کوردستانی

هەواڵێکی ناخۆش لە بەغداوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەواڵێکی ناخۆش لە بەغداوە
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

ئەمڕۆ کۆتا رۆژی دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکە و تائێستا بەغدا 200 ملیارەکەی بۆ مانگی یەک نەناردووە و دیاریش نییە بۆ مانگی دووش دەینێرێت یان نا، بەپێی زانیارییەکانی مەودا میدیا بەهۆی تۆماركردنی سكاڵایەك لە دژی ناردنی 200 ملیار دینارەكە لە بەغدادەوە بۆ هەرێم، ناردنی پارەكە راگیراوە.

سەبارەت بەو پرسە جەمال کۆچەر، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "دەڵێن سکاڵایەک لە دژی ناردنی 200 ملیارەکە تۆمارکراوە، بەڵام من دڵنیانیم و وردەکارییەکەی نازانم".

سەبارەت بە پابەندی بەغدا بەناردنی ئەو بڕە پارەیە ئاماژەی بەوەکرد "هیچ دڵنیاییەک نییە بۆ ئەوەی بەغدا ناچاربکات ئەو پارەیە رەوانەبکات، تەنها ئەوەیە دەزانین رێکەوتنێک هەیە بۆ ناردنی پارەکە، بەڵام نازانین تا کەی بەردەوام دەبێت و کەی کۆتایی بە ناردنی دەهێندرێت".

ئەوە لەکاتێکدایە بۆ مووچەی مانگی یەكی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، حكومەت بەهۆی نەناردنی 200 ملیار دینارەكەوە گرفتی بۆ دروست بوو، بەهۆیەوە ناچار بوو لە داهاتی نەوتیی مانگی دوو مووچەی مانگی یەك تەواو بكات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوکاری دابەشکردنی مووچە جگە لە داهاتی ناوخۆ و نەوت و هاوکاری هاوپەیمانان مانگانە بەپێی رێککەوتنێک بڕی 200 ملیار دیناری لە بەغداوە لەبری بەشە بودجەی هەرێم بۆ دێت.

لە هەرێمی کوردستاندا یەک ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچەخۆر هەن، کە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین، 242 هەزار و 269 کەسیان خانەنشینن، حکومەت بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە 895 ملیار دیناری پێویستە، کە ساڵانە 10 تریلیۆن و 740 ملیار دینار دەکات.

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan