کوردستانی

بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی هەولێر، هەرێم داوای قەرەبوو لە بەغدا دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی هەولێر، هەرێم داوای قەرەبوو لە بەغدا دەکات
مەودا میدیا-

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر داوا لە حکومەتی عیراق دەکات پارەیان تەرخانبکات.

ئەمرۆ دووشەممە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند "لیژنەی تایبەتمەند بە هەڵسەنگاندنی زیانەكانی لافاوەكەی هەولێر سەرژمێری و ئاماری خۆیان ئامادەكرد و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەو لیژنەیە، قەرەبووی تێكڕای زیانەكان پێویستی بە زیاتر لە 21 ملیار دینارە، ئەمەش ئەركێكی گرانە بەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە و هیوادارین حكومەتی عیراق لە بودجەی فریاگوزاری پارەیەكی بۆ تەرخانبكات و زوو هەنگاوی كرداری بنێن".

لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی (الشرقیە)ـی عیراقی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاندووە "وێڕای زیانی گیانی كە 12 كەس بوونە قوربانی و هەرگیز قەرەبوو ناكرێنەوە، بەپێی ئامارەکان، لافاوەكە بووەتەهۆی زیانگەیاندن بە زیاتر لە دوو هەزار و 500 ماڵ، ئەمە جیا لەوەی زیاتر لە 400 ماڵ بەتەواوی لەناوچوون و زیان بە زیاتر لە 150 شوێنی بازرگانی گەیشتووە و نزیكی 900 ئۆتۆمبێل نغرۆبوون، لەگەڵ زەوییەكی زۆری كشتوكاڵی، سەبارەت بە كەرتی حكومیش، زیانێكی زۆری بەر قوتابخانە، شەقام، پرد، بۆریی ئاو و وێستگەكانی گواستنەوەی كارەبا گەیاندووە".

هاوکات ساسان عەونی، سوپاسی ئەو هەماهەنگییەی نێوان فەرمانگەكانی حكومەتی كرد كە هەموویان وەك یەك تیم كاریان كردووە و لەگەڵیشیاندا هێزی پێشمەرگە و پاسەوانانی سنوور، رێكخراوە خێرخوازییەكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كۆمپانیا گەورەكان هاوكاری بەرچاویان پێشكەش كردووە.

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan