کوردستانی

"دەبێت یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"دەبێت یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە"
مەودا میدیا-

بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى رایده‌گه‌یه‌نێت، یەکێتی دەیەوێت بۆ ھەموو پرسەکان کورد خۆی ئامادەبکات، دوور لە بەرژەوەندیی تەسکی حزبی رووبەڕووی ئەگەرەکان ببینەوە، جەختیشیکردەوە کە دەبێت یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ھەموار بکرێتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە ماسیو تولەر، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عیراق و رۆبێرت پاڵادینۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، لە دیدارێکدا كە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، ئەمین بابە شێخ و خالید شوانی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون، گفتوگۆی ھەمەلایەنە کرا لەسەر پرسەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق، یەکڕیزیی کورد، چارەسەرکردنی گرفتە ناوخۆییەکان، پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەنێوان ھەردوولا و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووریی ھەرێم.

لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان، تێپەڕاندنی بەربەست و ئاستەنگەکانی بەردەم پێکھێنانی حکومەت، یەکخستنی ھەوڵەکان لە چێوەی بنەماکانی دەستوور و لێکتێگەیشتن و دیالۆگی بونیادنەرانەی نیشتمانی.

بافڵ جەلال تاڵەبانی بە لەبەرچاوگرتنی ھەستیاریی دۆخی عیراق، ھەرێم و پێشھاتەکان دووپاتیکردەوە لە خێراکردنی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق لەسەر بنەمای تەوافق و ھاوبەشێتیی نیشتمانی کە ببێتەھۆی تێپەڕاندنی دۆخەکە و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و چاکسازیکردن لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی وڵات.

بۆ ھەرێمیش بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیکردەوە لە پێویستیی یەکڕیزیی ماڵی کورد و روونیکردەوە، یەکێتی دەیەوێت بۆ ھەموو پرسەکان کورد خۆی ئامادەبکات دوور لە بەرژەوەندیی تەسکی حزبی، بە یەک گوتاری کوردستانیی رووبەڕووی ئەگەرەکان ببینەوە و لەسەر بنەمای ھاوسەنگیی سیاسی و بەرژەوەندیی گشتی خۆمان رێکبخەینەوە، کە بۆ ئەوە کات ماوە و پێویستە نییەتێکی جددی ھەبێت بۆ پاراستنی یەکڕیزیی کورد، کە یەکێتی لەو رووەوە ھیچ مەرجێکی نییە و دەمانەوێت ئەم ئامانجە باڵایە بەدیبێنین، کە لە خزمەتی گەلەکەماندایە.

سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردن لە ھەرێم، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووه‌، یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەردە لە کات و ساتی خۆیدا، بەڵام دەبێت داواکاریی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ھەند وەربگیرێت و یاساکە بەشێوەیەک بێت لە خزمەتی گەشەپێدانی ھەرێم و پرۆسەی دیموکراسی بێت، نەک بەم شێوەیە کە کەموکورتیی زۆری تێدایە و گلەیی و تێبینیی زۆربەی لایەنە سیاسی و رێکخراوەکان و رای گشتی لەسەرە. بۆیە یەکێتی لەگەڵ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردندایە .

ھەر لە دیدارەکەدا پێویستیی ھاریکاری و ھەماھەنگیی زیاتر لەنێوان ھەردوولا دووپاتکرایەوە بە تایبەت لە بواری گەشەپێدانی بوارەكانی ئابووری، بازرگانی و ھەوڵدان بۆ پێشخستنی زیاتری کەرتی ئابووری لە ھەرێم.

ر. ئ.

Qaiwan
Qaiwan