کوردستانی

"بە 115 هەزار دینار کارتی ڤاکسینم بۆ کرا"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"بە 115 هەزار دینار کارتی ڤاکسینم بۆ کرا"
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

لە سەردەمی ئێستا و کۆرۆنادا یەکێک لە مەرجەکانی گەشتکردن بۆ هەر وڵاتێکی دیکە بوونی کارتی ڤاکسینە، بەڵام بەشێک لە هاوڵاتییان ڤاکسینەکە لە خۆیان نادەن و لەرێگەی نایاساییەوە کارتەکە بە بڕێک پارە دەستدەخەن.

یەکێک لەو کەسانەی کە بە پارە کارتی ڤاکسینیان بۆ کردووە و نەیویست ناوەکەی ئاشکرابکرێت بە مەودا میدیای وت "من ئێستا دەمەوێت گەشت بۆ وڵاتی ئێران بکەم، بەڵام یەکێک لەمەرجەکان بۆ چوونە ئەو وڵاتە بوونی کارتی ڤاکسینە، من هیچ دۆزێکی ڤاکسینم وەرنەگرتووە و ناشمەوێت وەری بگرم، هەربۆیە هەوڵمدا لە رێگەیەکی دیکەوە بەدەستیبهێنم، کەسێک  لە کەرکوک بە 115 هەزار دینار بۆی دروستکردووم و هەرکەسێک بیەوێت بۆی دروست دەکەن".

ئەو هاوڵاتییە وتیشی، ئەو بۆیە نایەوێت ڤاکسین وەربگرێت "تووشی نەزۆکی" دەکات و دەڵێن هەرکەس لە خۆی بدات ناتوانێت وەچەبخاتەوە، هەربۆیە لە رێگەی دیکەوە هەوڵی بەدەستهێنانیم داوە بە پارە.

باسی لەوەشکرد، ئەو دانیشتووی یەکێک لە قەزاکانی سەر بە پارێزگای سلێمانییە و ویستوویەتی لە سلێمانی کارتەکەی بۆ بکەن بە پارە، بەڵام لە سلێمانی "گرانە و بە سێ سەد دۆلار دەیکەن" کاتێک زانیویەتی لە کەرکوک بەکەمتر دەکرێت لەوێ کردوویەتی، دەشڵێت "لە هەولێر، دهۆک و هەموو شارەکان بە پارە دەکرێت".

سەبارەت بەو بابەتە مەودا میدیا پەیوەندی بە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستییەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.

سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین بنکەی تایبەت بە وەرگرتنی دۆزی ڤاکسینی کردووەتەوە و بەشێوەی تیمی گەڕۆکیش لە شوێنەگشتییەکان دۆزەکانی ڤاکسین بە هاوڵاتییان دەدەن، بەڵام بەشێک لە هاوڵاتییان بەهۆی ئەو پروپاگەندانەی لەسەر دەرئەنجامی وەرگرتنی ڤاکسین دەکرێت خۆیان لە وەرگرتنی بەدوردەگرن.

ر. ئ.

Qaiwan
Qaiwan