کوردستانی

بافڵ تاڵەبانی هەنگاوە نوێیەکانی یەکێتی دەخاتەڕوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ تاڵەبانی هەنگاوە نوێیەکانی یەکێتی دەخاتەڕوو
مەودا میدیا-

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد و لە میانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ لێپرسراو و ئەندامان و راوێژکاران جەختیکردەوە لە نوێکردنەوە و کاراکردنەوەی تەواوی ئۆرگانەکانی یەکێتی، رایگەیاند یەکێتی سەرباری راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی لە ناوخۆی حزبیش دەستمان بە خۆڕێکخستنەوە و چاکسازیکردن کردووە و بە بەرنامەیەکی گشتگیری ھەمەلایەنە تەواوی دامەزراوەکانی حزب نوێدەکەینەوە و بە دونیا بینییەکی فراوانترەوە ئەرکەکان رادەپەڕێنین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەو کۆبوونەوەیەدا وێڕای ئەوەی رۆشنایی خستەسەر دواین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پێگەی یەکێتی لەو رووەوە خستەڕوو، رایگەیاند یەکێتی بۆ ھەر پرسێک بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو گرتووە و دەمانەوێت بە سیاسیەتێکی نیشتمانیی کوردستانی لە بەرانبەر ناوەنددا بوەستینەوە و زۆر ھەوڵیشماندا یەکڕیزی بپارێزین، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەکرا کە بۆ ئەوەش بێ ئومێد نەبووین.

لەبارەی ئەرکی رێکخراوەیی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرچاوڕوونیدایە ئامادەبووان و وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ ھەڤاڵانی یەکێتی کە دڵسۆزانە خزمەت دەکەن و لە ئەرکدان، بەرچاوڕوونیکردن لە سیاسەتی نوێی یەکێتی کە گەڕانەوەیە بۆ ستراتیژی سەرۆک مام جەلال، ئەرک و بەرپرسیارێتی و ھەڤاڵێتی لەم ھەلومەرجەدا دەستنیشانکرد و رایسپاردن کە کادران و ئەندامانی یەکێتی کە ھێزی لەبن نەھاتوون، وەک ھەمیشە خزمەتکاربن و بە گڕوتینێکی نوێوە خزمەت بکەن و دامەزراوەکانی یەکێتی بکەنە ماڵی راستەقینەی کۆمەڵانی خەڵک و پردی پەیوەندی بن بۆ گەیاندنی دەنگیان و خزمەتکردنیان، چونکە خزمەتکردن و بەدەنگەوەھاتنی خەڵک ئەرکە نەک منەت.

سەبارەت بە ئەرکی مەکتەبی رێکخستن، مەڵبەند و کۆمیتەکانیش بافڵ جەلال تاڵەبانی دووپاتیکردەوە لە گرنگی رۆڵیان لە ژیانی حزبیدا و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "رێکخستن بنچینە و پایەیەکی بەھێزی کاری رێکخراوەییە، بۆیە پێویستە مەڵبەند و ئۆرگانەکانمان لە جاران زیاتر لە ئەرکدا بن و بە شێوازێکی سەردەمیانەتر درێژە بەکاروبارەکانیان بدەن و لە خزمەت خەڵکدا بن، ئەگەر لە چەند ساڵی رابردوو دابڕانێک ھەبووبێت لەنێوان مەڵبەند و کۆمیتە و ھاووڵاتیدا نابێت بمێنێت و ھەڤاڵی یەکێتی پێویستە لەناو چین و توێژەکان بن و بەشێک بن لە خەڵک، لەو رووەشەوە ھانیدان بۆ گۆڕانکاری و بەردەوامییان لە راپەڕاندنی ئەرکی راستەقینەی خۆیان کە خزمەتکردنی خەڵکە".

بۆ دیداری یەکێتی بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند "یەکێتی یەکێتیی ھەموولایەکە، دەمانەوێت لە رێگەی ئەم دیدارەوە خۆمان رێکبخەینەوە و ھەنگاوبنێین بەرەوپێشبردنی یەکێتییەکەی مام کە ئەمە بەرپرسیارێتی ھەموو یەکێتییەکانە پێکەوە، ئەم ئەرکە گرنگ و چارەنووسسازەش رادەپەڕێنین و رۆحی شەھیدانیش ئاسوودە دەکەین".

لە بەرانبەردا سەرکەوت زەکی، لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن راپۆرتێکی وردی لە بارەی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان لەم قۆناغەدا پێشکەشکرد و بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرچاوڕوونکرد لە ھەنگاوەکانی رێکخستنەوە و نوێکردنەوەی ئۆرگانەکان.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan