کوردستانی

روونکردنەوەیەکی بەپەلە لە وەزارەتی تەندروستییەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


روونکردنەوەیەکی بەپەلە لە وەزارەتی تەندروستییەوە
مەودا میدیا-

وەزارەتى تەندروستیی هەرێم رایگەیاند، دۆسیەى دەرمانى ساختەی شێرپەنجە لەلایەن پەرلەمانتارێکەوە جوڵێنراوە،  نزیکەی ساڵێک بەر لەئێستا ئاشکرا کراوە و تەواو ساغ بووەتەوە کە دەرمانێکی ساختەیە و رەوانەی دادگە کراوە.  
  
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەم دۆسیەی دەرمانی ساختەیە هەر بە چاوساغی و چاودێری كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی (KMCA) وەزارەتمان ماوەی نزیکەی ساڵێک بەر لەئێستا ئاشکرا کراوە.  

ئەوە لەکاتێکدایە هەردوو پەرلەمانتار، عەلی حەمەساڵح و ئەبوبەکر هەڵەدنی سکاڵایان لەسەر کۆمپانیایەکی دەرمان تۆمارکرد و دەڵێن، ماوەی حەوت ساڵە دەرمانی ساختەكراوی شێرپەنجە بۆ نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە دابین دەكات.  

دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی تەندروستی:

روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی…  
  
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بابەتی دەرمانێكی ساختە لەلایەن پەرلەمانتارێكی بەڕێز بڵاوكرایەوە کە رەوانەی داواکاری گشتی کردووە لەلایەن ئەو بەڕێزەوە.  
ئێمە لە وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رای گشتی و هاوڵاتییانی خۆشەویست رووندەكەینەوە کە ئەم دۆسیەی دەرمانی ساختەیە هەر بە چاوساغی و چاودێری كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی(KMCA) وەزارەتمان ماوەی نزیکەی ساڵێک بەر لەئێستا ئاشکرا کرا و دەستبەجێ رێکارەکانی یاسایی و دەستبەسەرداگرتن و راگرتنی کۆمپانیا و لێكۆڵینەوە بەچاودێری دادوەری داواكاری گشتی ئەنجامدراوە و دۆسیەکە تەواو ساغ بوویتەوە کە دەرمانێکی ناڕەسەن و ساختەیە و رەوانەی دادگە کراوە.  
  
بۆیە دووپاتی دەکەینەوە ئەم رێکارە نوێ نییە بەڵکو زووتر جێبەجێ کراوە، ئومێدەواربووین ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزە و هەر کەس و لایەنێکی دیکە پێش نووسین و قسەکردنی لە سۆشیاڵ میدیا بانگەشەی ئاشكراكردنی بكات بەدوای راستی و دروستی رێکارەکان بووایە کە ئایا لە وەزارەتی تەندروستی هیچ ئیجرائاتێک کراوە یان نا نەوەک بێ گەڕانەوە بۆ پرسیاركردن بکرێتە بابەتی میدیایی.  
  
هاوڵاتییانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە کە ئەم كۆمپانیایە و چەند كۆمپانیایەكی دیکە كە كاری ساختەکردنی دەرمانی ئەنجامدابێت رێكاری یاسای گیراوەتە بەر و سزای راگرتنی کار و هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیا و ڕەوانەکردنی دادگە كراوە بەتایبەتی لەماوەی دوو ساڵی رابردوو دوای پێداچوونەوە و بەڕێوەچوونی قۆناغەکانی چاکسازیکردن لە جۆر و کوالیتی دەرمان و گەڕان وپشكنین و بەدواداچوونی یەكێك لە ئەركە پیویستیەکانی رۆژانەی تیمەکان بووە بێ ئەوەی بکرێتە بابەتی میدیایی و بانگەشەکردنچەندین کۆمپانیا و دامەزراوەی پزیشکی رێکاری یاسایی بەرانبەر وەرگیراوە.  
  
وەزارەتی تەندروستی  
حكومەتی هەرێمی كوردستان  
1 ئازار 2022  
ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan