کوردستانی

"کوشتنی شنیار شەرمەزار دەکەین"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"کوشتنی شنیار شەرمەزار دەکەین"
مەودا میدیا-

لێژنەی داکۆکی لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، رووداوی کوشتنی شنیار هونەر ئەو ژنەی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سوتێندراوە شەرمەزار دەکەین.

لە راگەیەندراوێکدا لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد " رووداوی کوشتنی شنیار هونەر ئەو ژنەی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سوتێندراوە شەرمەزار دەکەین و داوای هەموارکردنەوەی یاساکانیش دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگەی ئەو یاسایانەوە قەڵغانێک بۆ پاراستنی ژیان و کەرامەتی ژنان دەستەبەر بکەین". 

باسی لەوەشکردووە "پرسەنامەی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی (شنیار هونەر) و ئەو هەشت ژنەی دیکە دەکەین، کە لەماوەی ئەمساڵدا بوونەتە قوربانی دەستی توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان، ئێمەش وەک لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان سەرجەم ئەو رووداوانە شەرمەزار دەکەین و داواش لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم دەکەین ئەنجامدەرانی ئەم جۆرە تاوانانە بە توندترین شێوە بە سزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەیەنن و سنوورێکیش بۆ ئەم دیاردانە دابنێن، کە خەریکە ناو و ناوبانگی هەرێمی کوردستان لەکەدار بکات".


ئەوەشێ خستووەتەڕوو "لەئێستادا دەستمانکردووە بە پێداچوونەوەی سەرجەم ئەو یاسایانەی پێویستیان بە گۆڕانکاری و نوێکردنەوە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین بە جۆرێک دایانبڕێژینەوە، بتوانن ببنە قەڵغانێک بۆ پارێزگاریکردن لە ژیان و کەرامەتی ئەو ژنانەی رۆژانە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بە ناهەق و دڕندانە دەکوژرێن، هەروەها ببێتە بەربەستێک بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت تاوانی کوشتن بەرانبەر رەگەزی مێ ئەنجامبدەن".

بەرەبەیانی رۆژی شەممە 19-02-2022 شنیار هونەری 21 ساڵ بە گڕی ئاگرەوە لە ماڵەکەی خۆیەوە هەڵات و هانای بۆ دراوسێکانی برد تاوەکو ئاگرەکەی جەستەی بکوژێننەوە، دوای کوژاندنەوەی ئاگرەکەش بە دراوسێکان و خەسویی وتووە "هاوسەرەکەم سوتاندمی"

ر. ئ.

Qaiwan
Qaiwan