کوردستانی

دوو بڕیار لەبارەى هێلکە و مریشک

مەودا میدیا - سلێمانی |


دوو بڕیار لەبارەى هێلکە و مریشک
مەودا میدیا-

وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمی کوردستان شەش بڕیارى بۆ  رێکخستنی بەبازاڕکردنی بەرهەمی پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی ناوخۆ دەرکرد، کە دوانیان تایبەتن بە بەرهەمى هێلکە و مریشک.  
  
 لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، بڕیاردراوە لەسەر  زیادکردنی رێژەی هەناردەکردنی بەرهەمی هێلکەی خواردن بۆ بازاڕەکانی دەرەوەی پارێزگای هەولێر لە %30 بۆ %40 لەبەرهەمی پڕۆژەکانی هەولێر دوابەدوای دابین کردنی رێژەی پێویستی هاوڵاتییان.  
  
باسی لەوەشکردووە، هەروەها بڕیاردراوە گواستنەوەی بەرهەمی مریشکی کوشتارگە پەلەوەریەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ هەولێر کارئاسانی بۆ بکرێت.  
  
دەقى راگەیەنراوەکە:  
  
لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی هاوڵاتییان و خاوەن پڕۆژەکان  چەندین بڕیاری گرنگ پەسندکران  
  
ئەمڕۆ چوار شەمە ، 2022/2/16 لە دیوانى وەزارەت بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی گرنگ ئەنجامدرا، لەگەڵ لێژنەی پێداویستی شار لە پارێزگای هەولێر کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان:جێگری پارێزگار و قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر و بەرێوەبەری کاروباری ناوخۆ و بەرێوەبەری چاودێری بازرگانی، بە ئامادەبوونی راوێژکار و بەرێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵی و ڤێتێرنەرى و بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەت.  
  
ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە بریتی بوو لە هەماهەنگی زیاتر بۆ رێکخستنی بەبازاڕکردنی بەرهەمی پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی ناوخۆ و کەمکردنەوەی رۆتین و ئاستەنگەکان لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەلەبەرچاوگرتنی بەرهەمی پڕۆژەکان و پێویستی بازاڕ و هاوڵاتییان، بەتایبەتی لە بەرهەمی پڕۆژەکانی هێلکە و پڕۆژەکانی گوشتارگە پەلەوەریەکان و بەرهەمهێنانی قارچک و گواستنەوەی دەرمانی فێتێرنەری لە نێوان پارێزگاکانى هەرێم.  
لەم کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆی وورد ئەنجامدرا دەربارەی باسکردنی کێشەکان و ئاڵوگۆری بیروڕاکان و پێشنیارەکان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتییان و پارێزگاری لەبەرهەمى خۆماڵى پڕۆژەکان و چاودێری کردنی کوالێتی و نرخى بەرهەمەکان، چەند خاڵێکی زۆر گرنگ بڕیاری لێوەدرا و لە نێوان هەردوولادا گەڵالە و پەسند کران:  
  
١/جەختکرایەوە لەسەر پارێزگارى و بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆ و زیادکردنی رێژەی هەناردەکردنی بەرهەمی هێلکەی خواردن بۆ بازاڕەکانی دەرەوەی پارێزگای هەولێر لە %30 بۆ بۆ %40 لە بەرهەمی پڕۆژەکانی هەولێر دوابەدوای دابین کردنی رێژەی پێویستی هاوڵاتییان.  
  
٢/ بڕیاردرا بە کەمکردنەوەی رۆتین و نەهێشتنی ئاستەنگ بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکان لەڕێگەی بازگەکانەوە، کە تێیدا میکانیزمی گونجاو دیاری کرا ،بەپێی پشتگیری بەرێوەبەرایەتی پەیوەندیداری سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ بەرێوەبەرایەتیی کاروباری ناوخۆی پارێزگای هەولێر، لەوێشەوە بۆ بازگەکان تاوەکو ئاستەنگ و رۆتین لەبەردەم گواستنەوەی بەرهەمی هێلکەی ناوخۆی نەمێنی .  
  
٣/ تایبەت بە گواستنەوەی بەرهەمی مریشکی گوشتارگە پەلەوەریەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ هەولێر بڕیاردرا کارئاسانی بکرێت،بەهەمان شێوە بەپێی راپۆرتی پزیشکی و ئەو مۆلەتانەی کە لەلایەن بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکان و بەرێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری دراوە بەهەماهەنگی لێژنەی کاروباری ناوخۆی هەولێر، بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی بازگەکان و ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆی، کە هۆکارێکی بەهێزی کەمکردنەوەی قەیرانەکان و دابینکردنی هەلی کار و باشترکردنی جموجۆلی بازرگانی و ئابورین .  
  
٤/بڕیاردرا بە نەبوونی ئاستەنگ و رۆتین بەرانبەر بە گواستنەوەی بەرهەمی ناوخۆی لەنێوان پارێزگاکانی هەرێم بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر و سلێمانى .  
  
٥/ رێگە درا بە گواستنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی کێلگەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی قارچک لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمدا.  
  
٦/ رێگەپێدان لەڕێگەی دانانی میکانیزمێک لەنێوان ب.گشتیی سامانی ئاژەڵ و فێتێرنەری و بەرێوەبەرایەتیی کاروباری ناوخۆ، بەمەبەستی گواستنەوەی دەرمانی فێتێرنەری لە نێوان کۆمپانیاکانی دەرمان و کلینیکە فێتێرنەریەکانی هەرێمی کوردستان .  
  
٧/ بڕیاردرا کە لێژنەکانی دیاریکردنی پێداویستی شار لەلایەن پارێزگاکانی هەرێم کۆبوونەوەی وەرزی هاوبەش ئەنجام بدەن, بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و هەماهەنگی و کارئاسانی و پاڵپشتی ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆی بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان.  
  
٨/بڕیاردرا کە کۆبوونەوەی لێژنەکانی دیاریکردنی بەروبووم لە بری سێ مانگ جارێک بۆ لەمەودوا بەشێوەی مانگانە، مانگی جارێک کۆبوونەوەکان ئەنجام بدرێن، بە مەبەستی دیاریکردنی پێداویستەکانی هاوڵاتییان و ئامادەکردنی راپۆرتی پێداویستیەکان بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو .  
  
ئەم بڕیارە گرنگانە لە داهاتوودا لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و پارێزگای هەولێر کاری پێدەکرێت، لە پێناو نەهێشتنی ئاستەنگەکان و رێکخستنی بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆی و دابینکردنی پێویستی بازاڕی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.  

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan