ئابووری

شارەزایەکی کارگێڕیی دارایی: پرۆسەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار تــاوەکـو سـاڵـی 2025 دەخایەنێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


شارەزایەکی کارگێڕیی دارایی: پرۆسەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار تــاوەکـو سـاڵـی 2025 دەخایەنێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

شارەزاییەکی بواری کارگێڕیی دارایی لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت بەهای دۆلار ئەمەریکی بەرانبەر بە دیناری عیراقی گۆڕانکاری بەسەردانایەت، ئاماژە بەوەشدەکات پرۆسەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عیراقی پرۆسەیەکی درێژخایەنە.

جەبار گۆران، شارەزای کارگێڕیی دارایی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی بەهای دۆلار لە ساڵی 2022 بە مەودا میدیای وت "بەهای دۆلار وەک خۆی دەمێنێتەوە ئەویش لەبەر چەند هۆکارێکە، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی عیراق کە کوتلەی سەدرە ناچێتە ژێر ئەو بەرپرسیاریەتییە و بەهای دۆلار لە بەرانبەر دینار دابەزێنێت، لەبەرئەوەی لە پرۆژە یاسای ساڵی رابردوو نزیکەی 50 ترلیۆن دینار کورتهێنان لە بودجەی عیراقدا هەبوو".

ئاماژەی بەوەشکرد "بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە حکومەتی عیراق بەشێک لەو کورتهێنانەی بودجەی پڕکردەوە، بۆیە ئەگەر جارێکی دیکە بەهای دۆلار دابەزێت پێدەچێت کورتهێنان لە پرۆژە یاسای بودجەی عیراق رووبداتەوە، بۆیە هیچ کوتلەیەکی سیاسی لە عیراقدا ناچێتە ژێر ئەو بەرپرسیارێتییەوە، چونکە کورتهێنان لە بودجە عیراق رووبەڕووی قەرزێکی زۆر دەکاتەوە".

"هۆکارێکی دیکە بۆئەوەی بەهای دۆلار دانەبەزێت جێگیر نەبوونی نرخی نەوتە، چونکە عیراق بە رێژەی لە 85% سەرچاوەی داهاتی نەوتە، بۆیە دڵنیایی نییە کە نرخی نەوت لەم ئاستەی ئێستادا بمێنێتەوە، هەروەها ئێستا بەهای دیناری عیراقی بە بەراورد لەگەڵ بەهای دراوی وڵاتانی دیکە لە هەموویان بەرزترە"، جەبار گۆران وای وت.

روونیشیکردووە "لە رابردوودا کە گۆڕانکاری لە بەهای دیناری عیراقیدا کرا بە راوێژ بوو لەگەڵ سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی، بۆی عیراق بەشێک لە کورتهێنانی بودجەی پڕبکاتەوە".

سەبارەت بەوەی بەهای دۆلار تاکەی بەمشێوەیە دەبێت ئەو شارەزایەی بواری کارگێڕی دارایی رایگەیاند "پرۆسەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عیراقی پرۆسەیەکی درێژخایەنە و پێموایە تاوەکو ساڵی 2025 درێژە دەکێشێت".

زیاتر روونیکردەوە و وتیشی "ئامانجی دابەزینی بەهای دینار بۆ پەرەپێدان بوو بە کەرتی وەبەرهێنانی ناوخۆی، چونکە بەهۆی بەرزی بەهای دیناری عیراقییەوە هەمیشە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی خۆمان شکستی هێناوە لە بەرانبەر وڵاتانی دراوسێ".

لەبارەی ئەوەی بەرزی بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عیراق زیان بە کێ دەگەیەنێت باسی لەوەکرد "بەرزبوونی بەهای دۆلار زیان بە هاوڵاتییان و بازرگانانیش دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی خراپبوونی دۆخی گوزەرانی هاوڵاتییان، چونکە کاتێک بازرگانان نرخێکی بەرز لەسەر کاڵایەک دابنێن هاوڵاتییان بەکارهێنەر نەبن بەمەش دەبێتە زیان بۆ بازرگانەکە".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan