کوردستانی

سێ رێگە بۆ دابەزینی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


سێ رێگە بۆ دابەزینی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سێ رێگە ئاشکرا دەکات کە دەبنە هۆی دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت نرخی بەنزین و گازوایل.

رێبوار ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "رێگەی یەکەم ئەوەیە رۆژانە بڕێک سووتەمەنی بەنزیکەی دوو ملیۆن لیتر بهێنرێتە هەرێمی کوردستان و گومرگی لێوەرنەگیرێت، لەبەرئەوەی بۆ هاوڵاتی بارگرانی زۆر دروستنەکات واتا حکومەتی هەرێم وەکو حکومەتی عیراق بە نرخی پاڵپشتی رێگە بدات بەنزین  بهێندرێتە هەرێم و دابەشبکرێت هاوشێوەی بەنزینی 690 دیناری عیراقی".

سەبارەت بە رێگەی دووەم راشیگەیاند "رێگە بدرێت کۆمەڵێک بازرگان جۆرێکی رێگە پێدراوی سووتەمەنی بهێنن کە نرخەکەی هەرزانترە  لەم نرخەی ئێستا و نزیکەی 200 دینار لە نرخی رۆژانەی سووتەمەنی نزمترە و بەمەش کێبڕكێ لە بازاڕ دروستدەبێت و نرخ دادەبەزێت".

ئاماژەی بەوەشدا "رێگەی سێیەم کە باشترین بژاردەیە ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم  خۆی لەڕێی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە غاز و نەوتی خاو لە کۆمپانیا نەوتییەکان بە نرخێکی دیاریکرا وەرگرێت و لەڕێگەی پاڵاوگە ناوخۆییەکان بیپاڵێوێت و خۆی لەڕێی بەنزینخانەکانەوە دابەشی بکات بەسەر شۆفێراندا، بەمەش نرخی سووتەمەنی زۆر دادەبەزێت و  کێشەکە چارەسەر دەکات، لەبەرئەوەی نەوتی خاوی  کرێی  هاوردە و گومرگی لەسەر نامێنێ و لە ناوخۆ وەردەگیرێت".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan