کوردستانی

راگەیەندراوێکی بەپەلە لە چوار سەرۆکایەتییەکی هەرێمەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


راگەیەندراوێکی بەپەلە لە چوار سەرۆکایەتییەکی هەرێمەوە
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ چوار سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم بە نادەستووری ناوبرد و دەڵێن "پێچه‌وانه‌ى ده‌ق و گيان و بنه‌ما راسته‌قينه‌كانى سيستەمى فيدراڵييه‌ و پێشێلكردنێكى زه‌ق و ئاشكراى ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌".

 بە سەرپەرشتیی نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە سه‌رۆكايه‌تييه‌كانی، هه‌رێمى كوردستان، په‌رله‌مانى كوردستان، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ريى هه‌رێمى كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ بۆ تاوتوێكردنی بڕیارەكەی 15ی شوباتی دادگەی باڵای فیدراڵیی عیراق دەربارەی ياساى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان.

لە دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکرد "بڕیارەکه‌ى دادگەى باڵاى فيدراڵى قبووڵكراو نييه‌ و ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پياده‌كردنى مافە دەستوورییەکانی و به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك ده‌ست له‌ ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌ڵناگرێت و هه‌موو رێگه‌يه‌كى ياسايى و ده‌ستوورى ده‌گرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بپارێزێت".

چوار سەرۆكایەتییەكە هۆكارەكانی رەتكردنەوەی بڕیارەكە بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێنێتەوە:

1- بڕيارى دادگەى باڵاى فيدراڵى پێچه‌وانه‌ى ده‌ق و گيان و بنه‌ما راسته‌قينه‌كانى سيستەمى فيدراڵييه‌ و پێشێلكردنێكى زه‌ق و ئاشكراى ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌.

2- بڕياره‌كه‌ى دادگە به شێوه‌يه‌كى ناڕاسته‌وخۆ هه‌مواركردنێكى ناده‌ستووريى ده‌ستووره‌، چونكه‌ بووه‌ته‌ هۆى لێسه‌ندنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتێكى ده‌ستووريى هه‌رێمه‌كان و به‌خشينى به‌ ده‌سه‌ڵاتى فيدراڵى كه‌ ئه‌مه‌ش ناته‌بايه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى دادگەى فيدراڵى و پاشگه‌زبوونه‌وه‌يه‌ له‌ سيستەمى فيدراڵى.

3- دادگە له‌ بڕياره‌كه‌يدا پشتى به‌ ياساكانى ساڵانى 1976 و 1985ى عیراق به‌ستووه‌ كه‌ ياساى ناوه‌ندين و له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانى ده‌ستوورى ساڵى 2005ى عیراقى تازه‌دا‌ ناكۆكه‌ كه‌ سيستمى حوكمى له‌ عیراق له‌ ناوه‌ندييه‌وه‌ بۆ سيستەمێكى فيدراڵى گۆڕيوه‌ و به‌ روونى ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌رێم و پارێزگا‌كان و دەسەڵاتی فيدراڵى دابەشکردووە.

4- هه‌رێمى كوردستان پێىوايه‌ ئه‌م بڕياره‌ جگه‌ له‌وه‌ى بنكۆڵكردنى ده‌ستوور و سيستمى فيدراڵييه، له‌ هه‌مان كاتدا پێشیوايه‌ مه‌رامى تايبه‌تى له‌ پشته‌ و بێلايه‌ن نييه‌، به‌تايبه‌تيش كه‌‌ عیراق به‌ دۆخێكى زۆر هه‌ستيار و ئاڵۆزى سياسيدا تێده‌په‌ڕێت و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان خه‌ريكى گفتوگۆن بۆ لێكگه‌يشتن و دۆزينه‌وه‌ى ڕێگه‌چاره‌يه‌ك بۆ ده‌رچوون له‌ چه‌قبه‌ستوويى و بنبه‌ستى سياسى، ئه‌م بڕياره‌ دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات.

5- دووپاتیده‌كه‌ينه‌وه‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پاڵپشت به‌ ياساى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان و ده‌قى ماده‌ى (112)ى ده‌ستوورى عیراق ئه‌نجامدراون، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا دەسەڵاتە فیدراڵیيەکان دواى تێپه‌ڕبوونى (17) ساڵ نه‌یانتوانی ئه‌ركى ياسايیى خۆيان جێبه‌جێبکەن به‌ دانانى ياسايه‌ك بۆ نه‌وت گاز له‌ عیراق، وێڕاى ده‌ستپێشخه‌رييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ساڵى 2007 و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى حكومه‌تى ئه‌وكاتى فيدراڵ له‌و ڕه‌شنووسه‌ هاوبه‌شه‌ى ياساى نه‌وت و گاز كه‌ رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كرابوو.

6- بە گرنگی دەزانین دادگەی باڵاى فيدراڵى به‌ ياسايه‌كى نوێ و بەپێی حوكمه‌كانى مادەی (٩٢)ى دەستوور پێکبێت و ئەرکه‌كانى بەپێی دەستوور جێبەجێ بکات، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورييانه‌ش به‌پێى ده‌ستوور ياسايان بۆ ده‌ربچێت و پێكبێن كه‌ زامنى به‌رجه‌سته‌كردنى سيستمى فيدراڵين.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، سەرۆکایەتيی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسيیەکانی ناوخۆی ھەرێمى كوردستان و عيراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت بۆ گرتنەبەری ھەر رێکارێک بۆ پارێزگاریکردن لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمى كوردستان. ھەروەھا په‌رله‌مانى كوردستان رێكارى یاسایی و دستووريی پێويست ده‌گرێته‌به‌ر و ئەنجومەنی دادوەريی ھەرێمی کوردستان لە پێگە دەستوورییەکەی خۆیەوە بەردەوام دەبێت لەگەڵ ناوەندە دادوەرییەکانی عیراقدا بۆ داکۆکیکردن لەسەر دەستووریبوونی مافەکانی ھەرێمی کوردستان.

دووپاتیشیدەكاتەوە، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانيش وه‌ك هه‌ميشه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ئاماده‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانه‌ و بەردەوام دەبێت له‌ گفتوگۆى بنياتنه‌رانه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵى، دۆستانى عیراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تيش پشتگيرى له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ده‌كه‌ن.

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan