کوردستانی

دانا عەبدولکەریم: بزووتنەوەی گۆڕان ژمارەی کورسییەکانی زیاد دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


دانا عەبدولکەریم: بزووتنەوەی گۆڕان ژمارەی کورسییەکانی زیاد دەکات
مەودا میدیا-

وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت هاوپەیمانی کوردستانی نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانێتیەکی راست و دروستە و لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندایە، رایدەگەیەنێت بزووتنەوەی گۆڕان پلانی هەیە ژمارەی کورسییەکانی زیادبکات.

دانا عەبدولکەریم، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەنجومەنی پارێزگاکان زۆر گرنگە بمێنێت، بەڵام بە چ یاسا و دەسەڵاتێک، چونکە ئەو یاساییەی کە ئێستا دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی دیاریکردووە لە ئاستی خواستی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا نییە، بۆیە ئەگەر ئەو یاسایە هەموار نەکرێتەوە ئەنجومەنی پارێزگاکان ناتوانن رۆڵی سەرەکی خۆیان ببینن".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە ئاستی رێگەوبانەکانی هەرێمی کوردستان رازی نیم، چونکە رێگەوبانەکانی هەرێم لە ئاستی رێگەوبانەکانی وڵاتەکانی دیکەدا نییە، ئێمە ئامانجمان ئەوەیە رێگەوبانەکانی هەرێم هاوشێوەی وڵاتانی دراوسێ بێت"

لە درێژەی قسەکانیدا دانا عەبدولکەریم وتی "جیاوازی نێوان من و هاوڵاتییەکی ئاسایی ئەوەیە کە من ئەرکم لەسەر شانە و دەبێت جێبەجێی بکەم، ئەوەشی پێم بکرێت ئەنجامی دەدەم".

ئەوەشی خستەڕوو "بابەتی زیادەڕۆیی پەیوەندیدارە بە وەزارەتی شارەوانی هەرێمی کوردستانەوە و پەیوەندیی بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە نییە، بەڵام لە ئەنجومەنی وەزیران بەردەوام وەک یەک تیم کارمان کردووە، هەروەها پەیوەندیشم لەگەڵ سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان باشە".

وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێم لە باسی نەوشیروان مستەفادا وتیشی "نەوشیروان مستەفا یەکێکە لە سەرکردە دەگمەنەکانی کورد کە توانی بە دڵسۆزی کارەکانی ئەنجام بدات".

روونیشکردەوە "هاوپەیمانی کوردستانی نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانێتیەکی راست و دروستە و لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندایە، هەروەها پلانمان دانەوە کورسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق زیاد بکات".

جێگای ئاماژەیە، ئەم وتانەی دانا عەبدولکەریم، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى هەرێمی کوردستان لەمیانەی بەشداریکردنیەتی لە بەرنامەی "رۆژێک لەگەڵی" ماڵپەڕی مەودا میدیا کە لەلایەن کاروان رەسوڵەوە پێشکەش دەکرێت، سبەینێ هەینی کاتژمێر 8:00ی ئێوارە بڵاودەبێتەوە.

س.س
Qaiwan
Qaiwan