کوردستانی

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی نادەستوور و نادادپەروەرانەیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی نادەستوور و نادادپەروەرانەیە
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ چوارشەممە 23 ی شوباتی 2022 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران، کورتەیەکی دەربارەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران، بۆ وڵاتی قەتەر و بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن خستەڕوو، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، کە لە هەموو دیدارەکانماندا، هەڵوێستی هەرێمی کوردستانمان دەربارەی هەموو بابەتە پەیوەندیدارەکان روونکردەوە و جەختمان لەوەکردەوە، کە هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا. 

پاشان لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبونەوەکە، ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی دەربارەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە رۆژی  2022/2/15 کرد تایبەت بە کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان. دوای گفتوگۆی چڕ و هەمەلایەنەی بڕیارەکە، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، بە نادەستووری ونادادپەروەرانە دادەنێت و جەختی لەوەکردەوە کە هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ پارێزگاریکردن و داکۆکیکردن لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی ھەروەک لە دەستووری عیراق جێگیرکراون کە زۆرینەی خەڵکی عێراق لە ساڵی  2005 دەنگیان بەو دەستوورەدا.

 لە هەمانکاتدا، حکومەتی هەرێم هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ بەردەوامبوون لە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە سەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە. 

لە دوا بڕگەی کارنامەی کۆبونەوەکە، ئەنجومەنی وەزیران، رەشنووسی رۆژمێری کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان پسەندکرد کە لە لایەن بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خرایەڕوو.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan