کوردستانی

روونکردنەوەیەکی بەپەلە لە حکومەتی هەرێمەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


روونکردنەوەیەکی بەپەلە لە حکومەتی هەرێمەوە
مەودا میدیا-

لە روونکردنەوەیەکدا نووسینگەی سەرۆکی حکموەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، خەریکی رێکخستنەوەی رێکارەکانی وەرگرتنی باجن بە شێوەیەک کە دیارکردنی رێژە  و کۆکردنەوەی باج بە شێوەیەکی گونجاو و دادپەروەرانە و شەفاف بێت.

ئەمڕۆ دووشەممە نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد "یەکێک لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەم لە چوارچێوەی کارنامەکەیدا، رێکخستنەوەی باج لە هەرێم بووە، حکومەت وەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن ناتوانێت باج زیاد بکات، بەڵکو ئەرکی ئەم دەسەڵاتە تەنھا جێبەجێکردنی یاساکانە و ئەو رێکارانەی گیراونەتەبەریش ئامانج لێیان تەنھا رێکخستنەوەی باج و رێگریکردن بووە لە خۆدزینەوە لە دانی باج، هەر لەم چوارچێوەیەدا باجی کۆمپانایا گەورەکان و گەورە باجدەران رێکخراوەتەوە و ئەم چەندەش کاریگەریی لە سەر زیادکردنی داهات هەبووە و ئەم داهاتەش بۆ خزمەتی هاوڵاتییان دەبێت".

باسی لەوەشكردووە "لەم ماوەیەدا گلەیی هەبووە کە رێژەی باجی پیشەوەران و خاوەن دوکان و پیشە بچوکەکان زیاد بووە، سەرۆکی حکومەت خۆی بەدواداچونی بۆ ئەم بابەتەکە کرد و دوای چەند کۆبوونەوەیەک فەرمانی بە لایەنە پەیوەندارەکان کردووە کە دیارکردنی رێژەی باج بۆ پیشەوران بە رێگەی مەزندە رابگیرێت و وێرای بەردەوامی لە کۆکردنەوەی باج، رەچاوی دۆخی ئابووری و ژیانی پیشەوەران بکرێت و نابێت باج ببێتە هۆی لاوازکردنی جوڵەی ناو بازاڕ".

ئەوەشی خستووەتەڕوو "حکومەتی هەرێم بە رێگەی بسپۆرانی بواری باج، خەریکی رێکخستنەوەی رێکارەکانی وەرگرتنی باجن بە شێوەیەک کە دیارکردنی رێژە و و کۆکردنەوەی باج بە شێوەیەکی گونجاو و دادپەروەرانە و شەفاف بێت، تا ئامادەبوونی ئەو سیستەمەش نابێت بارگرانیی دارایی بۆ پیشەوەران دروست ببێت".

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan