکانى داکەند. دایکم لێی پرسی: چۆن دڵت دێت جلی رەش دابکەنی؟ باوکم وتی: "کە سەڵاح شەهید بوو، هێشتا زۆر لام روون نەبوو دوژمنم کێیە، بەڵام ئێستا لام روونە کێیە، بۆیە نابێ بهێڵم دڵیان خۆش بێت."
وەک دەزانن باوکم خۆی لە رێکخستنەکانی کۆمەڵەدا کاری دەکرد و هاوکاری مامۆستا بەندەری بەرپرسی رێکخستنەکانى کۆمەڵەی رەنجدەرانی ناوشاری بەغدا بوو.
 
لێرەدا دەمەوێت باسی ئەو نامەیەم بۆ بکەیت کە مام جەلال لە رێگەی باوکتەوە ناردی بۆ خومەینی لە نەجەف؟
نامەیەکی مام جەلال بۆ خومەینی گەیشتە لای باوکم بۆ ئەوەی بیبات بۆی، ئەم نامەیە کاک نەوشیروان لە کتێبەکەی (لەکەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ) باسی کردووە. باوکم دایکمی برد لەگەڵ خۆی. باوکم دۆستایەتی لەگەل سەید جەعفەر هەبوو کە زۆر نزیک بوو لە خومەینی و لای ئەو بوو، چوون بۆ نەجەف و لەوێ سەید جەعفەر دەبینێ و پێی دەڵێ نامەیەکی مام جەلالی پێیە بۆ خومەینی. ئەوسا خومەینی دەستبەسەر (ئیقامەی جەبری) بوو،
 کەس بۆی نەبوو لێی نزیک بێتەوە، لە رێگەی ئەو پیاوەوە باوکم توانی ئەو مۆڵەتە وەربگرێ و بچێتە لای. جلێکی سەرتاپا رەشی شێخانە بۆ باوکم دەهێنن و لەبەری دەکات و دایکم لە حەوزە جێدەهێڵێ و پێی وتبوو: "ئوم سەلمان، ئەگەر نەگەڕامەوە تۆ بگەڕێرەوە بۆ بەغدا." دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، باوکی سەلمان (حاجی داود) دەردەکەوێ و دەگەڕێتەوە.
 
با بێینە سەر باسی خۆت، چۆن پەیوەندیت کرد بە ریزەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە؟
پاش شەهیدکردنی ئەو پۆلە قارەمانە، نەمتوانی خۆم رادەستی ئەو واقیعە تاڵە بکەم و دابنیشم و قبوڵی بکەم، بۆیە خۆم کەوتمە جموجووڵ و دەمویست هێڵی کۆمەڵە بدۆزمەوە. لە بەغدا نەمدەتوانی، لە رێگەی وەسفیە وەیسی کە خەڵکی ناوچەى خۆمان بوو و پەیوەندی بە هەڵۆی سوورەوە هەبوو و سەردانی کردبووین، پەیوەندیم دروست کرد. کاتێ بە وەسفیە خانم وت، وتی: "تۆ هێشتا منداڵی، جارێ بوەستە." بەڵام من قبوڵم نەکرد. وتی: "باشە، وەرە بۆ سلێمانى." منیش بە باوکمم وت: "دەچم بۆ سلێمانى." وتی: "نەخێر." وتم: "دەچم بۆ سەردانی ماڵی شەهید سەلام." کە هاتمە سلێمانى، چوومە ماڵی فەتحیەی خوشکی شەهید سەلام، دواتر من و کاک عەباسی برای شەهید سەلام و فەتحیە و وەسفیە، شانەیەک بووین، مانگی جارێک دەهاتم بۆ سلێمانى بۆ کۆبوونەوە. باوکم هەستی کرد منیش ئیش دەکەم بەهۆی ئەوەی هادی ژنبرای کاک عەباس زوو زوو دەهاتە ماڵی ئێمە بۆ پەیوەندی و منی ناساند بە هێڵی کۆمەڵەی بەغدا و لەگەڵ ئەویشدا دەچووین بۆ کۆبوونەوە.
باوکم لێی پرسیم: چی دەکەی؟ منیش لێم نەشاردەوە و بۆم باس کرد. باوکم وتی: "ئەو رژێمە زۆر دڕندەیە و دەزانی چەند مەترسیدارە، دەزانی چی لەو کوڕە قارەمانەمان کردبوو، ئێمە ئاشکراین بۆ حکومەت و دەمانناسن." منیش پێم وت: "ئەی بۆ کە وەسیفە دێت نێوچەوانی ماچ دەکەیت، بۆ کچی خەڵکی بەلاشە و ئێمە نا!" ئیتر باوکم نێوچەوانی ماچ کردم وتی: "شەرمەزارت کردم، گرنگ ئەوەیە ئاگات لەخۆت بێت." وتم: "ئامادەم بۆ هەموو رووداوێکی نەخوازراو." ئیتر لە پەیامی باوکم تێگەیشتم.
ماوەیەک بەو شێوەیە رۆیشت، وەسفیە ناوبەناو دەهات و هادیش دەهات. جارجاریش لەگەڵ باوکم دەهاتمە سلێمانى. رۆژێک وەسفیە وتی: "بە هێڵێکی کۆمەڵەت لە بەغدا دەناسێنم." ئەوسا لە پۆلی سێی ناوەندی بووم. وتی: "ناونیشانى خوێندنگەکەت دەدەم بە کەسەکە، هەر کە هات ئەوا بزانە ئەوەیە کە من ناردوومە." تا پەیوەندیی پێوە کردم لەسەر ئاگر بووم. رۆژێکیان خزمەتگوزارەکە هات وتی: "لە ئیدارە داوات دەکەن." کە رۆیشتم، کچەکە بەدواى ئەو خزمەتگوزارەدا هاتبووە دەرەوە، پشتی گرتم وتی: "تۆ ئینتیصاری؟" وتم: "بەڵێ" وتی: "وەسفیە منی ناردووە." ئیتر کات و شوێنمان دانا بۆ یەکتر بینین. 
من لە خۆشیا زەوی نەیدەگرتمە خۆی، ئەو کچە ناوی هاوڕێ دێرین (شنە) بوو، خەڵکی سلێمانى بوو، لە زانکۆی بەغدا دەیخوێند لە کۆلێجی ئاداب بەشی زمانى فارسی، لە بەشەناوخۆیی بوو. دوای چەند کۆبوونەوەیەک ئاشنای کردم بە هاوڕێ دیلمان (گەلاوێژ عبێد)، هەروەها کوڕێک بەناوی زانا، ئەویش خەڵکی سلێمانى بوو. زۆر جار کە کۆبوونەوەمان دەکرد لەگەڵ کوڕ، بۆ ئەوەی نەبینە جێی گومان؛ کوڕ و کچ بەیەکەوە دەبووین بۆ ئەوەی وەک کەپڵ سەیر بکرێین. دیارە ئەمەش لەوەوە هاتبوو کە ئێمەى ئەندامانى کۆمەڵە، قوربانیمان دەدا بە هەموو شتێک لەپێناو سەرخستنی رێبازی کۆمەڵە و شۆڕش.
 
ئەو ماوەیە بەشداریی هیچ چالاکییەکی مەیدانیت کرد؟
هەتا لە بەغدا بووم، دەمویست بەشداریی بەشی چالاکییە چەکدارییەکانی رێکخستنەکانى کۆمەڵە لە بەغدا بکەم، کە ئیشی ئیختیالاتیان دەکرد، بۆ ئەوەی تۆڵەی شەهیدانى هەڵۆی سوور لە کاوە بکەمەوە، بەڵام بەداخەوە بەشداریی هیچ چالاکییەکی لەو جۆرەم نەکرد.
 
بەهۆی دەستگیرکردنی هەندێک لە ئەندامانی رێکخستنەکانى کۆمەڵە لە بەغدا، چەند کەسێک بەتایبەت ئەو خانمانەی لەوێ بەنهێنیی چالاکییان دەکرد ئاشکرا بوون و چوونە دەرەوە بۆ شاخ و شارەکانی تر، ئێوە تا کەی بەو شێوەیە بەردەوام بوون؟ ئایا تۆش ئاشکرا بوویت لەو نێوەندەدا؟
دۆخەکە بەو جۆرە بەردەوام بوو، هەندێ جار کۆبوونەوەمان لە ماڵی خوشکی هەڵکەوت عەبدوڵڵا دەکرد لە بەغداد جدیدە. ئێوارەیەک شنە تەلەفۆنی کرد وتی: "کاژێر 6ی بەیانی بچۆ بۆ گەراجی نەهزە." وتم: "بۆ؟" وتی: "تۆ وەرە، دەزانی بۆ." نازانم چۆن 6ی بەیانی لە ماڵەوە خۆم گەیاندە گەراج، کاتێ گەیشتم، بینیم شنە و گەلاوێژ بەخۆیان و جانتایەکەوە وتیان: "دەبێ بڕۆین بۆ سلێمانى." پرسیم: بۆ؟ وتیان: "زانا گیراوە و ئیعترافی کردووە و تۆش دەناسن." وتم: "وا نایەم بۆ سلێمانى، من کچی بنەماڵەیەکی دیارم و گەنجم و باوکیشم دەزانێ من کاری سیاسی دەکەم، دەبێ بڕۆمەوە بە باوکم بڵێم و سبەى دێم بۆ سلێمانى." ماڵئاواییم لەوان کرد و گەڕامەوە ماڵەوە. کتێبە مارکسی و نامەکانم لەناوبرد و هەموویانم سووتاند، چاوەڕێم کرد تا هەموو ماڵەوە نوستن. باوکم گوێی لە رادیۆ دەگرت، چوومە لایەوە دانیشتم، باوکم پێی دەوتم (داڵک با)، وتی: "داڵک با چیتە؟" پێم وت: "دەمەوێ بچمە سلێمانى." وتی: "باشە، خۆت ئامادە بکە سبەى دەچین." وتم: "دەبێ بەتەنها بڕۆم." باوکم رادیۆکەی لەدەست کەوتە خوارەوە، وتی: "ئاشکرا بوون؟" منیش بۆم گێڕایەوە، وتی: "خۆت کۆبکەرەوە سبەی دەربچۆ، باشە چۆن هاتیتەوە کە دەتزانی وایە؟" منیش وتم: "نەمدەتوانی بە تۆ نەڵێم و هەروا بڕۆم." بەیانی کە هەستام، گوێم لێبوو ماڵ شڵۆقاوە و دەنگەدەنگە لە ناندینەکە، تومەز باوکم بە دایکمی وتووە، منداڵان هەموویان بەئاگاهاتبوون، کە سەیری ئەو منداڵانەم دەکرد، دەموت باشە ئەوان گوناحیان چییە لەبری من زیندانی بکرێن، رۆیشتمەوە جێگەی خەوتنەکەم، باوکم هات وتی: "ئەوە بۆ هەڵنەستاوی؟" وتم: "با رژێم من ببات، ئێوە گوناحتان چییە؟" باوکم وتی: "هەستە بڕۆ، یەک ئامۆژگاریت دەکەم؛ ئەگەر بیستت ئێمەیان بردووە، بەهیچ جۆرێک نابێ بێیتەوە، کێ دەڵێ تۆ بەرگەی ئەشکەنجەدان دەگری، تا ئەندامێک پەیدا دەکەین رۆحمان دەبێ بە ئاو، لێرەش ناتوانین بتشارینەوە، دەی خۆت ئامادە بکە." پارەى دامێ و ناردمی بۆ سلێمانى. ناونیشانێکم لە هاوڕێ دێرین وەرگرتبوو لای کتێبخانەی گشتی، کە لەوێ هاوڕێ دێرین و هاوڕێ دیلمانم بینی، وتیان: "با بچین بۆ حەوزەوشکەکە." منیش شارەزای سلێمانی نەبووم، پرسیم: بۆ؟ وتیان: "برادەرانی سەرکردایەتی وتوویانە ئەو کچانە بێنە دەرەوە بۆ پێشمەرگایەتی، دەچین جلوبەرگی کوردیی پیاوانە و پێڵاوی لاستیک و پوزەوانە دەکڕین."
 
تۆ بە باوکت وتبوو کە دەچیت بۆ سلێمانى، بەڵام پێیان وتی دەبێت بچنە دەرەوە بۆ پێشمەرگایەتی، باوکت لەو بڕیارە نوێیە ئاگادار کردەوە؟
لە 5ی ئازاری 1982 چووینە ماڵی دولبەر خانی پوری شنە. بەو کتوپڕییەی کە پێیان وتم دەبێ پەیوەندی بە شاخەوە بکەین، بەلامەوە قورس بوو بەبێ ئاگاداریی باوکم ئەو کارە بکەم، بۆیە نامەیەکم نووسی بۆ باوکم، هەموو دۆخەکەم بۆ باس کرد، بۆم نووسی کە ئەمە فەرمانی رێکخستنە و داوای لێبووردنم لێ کرد. نامەکەم لە رێگەی رەوانشاد وەسفیە خانەوە گەیشتە دەستی باوکم. بۆ بەیانی بە جلوبەرگی ژنانەوە کەوتینە رێگە و یەکەم قۆناغ گەیشتینە سوورەدێ. 
 
کێ چاوساغتان بوو؟
شنە خان چاوساغمان بوو. دواى ئەوە بە ئۆتۆمبێل رۆیشتین، پاشان ماوەیەکی باشیش بە پێ رۆیشتین و لە شوێنێک هەڵکەوت عەبدوڵڵا چاوەڕێمان بوو. من باش دەمناسی، چونکە لە بەغدا بەرپرسمان بوو. ئێمەی گەیاندە دێیەک و لەوێوە بە وڵاخ ئێمەیان گەیاندە زێوێ، لە دوورەوە خەریک بوو تەقەمان لێ بکەن، کاک هەڵکەوت هاواری کرد ئەوە ئێمەین. 
 
تۆ کچێک بوویت کە لە ژینگەی شارێکی گەرمی وەک بەغدا پەروەردە بووبوویت، ئەو کەشە سارد و ناوچە شاخاوییانە بۆ تۆ نامۆ نەبوون؟
ئەمانە هەموو نامۆ بوون بۆ من، خەریک بوو لە سەرما رەقبینەوە. لە سوورەدێ چووینە ماڵێک ئاگریان بۆ کردینەوە، خەریک بوو لەتاو سەرما بچینە ناو ئاگرەکەوە، دوای ماندووبوونێکی زۆر لە نزیک ئاگردانەکە خەومان لێ کەوت، لەپڕ هاواریان کرد "شتێک دەسووتێ"، تومەز ئاگر لە کەوای من و گەلاوێژ بەربووبوو خەریک بوو بسووتێین. 
 
پاشان چوون بەرەو کوێ؟
هەر لەوێوە بەرەو شێنێ رۆیشتین، بەرەبەیان گەیشتین.
شێنێ پڕبوو لە پێشمەرگە، ویستمان بەرەو سەرکردایەتی بڕۆین، وتیان: "چاوەڕێ بکەن چەند کەسێکی تریش دەگەن." مەبەستیان لە (هاوژین مەنمی، بڵند مەنمی، بێگەردی خوشکی هەڵکەوت عەبدوڵڵا و راستگۆی هاوسەری) بوو.
ئەو شەوە لە بارەگاکەی مامۆستا ئەنوەر ماینەوە، بۆ بەیانی بەرەو سەرکردایەتی کەوتینە رێ. ئەو هەورازە سەرەتا زۆر دژوار و قورس بوو، هەموو شتێک بەلامەوە نامۆ بوو. لە دواى ئەوە گەیشتینە ناوەندی کۆمەڵە، سەرکردایەتی لەوێ بوو. لە ناوەندی کۆمەڵە (فەرەیدون عەبدولقادر، ئازاد هەورامی، قادری حاجی عەلی، ئاوات عەبدولغەفور) پێشوازییان لێ کردین.
 
گوزەرانتان چۆن بوو لە شاخ، پێشمەرگە پیاوەکان چۆن لەو کۆمەڵە خانمەیان دەڕوانی کە لەوێ بوون؟
هەر لە سەرەتاوە هەستمان کرد وەک تەوقێ وابووین، نەیاندەزانی چیمان لێ بکەن. دوایی کاک قادری حاجی عەلی وتی: "بابچین بۆ ماڵی حەمەجەزای برام." ئیتر چووین لەبەرئەوەی تەنها یەک ژووریان هەبوو. 
پێش ئەوە هەڵکەوت عەبدوڵڵا پێشنیاری کرد هەریەکەمان کورتەیەک لەسەر خۆمان بنووسین. لە ماڵی کاک حەمەجەزا بەهۆی ماندووێتی زۆرەوە یەکسەر خەومان لێ کەوت.
دواى کەمێک لە دەرگا درا، هاوسەری کاک حەمەجەزا دەرگای کردەوە یەکێک بوو وتی: "کاک مەلا بەختیار و رووناک خان دەڵێن با خوشکی شەهید سەلمان بێتە ماڵی ئێمە." وتیشی: "تەنها خۆی." منیش ناسیمەوە، کاک عەباسی ڤیدیۆ بوو، دەمناسی. وەڵامم دایەوە وتم: "موجازەفە بە سومعەی خۆمەوە ناکەم، یان هەموومان یان بەتەنها نایەم." (مەبەستم لەو موجازەفەیە بە سومعەی خۆمەوە ئەوەبوو؛ برادەرەکانم دوایی نەڵێن خۆپەرست بوو). کاک بەختیار نامەکانی ناسینمانی خوێندبووەوە، بۆیە زانیبووی کە لەوێم.
بەیانییەکەی ناردیان بەدواماندا بۆ ناوەندی کۆمەڵە، لەوێ (شەهید ئازاد هەورامی، فەرەیدون عەبدولقادر، قادری حاجی عەلی، مەلا بەختیار) دانیشتبوون. گوێم لێ بوو کاک ئازاد هەورامی لە کاک مەلا بەختیاری پرسی: کامیان خوشکی شەهید سەلمانە؟ گوێم لە وەڵامی کاک بەختیاریش بوو وتی: "وابزانم ئەو رەشپۆشەیە." منیش سەرم بۆ لەقاند.
بۆ رۆژی دواتر لە ماڵی کاک مەلا بەختیار داوەتی نانخواردن بووین، لەوێ وتی: "هاوڕێ موجازف، موجازەفەیە بێیتە ماڵی ئێمە، ئەی چی بە مام داود بڵێم؟" پێم وت: "نامەوێ بەوە بناسرێم کە کەسێکی خۆویستم." تائێستاش ناوبەناو پێم دەڵێ "هاوڕێ موجازیف".
8ی مانگى ئەو ساڵە، بەهۆی ئەو هەموو ژن و کچەوە یادی هەشتی ئازاریان ساز دا وەک رێزگرتنێک بۆ ئێمە.
 
لە ماڵی کاک حەمەجەزا چەند مانەوە؟
لەو ژوورە بچووکەى ماڵی کاک حەمەجەزا، (25) شەو ماینەوە. شەوێکیان ئاو دەهاتە خوارەوە، پرسیم: ئەوە چییە؟ وتیان: "دڵۆپەیە، بەفر دەتوێتەوە." وتم: "ئەی چارە؟" وتیان: "دەبێ پاک بکرێتەوە." منیش وتم: "بابچین پاکی بکەینەوە." وتیان: "بە ئێمە ناکرێ." وتم: "نیشانم بدەن خۆم دەیکەم." بە بەفرماڵ پاکم کردەوە. باگردێنێکیشی لێبوو، پرسیم: ئەوە بۆ چییە؟ وتیان: "بۆ بانگێڕان." ئەویشم کرد. لە دوورەوە کاک فەرەیدون منی بینی، وتی: "ئەمە چییە، کچە بەغدایی ئەم کارە دەکات؟ ئێستا کوڕە پێشمەرگەکان دەنێرم." منیش وتم: "بۆ ئەوان لێرەن بۆ خزمەتکردنی ئێمە، ئەی ئێمەش پێشمەرگە نین؟" دیاربوو ئەمەی بۆ کاک نەوشیروان گێڕابووەوە. بۆ بەیانی لە ماڵی کاک نەوشیروان بووین وتی: "کچە بەغدایی." منیش پێم وت: "بۆ وام پێ دەڵێیت؟" وتی: "ئەی چۆن وەڵامی کاک فەرەیدون بەو جۆرە دەدەیتەوە؟"
 
هەر بەو شێوەیە بەردەوام بوون، یان ئەرک و بەرپرسیارێتیان لەئەستۆ گرت؟
خۆمان ئیشمان بۆ خۆمان دۆزییەوە، دیلمان و هاوژین و شنە چوونە نەخۆشخانە کاریان دەکرد، من نەچووم، چونکە شەهید سەلمانم بە برینداری بینیبوو، چاوم بەرایی نەدەهات. من بووم بە مامۆستا لە شێنێ لەگەڵ شیرین خانی هاوسەری حاکم شۆڕش و بێگەرد خانی خوشکی هەڵکەوت عەبدوڵڵا. لەوێش بینیم تەنها کوڕی لێ بوو، پرسیم: ئەی کچان کوان؟ وتیان: "کچ نایەن." ئیتر من و بێگەرد ماڵ بە ماڵ دەگەڕاین بۆ ئەوەی هانیان بدەین کچەکانیان بنێرنە بەر خوێندن. کچێکی زۆریان بەهۆی ئێمەوە ناردە بەر خوێندن، هەندێ جار بۆڵەیەک دەکرا لە دووریی شوێنەکەمان و رێگە سەختەکە، منیش ئەم قسەیەم زۆر دووبارە دەکردەوە بە کوردیی فەیلی (چمانی دایشەڵ پێ لای قەڵاجە).
 
ئەو دۆخەتان پێ دژوار نەبوو کە بۆ یەکەم جار دوور بوون لە کەسوکار؟
یەکەم جار کە کاک نەوشیروانمان بینی وتی: "کەسوکار نابینن." ئەم رێنماییەمان لا قورس و ئەستەم بوو، بەڵام ئەوسا وا باو بوو بەهیچ شێوەیەک لە قسەی کۆمەڵە دەرناچین و پەیڕەوی فەرمانەکان دەکەین (نفذ ثم ناقش)، واتا؛ کارەکە ئەنجام بدە پاشان گەنگەشەی بکە.
 
داوای ئەوەتان نەکرد کە شوێنێکی تایبەت بە خۆتان هەبێت؟
پێشنیارێکم کرد وتم: "تازە ئێمە هاتووین، با بە ناوەندی کۆمەڵە بڵێین بارەگایەکمان هەبێ، (ئەوسا بارەگا تەنها ژوورێک بوو)." ئەگەر بارەگامان هەبێ دەبێ ئێشک بگرین، بۆ ئەوەی ئێشکیش بگرین، دەبێ فێری بەکارهێنانی چەک بین. 
ئیتر نامەیەکمان بۆ ئەو پێشنیارە نووسی و هەموومان بە ناوی سیانییەوە واژۆمان لەسەر کرد و بە خاتوو شیرینی هاوسەری حاکم شۆڕشدا ناردمان و داوای بینینمان کردبوو. بۆ بەیانی چاومان کەوت بە ناوەندی کۆمەڵە. لە نامەکەدا داوامان کردبوو کاتی دوای نیوەڕوان خولی سەربازیی ببینین. دواى چەند هاتوچوونێک پێیان راگەیاندین کە خولە سەربازییەکە لە مەکتەبی کاک ملازم عومەرە و بەیانیانە.
لە راستیدا هەموومان سەیری یەکمان دەکرد، چونکە کەسمان ئامادە نەبووین واز لە کارەکانمان بهێنین. ئیتر من هاتمە وەڵام و وتم: "من ئەو خولە نابینم." مەلا بەختیار وتی: "بۆ؟ ئەی ئەوە نییە واژۆت کردووە، بۆ پەشیمان دەبیتەوە؟" وتم: "من هیچ رۆژێک لە ئەرکەکانم پاشەکشەم نەکردووە، بەڵام ئێوە واتان کردووە ئەم جارە پاشەکشە بکەم." هەروەها وتم: "سەیری نامەکە بکەن، ئێمە داوای دوای نیوەڕۆمان کردووە، هەمووش واژۆیان کردووە." وتیشم: "بۆیە من قسە دەکەم، چونکە (بایع و مخلص)." وتی: "تۆ لە کێ ناچی." (مەبەستی باوکم و سەلمان بوو). ئەوان بۆیە خستبوویانە بەیانیان، چونکە هەندێ ژن لە دەرەوەی بازنەی ئێمە ئەو داوایەیان کردبوو. 
ئەم هەواڵە گەیشتە لای کاک نەوشیروان و چووین بۆ دیداری، کە بینیم وتی: "کچە بەغدایی ئەم جارەیان دەستت خۆش بێ." پێمان وت: "ئێمە کارەکەمان لا خۆشە و نامانەوێ پاش ئەوەی جێگیر بووین وازی لێ بهێنین." وتی: "بڕۆن پێیان بڵێن نەوشیروان دەڵێ دەبێ ئەو خولە ئێواران بێ." دوای چەند رۆژێک وتیان وەرن بۆ بینینی خولەکە و ئێوارانیش بوو.
 
خولەکەتان ماوەی چەندی خایاند و لەسەر چی بوو؟
خولەکەمان مانگێک بوو، مامۆستا ئەنوەر خولەکەی دەوتەوە، لەسەر ئەو چەکانەی ئەوسا هەمان بوو؛ دەمانچە، کڵاشینکۆف، بیکەیسی و نارنجۆک.
 
کەی هاوسەرگیریت کردووە؟
دواى ماوەیەک هاوسەرگیریم کرد لەگەڵ هێمن، ئەویش مامۆستا بوو لەگەڵمان. دواى ئەوە لەگەڵ ئەو دەژیام و لە بارەگا نەمام. 
 
تا کەی لە ناوچەى سەرکردایەتی مانەوە؟
دوای ماوەیەک کە شەڕی ئێران و دیموکرات بوو و یەکێتی بەشداری کرد بە هاوکاریکردنی دیموکرات، ئێران سەرکردایەتی پێ چۆڵ کردین. مەلا بەختیار و کاک دلێری سەید مەجید هاتن بۆ لامان بۆ ئەوەی هێمن بچێتە لای مەلا بەختیار کار بکات. دواى دوو رۆژ کاک نەوشیروان و دلێری سەید مەجید هاتن بۆ لامان، کاک نەوشیروان پێشنیاری بۆ هێمن کرد بچێتە لاى ئەو کار بکات، بەڵام هێمن وتی: "ببوورە بەڵێنم بە مەلا بەختیار داوە." ئیتر هێمن منی ناردەوە بۆ سلێمانى لەگەڵ شوعلە خانی خێزانی کاک نەوشیروان. دوای (10 – 15) رۆژ هێمن قاچاخچییەکی نارد بەدوامدا و رۆیشتم بۆ گوندی (حاجی مامەند) و گەیاندمیە لای هێمن. لەو سەفەرە دایکی و خوشکی و برا بچووکەکەی لەگەڵمدا هاتن. ئیتر لەوێ ماڵمان دروست کردەوە.
 
لەوێ بارودۆختان چۆن بوو؟ هەر لەوێ مانەوە؟
پێش ئەوەی کوڕە گەورەکەم (شاسو) کە مانای (شای دواڕۆژ) دەگەیەنێ، لەدایک بێت، گەڕامەوە سلێمانى، دوای (10) رۆژ لە لەدایکبوونی کوڕەکەم، گەڕامەوە بۆ لای هێمن. دواى دوو مانگ و نیو گەڕامەوە بۆ سلێمانى. دوو رۆژی پێچوو هەواڵی بۆردوومانی حاجی مامەندمان پێگەیشت، ماڵەکەی ئێمەش بەرکەوتبوو، دۆخەکە زۆر نالەبار بوو، هیچ هەواڵێکی هێمنمان نەدەزانی. من رۆیشتم بۆ بەغدا، دوای دوو مانگ هەواڵی سەلامەتیی هێمنمان زانی، ئەو ماوەیە زۆر ئەستەم و پڕ نەهامەتی بوو، بەپەلە گەڕامەوە بۆ سلێمانی لەگەڵ دایکم، هێمنیش شۆفێرێکی نارد بەدوامدا و چووم بۆ دێی قازانقایە، دیسانەوە ماڵێکی ترمان دروست کرد ئەم جارە لە دێی خاوێ. 
ئەو ماوەیە فڕۆکە بەردەوام بۆردوومانی دەکردین، بە رۆژ دەچووینە کونە تەیارە و بە شەو دەگەڕاینەوە ماڵەوە. جارێکی تر ماڵەکەمان بەر بۆردوومانی فڕۆکە کەوتەوە و شوێنم نەما. دیسانەوە کەلوپەلمان کڕییەوە و ماڵمان دروست کردەوە هەر لە خاوێ تا کاتی شاڵاوی جینۆسایدی ئەنفال.
 
هیچ هەواڵێکی ماڵی باوکت هەبوو؟
لەو کاتەدا ماڵی باوکم بەهۆی منەوە ماڵیان هێنابووە سلێمانی، هێمن هانی دەدام لەگەڵ شاسو بگەڕێمەوە سلێمانی. منیش نەمدەویست لەو قۆناغە مەترسیدارەدا هێمن بەجێبهێڵم. ئەوکات خوشکی هێمن هاتبوو بۆ سەردانمان، شاسوم بە خوشکەکەیدا ناردەوە بۆ سلێمانی و خۆم مامەوە.
 
بەهۆی شاڵاوەکانى جینۆسایدی ئەنفال، رژێمی بەعس گوشاری توندی بۆ ئەو ناوچانە هێنابوو، ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر ئێوە هەبوو؟
وردە وردە شاڵاوی ئەنفال دڕندانەتر دەبوو، ئیتر پێیان راگەیاندین ئەو ناوە چۆڵ بکەین. کاژێر 2ی شەو من و هێمن و سارا و شێخ مەحمود رۆیشتین بەرەو سۆڵە و لەوێشەوە بۆ ئەڵڵایی. لەوێ من مامەوە و هێمن رۆیشت. دیسانەوە هەواڵی هێمنم لێ بڕا و تاکوو ماوەیەک هیچم دەربارەی نەدەزانی. 
من گەڕامەوە بۆ سلێمانی، دوای ماوەیەک لە رێگەی پەرژینی هاوسەری تەهای مەلا وەهابەوە زانیم کە هێمن و کاک تەها لە سلێمانین، چووم بۆ بنینی. هێمن وتی: "لە ناوچەکانی پێشمەرگایەتی شوێنمان نەماوە." ئیتر لە ماڵی باوکی لە پێشی گەرماوەکەیانەوە شوێنێکی خۆشاردنەوەمان بۆ کرد و بە دیوار و ئاوێنە داخرا. منیش لە ماڵی باوکم بووم، بەڵام هیچ یەکێک لە کەسوکار بەمەیان نەدەزانی. 
 
لەو ماوەیەدا تووشی هیچ کێشەیەک بوون؟
قەدەغەی هاتوچۆ (منع التجول)ە گەورەکەی پێش راپەڕین بوو، رۆژێکیان (قوات خاصە) هاتنە ماڵی باوکی هێمن، منیش لەوێ بووم، بە عەرەبی کەوتمە قسە لەگەڵیان. ماڵەکەیان هەموو پشکنی و هێمنیان نەدۆزییەوە. توانیم تۆزێ هێوریان بکەمەوە لە پشکنین، خۆشاردنەوەکە سەری گرت و ئەو جارە رزگاری بوو.
 
ئەو کاتانە تۆ چیت دەکرد؟
ئەوکات گەڕابوومەوە بەر خوێندن و لە ئێواران دەوامم دەکرد. راپەڕین کرا و هێمنیش لە خۆشاردنەوە رزگاری بوو، ئیتر بووم بە خاوەنی سێ منداڵ، کە کچە بچووکەکەم گەیشتە تەمەنی باخچەی ساوایان، گەڕام بەدوای کاردا، چونکە ئەوسا بڕوانامەی سێی ناوەندیم هەبوو، بە یارمەتی کاک کوردۆ قاسم، لە باخچەی ساوایان دامەزرام. 
رۆژێکیان کاک سەعدون فەیلیم بینی، وتی: "بۆ ناگەڕێیتەوە بۆ رێکخستن و ببیت بە کارگێڕی کۆمیتەی شەهیدان." منیش وازم لە باخچەى ساوایان هێنا و چوومە دەزگای شەهیدان.
 
تا کەی لەوێ مایتەوە؟
دوای 31ی ئاب، بووم بە بەرپرسی کۆمیتە، لە کۆمیتەی شەهیدان کاک سەعدون رۆیشت و کاک شێخ عەبدولکەریم شەدەڵەیی بوو بە بەرپرس و کەوتە گۆڕانکاری، لە بەرپرسیارێتی لایانبردم بە بیانووی ئەوەی (هەم ژنم و هەمیش بەغدایی)، بیانووەکەم زۆر لا قورس بوو. یەکسەر چوومە بارەگای مام جەلال. لەوێ قادی حاجی عەلی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی بوو، وتی: "نامەیەک بنووسە دەیدەم بە مام جەلال." دوای یەک رۆژ تەلەفۆنی کرد وتی: "بەپەلە وەرە بۆ قەڵاچوالان." کە گەیشتم، وتی: "مام جەلال بە سەوز لەسەری نووسیوە کاری بۆ بکەن." منیش بردم بۆ لای شێخ عەبدولکەریم و پێم وت: "من ئەمەم لەناو یەکێتیدا، بەڵام کاریشت لەگەڵ ناکەم." و وازم هێنا. چوومەوە بۆ لای کاک قادر، وتی: "بڕۆ بۆ لای مەلا بەختیار، لەخۆتانە و دەسەڵاتی خۆیەتی بتکات بە ئەندام مەکتەب." کە رۆیشتم، مەلا بەختیار وتی: "تۆ وەرە دواى ماوەیەک خۆم کاندیدت دەکەم." بەڵام پلەکەمی کرد بە کادیری پێشکەوتوو و تا ماوەیەک مووچەم نەبوو، چونکە ئەو پلەیە لەناو ئیدارەی گشتی نەبوو. ئەو ماوەیە لە خوێندن بەردەوام بووم، بە بڕیاری مام؛ پێشمەرگە کۆنەکان بۆیان هەبوو بچنە زانکۆ، منیش شەشم تەواو کرد و چوومە زانکۆ. 
 
ئێستا بە چییەوە سەرقاڵیت؟
ئێستا پارێزەرم و خەریکی ئەو کارەم، دەرچووی ساڵی خوێندنی (2009 – 2010)م.
 
دواوتەت چییە؟
لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە بوونی ژن لەناو شۆڕشدا، خۆی شۆڕشێک بوو.


*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.
 
خ.غ
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن