کوردستانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ھەموو ھەوڵێکمان روولەوەیە پێکھاتەی سەربازی ھێزی پێشمەرگە رێکبخەینەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ جەلال تاڵەبانی: ھەموو ھەوڵێکمان روولەوەیە پێکھاتەی سەربازی ھێزی پێشمەرگە رێکبخەینەوە
مەودا میدیا-

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە وەفدێکی سەربازی ھێزەکانی ئەڵمانیا لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی کۆلۆنێل مایەر، لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا لە بارەی چاکسازیکردن، رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە مەترسییەکانی تیرۆر و رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش.

لە دیدارەکەدا جەخت لە ھەماھەنگی و فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکارییەکانی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان و ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی کرایەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەرامەکانی تیرۆریستانی داعش و پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای ئاماژەکردن بەو ناوچانەی عێراق کە بۆشایی ئەمنی تێدایە و نەبوونی ھەماھەنگی و جموجولی تیرۆریستان ھەڕەشەن لەسەر ئاسایش و ئارامی ئەو سنوورانە، لەپاڵ ئەم پێشھاتانەش ستراتیژی نوێی رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ئاشکراکرد و روونیکردەوە ھەماھەنگی ھەواڵگری، سەربازی و ئەمنی پێویستی بە ھەنگاوی کرداری ھەیە تا بتوانین سەقامگیری ئاسایش بپارێزین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "ھێزەکانی پێشمەرگە، دەزگای ئاسایشی ھەرێم، ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاریی، دژەتیرۆر و ناوخۆی ھەرێم ھەماھەنگ و ھاوکارن بۆ پاراستنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و چەندین پیلانی تیرۆریستانی داعشیان شکستپێھێناوە کە مەرامیان بووە ژیان لە خەڵک تێکبدەن و ژمارەیەک تیرۆریستیش دەستگیرکراون، کە ئەمە جێگای ستایش و دەستخۆشیمانە، بەڵام راشسپێردراون چاوکراوەتر بن و ژیان و ئارامی خەڵک لە پێش ھەموو ئەرکەکانیانەوە بێت".

ھەنگاوەکانی چاکسازیکردن و ریفۆرم لەناو یەکە سەربازییەکانی ھێزی پێشمەرگە بۆچوونیان لەبارەوە خرایەروو، بافڵ جەلال تاڵەبانی وەفدی میوانی بەرچاوڕوونکرد و رایگەیاند "ھەموو ھەوڵێکمان روولەوەیە پێکھاتەی سەربازی ھێزی پێشمەرگە رێکبخەینەوە و بەشێوەیەک ئامادەبکرێنەوە کە ئەم قۆناغە پێویستی پێیەتی، لە ھەنگاوەکانیشمان شارەزایی، پسپۆڕیی و بنەمای زانستی رەچاودەکەین و ھێزی پێشمەرگە پێویستە وەک ھەمیشە ھێزی خەڵک و کوردستان بێت".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan