چاوپێكەوتن

ڤینۆس فایەق: تەمەنی راستەقینە بەرهەم و وێستگە و هەڵوێست و كەوتن و هەڵسانەوەیە نەك ژمارە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ڤینۆس فایەق: تەمەنی راستەقینە بەرهەم و وێستگە و هەڵوێست و كەوتن و هەڵسانەوەیە نەك ژمارە
مەودا میدیا-

ڤینۆس فایەق لەیەك كاتدا شاعیر و نووسەر و یەكێكیشە لەو ژنانەی خاوەن دەنگ و رەنگی ئازادانەی خۆیەتی، منداڵێكی هێمن بووە، وەكو خۆی دەیڵێت، بەڵام لەو كاتەوەی دەچێتە زانكۆ، ڤینۆس فایەق گۆڕانكاریی زۆر لە ژیانیدا روودەدات و ئیتر "ئەو منداڵە ساویلكەیە" نییە كە دایكی وەكو خەم لێخواردن لێی لەگەڵ پوریدا باسیكردووە.

ئەمە بەشی یەكەمی چاوپێكەوتنێكی فراوانە لەگەڵ ڤینۆس فایەق، رەنگە تاماوەیەكی زۆر و چەند بەشێك درێژە بكێشێت، بەڵكو بتوانێت بەتەواوی چیرۆكی ژیانی ڤینۆس فایەق بنووسێتەوە.

با لە سەرەتای ژیانتەوە دەستپێبکەین، ئێوە ساڵی چەند و لەکوێ و لە چی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیدا، لەدایکبوون؟
بەیانیی رۆژێکی هەینی 27ی ئەیلول، لە یەکێک لە ماڵەکانی گەڕەکی عەقاریی شاری سلێمانی هاتوومەتە دنیاوە، با باسی ساڵ نەکەین، بۆ ئەوەنا تەمەنم هەڵکشاوە، بەڵکو باوەڕم وایە تەمەن تەنها ژمارەیە، تەمەنی راستەقینە بە بەرهەم و وێستگە و هەڵوێست و کەوتن و هەستانەوەکان و دڵخۆشی و دڵتەنگی و دەسخەڕۆییەکان دەپێورێ. من تەمەنم هەموو ئەو کتێبانەن کە خوێندوومنەتەوە و ئەو سەفەرانەی لەناو کتێبەکان و بەناو جوگرافیاکاندا کردوومن، هەموو ئەو دێڕە شیعریانەن لەبەریاندا وەستاوم و خوێندوومنەتەوە و سەرسامیان بووم. تەمەنم هەموو ئەو خەتخەتێن و هەڵماقۆ و ماڵەباجێنانەن کە لە منداڵیمدا کردوومن، هەموو چەرخ و فەلەکەکانی بۆ بۆم نەبوو سواریان بم، تەمەنم هەموو پارچە تەباشیرێکە وشەیەکم لەسەر تەختەیەکی رەش پێ نووسیبێت، هەموو ئەو مۆزەخانانەن کە سەردانم کردوون و شارەزای کولتوور و میتۆلۆژیای میللەتان بووم، ئەو وانانەن لە ژیانمدا لە مامۆستاکانمەوە وەرمگرتوون و لێیانەوە فێربووم، تەمەنم هەزاران دەقی شیعر و زۆر زیاتر لە سەدان وتار نووسیومن و دەیان هەڵوێست و چەندین کەوتن و هەستانەوەی لە ژمارە نەهاتوو و دەسخەڕۆبوونەکانی بۆم ناژمێردرێن. من زۆر لەوە بەتەمنترم کە بتوانی بیری لێبکەیتەوە. جەستەم لە شاری سلێمانی کەوتە ژیانەوە، لە ژینگەیەکی خێزانیی وادا کە یاریدەدەر بوو بۆ ئەوەی بتوانم خۆم بناسم و ئەزموون کەڵەکە بکەم، ژینگەیەک کتێب بەشێکی گەورەی لێ دروستکردبوو، ژینگەیەک وامدەزانی نموونەیەکی بچووککراوەی کۆمەڵگە گەورەکەیە، کەچی کە گەورەبووم و ئەزموونەکانم چوونە دەرەوەی خێزانەکەم یەکەم دەسخەڕۆییم ئەوەبوو ژینگەی ناو خێزانەکەم بەشێک نەبوو لە ژینگە کۆمەڵایەتییە گەورەکە. 

وا دەزانم، قۆناغی منداڵی خۆتان باش بیربێتەوە، دەتوانی بەوردی بۆم باسبکەی؟
قۆناغی منداڵیم دوو بەشە، بەشێکی لە کوردستان، لە شاری سلێمانی، هەتا تەمەنی پێنج ساڵان، بەشەکەی تری لە جەزائیری ملیۆن شەهید، لە گەڕەکێک لە گەڕەکەکانی شاری وەهران، کە پەرستگای ئۆرلاندۆی بەناوبانگی یەهوودییەکان و قەڵای سانتاکروزی لێیە کە بەرزترین شوێنە لیوەی هەموو دەریای سپی و تەواوی شاری وەهرانی لێوە دەبینیت، گەڕەکەکە ناوی (ستیل سکوێر)ە، کە ئیستاش بەشێکی پەمبەی لە بیردانم داگیرکردووە. 

ئێوە چەند خوشک و برا بوون، ئایا ھەستتان بە یەکسانی لەنێوانتاندا دەکرد؟
ئێمە دوو برا و دوو خوشکین، من دووەمم دوای برا گەورەکەم "دەرچووی پەیمانگەی تەکنیکی کەرکوک"، دوای من خوشکەکەم "دەرچووی کۆلیژی ئەندازیاریی زانکۆی موسڵ"، دوای ئەویش برا بچووکەکەم "پەیمانگای هونەرە جوانەکان". باوکم کە مامۆستای سەرەتایی و مامۆستای وانەبێژی چەندین خوێندنگەی ناوەندی بوو، یەک لەو باوکانەی ئەو سەردەمە بوو کە هەرگیز جیاوازیی نێوان کوڕ و کچی نەکردووە لە پەروەردە و مامەڵەدا، هەر یەکەمان وەکو منداڵی جێگەی تایبەتمان لە دڵیدا هەبووە، هەر لە سەرەتاوە باوکیشم و دایکیشم پێداگریان لەسەر ئەوە کردووە کە هەر یەکەمان دەبێت خوێندنی زانکۆ تەواوبکەین و پێگەی تایبەتمان لە کۆمەڵگەدا هەبێت. 

لە تەمەنی چەند ساڵی چوونە قوتابخانە؟ قوتابخانەکەت ناوی چی بوو؟ ئەی ناوی بەڕێوەبەر و مامۆستاکانت بیرماوە؟
بەهۆی ئەوەی ئەو دەمە ماڵەکەمان لە گەڕەکی عەقاری نزیک قوتابخانەی "نیشتیمان" بوو و ئامۆزایەکی دایکم لەوێ مامۆستا بوو، لە تەمەنی پێنج ساڵان بە گوێگر تۆمارکرام، ئەو کاتە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ست نەسرین مەزهەر بوو، خوشکی خوالێخۆشبوو دکتۆر کەمال مەزهەر. لە مامۆستاکانم، ئەوەندەی لە بیرم مابن، ست بێخاڵ کە ئامۆزای دایکم بوو، ست نەجات مەزهەر، ئەویش خوشکی دکتۆر کەمال مەزهەر وانەی جوگرافیای پێ دەوتینەوە، ست گێلاس، خێزانی دکتۆر یادگار وانەی زمانی عەرەبی پێ دەوتینەوە. ئیتر دوای ئەوە گواستمانەوە بۆ جەزائیر و لە وەهران جێگیر بووین، لە خوێندنگایەک تۆمار کرام بە ناوی "نەڤازی ئەلهەواری"، بیرم دێت ئەو کاتە من بچووکترین خوێندکار بووم، چونکە ئەو دەمە بە یاسا منداڵ لەوێ لە حەوت ساڵی لە خوێندنگە تۆمار دەکران، من لە پۆلی دوو بووم، تەمەنم شەش ساڵان بوو، هەموو خوێندکارەکانی تر تەمەنیان  نۆ ساڵان بوون. تەنها ناوی یەک مامۆستام لە مامۆستاکانم بیر ماوە، ناوی (فاتیمە) کە بە رەگەز میسری بوو، ئەم مامۆستایە ماڵیان لێمانەوە نزیکبوو، لەبەرئەوەی منداڵبووم، زۆربەی جار خۆی دەهات بەدوامدا لەگەڵ خۆی دەیبردم بۆ خوێندنگە و لەوسەریشەوە خۆی دەیبردمەوە بۆ ماڵەوە.

ھاوڕێکانی ئەو قۆناغەی تەمەنت بیرماون؟ کەسیان لە ژیاندا ماون؟ لەگەڵ کەسیان لە ھاوڕێتی بەردەوامن؟
لە هاوڕێکانی ئەو قۆناغەم: شادان حسێن ئەحمەد کە ئێستا نیشتەجێی بەریتانیایە و هەتا ئیستاش پەیوەندییمان بەردەوامە، ژیان عەبدولوەهاب سەراج. 

وەکو بیرت بێتەوە، تووشی چی رووداوێک بووی؟ 
لەبەرئەوەی زۆر هێمن بووم تووشی رووداوێکی وا نەبووم کە بە گەورەی بزانم، ئەوە نەبێت دایکم هەرگیز رێگەی نەدەدام لە کۆڵان یاری بکەم، جارێکیان براکەم لەگەڵ هاوڕێکانی گەڕەک یاریان دەکرد، منیش لە حەوشەکەمان لەگەڵ کچێکی رەفیقم ماڵەباجێنەمان دەکرد، جوچکمان هەبوو، دایکم وتی بیانهێنەرەوە ژوورەوە، چووم کۆیان بکەمەوە، کوڕەکانی گەڕەک لەوە دەچێ بەردیان دەگرتە یەکتر، بەردێک بەر سەرم کەوت شکا کە چوومە ژوورەوە، دایکم وتی: زانیت بۆچی ناهێڵم لە کۆڵان یاری بکەی؟ 

دەتوانم بڵێم ئێجگار هێمن و لەسەرخۆ بووم، مت و بێدەنگ، بیرم نایەت بۆ هیچ شتێک وتبێتم نا، یان رەخنەیەکم گرتبێت یان دژ بە بڕیارێکی دایکم و باوکم قسەم کردبێت، تەنانەت دایکم جلی بۆ دەکڕیم بێ ئەوەی هیچ بڵێم پێی رازی دەبووم. بیرم دێ کە لە بەغدای پایتەخت لە زانکۆ وەرگیرام، رۆژێک گوێم لە دایکم بوو بەدەم گریانەوە بە پوورمی دەوت "ئەم کچەم ئەگەر دوورکەوێتەوە دەرەقەت نادات و بەرگە ناگرێ، زۆر فەقیر و ساویلکەیە، چۆن ئاوا دوورکەوێتەوە؟"، ئیتر لەو رۆژەوە رقم لە وشەی "ساویلکە" دەبێتەوە، بیرمکردەوە من بۆچی دەبێت وابم؟ لەو کاتەوە ئیشم لەسەر کەسایەتی خۆم کرد بۆ ئەوەی مۆرکی ساویلکەییم لێبێتەوە. 

س.ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن