کوردستانی

"پێویستە گفتوگۆکان بەئاراستەی لێکتێگەیشتن بێت"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"پێویستە گفتوگۆکان بەئاراستەی لێکتێگەیشتن بێت"
مەودا میدیا-

قوباد تاڵەبانی و وەفدێکی سەربازی ئەمەریکا باسیان لە مەترسییەکانی تێرۆر و چۆنییەتی پەرەپێدانی پێکەوەکارکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان کرد.

 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەفدێکی سەربازی ئەمەریکا بەسەرۆکایەتیی جەنەراڵ کیس فیلیپس، گەورە راوێژکاری سەربازی و پاشکۆی سەربازی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عیراق کۆبووە و گفتوگۆیان لەبارەی مەترسییەکانی تێرۆر بۆسەر عیراق و سوریا کرد. 

ھەر لە  کۆبوونەوەکەدا باس لە مەترسییەکانی تێرۆر کرا لە عیراق و سوریا، لەم رووەوە پێویستی پێکەوەکارکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان دووپاتکرایەوە بۆ رووبەرووبوونەوەی ھەر ھەڕەشەیەکی تێرۆریستان بەتایبەت لەناوچە جێ ناکۆکەکان، بۆ ئەو مەبەستەش ھەردوولا ھاوڕابوون کە کار بکرێت بۆ نەھێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی کە تێرۆریستانی داعش ناوبەناو دزەی لێوەدەکەن.

سەبارەت بە دۆخی ئێستای عیراق و کاریگەرییەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێ لەسەر باری ئەمنی وڵات، ھەردوولا کۆک بوون کە لایەنە سیاسییەکان ھەرچی زووە کار بکەن بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی نوێی خزمەتگوزار، لەوبارەیەوە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە کە، پێویستە گفتوگۆکان بەئاراستەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتن بێت، داواشی کرد ھێزە سیاسیەکانی عیراق بیر لە گۆڕینی کلتوری فەرمانڕەوایی خۆسەپێن بکەنەوە و لەبری ئەوە کاربکەن بۆ ھێنانەکایەی کلتوری بەرێوەبردن و حوکمڕانی کردن و بیکەنە کۆڵەکەی سەرەکی کارکردنیان لە حکومەتی داھاتووی عیراقدا.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا و لەبارەی چاکسازییەکانی پێشمەرگەوە، وەفدی سەربازی ئەمەریکا ستایشی ھەوڵەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیان کرد بۆ خێراتر بەرێوەچوونی ئەو چاکسازیانە لە وەزارەتی پێشمەرگە، لە مڕووەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، تەنیا بەدامەزراوەیی کردنی ھێزەکانی پێشمەرگە بەس نییە بۆ ئەوەی ھێزێکی نیشتمانی مەشقپێکراومان ھەبێت، بەڵکو دەبێ گیانی نیشتمانپەروەری لەنێویاندا پەرەی پێ بدرێت و نیشتمان و کوردستان لەسەرو ھەموو شتێکی دیکەوە بێت.

ر.ئ.

Qaiwan
Qaiwan