کوردستانی

"ئەو خەونە بەدیدەهێنین کە راپەڕینمان بۆ کرد"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"ئەو خەونە بەدیدەهێنین کە راپەڕینمان بۆ کرد"
مەودا میدیا-

بەبۆنەی یادی 31 ساڵەی راپەرینەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، راپەڕینی کورد وەستانەوە بوو بەرانبەر نادادی و ستەم، هەوڵدان بوو بۆ گەیشتن بە ژیانێکی سەرفرازانە و شەرەفمەندانە.

وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی یادی راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991ـەوە لە دریژەی پەیامەکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی دەشڵێت "بەڵام بەداخەوە هەڵە و کەموکورتی لەنێو جومگەکانی حکومڕانی، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، پشتکردنە داخوازییە رەواکانی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و نەبوونی خزمەتگوزاری، نیگەرانیی هاوڵاتییانی گەیاندووەتە شوێنێک کە بوترێت (راپەڕینمان نەکرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بەمشێوەیەی لێبێت)".

 بافڵ جەلال تاڵەبانی باس لەوەش دەکات، کە دەبێت نیگەرانییەکانی خەڵک وەک ئاماژەیەکی مەترسیدار و راچڵەکێنەر بێت بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان کە شانازی و سەروەرییەکانی رابردوومان نەکەینە قوربانیی ململانێی تەسکی حیزبایەتی، دەبێت ئامانجەکانی راپەڕین بەدیبهێنین و خەونەکانی لەبار نەبەین.

هۆشداریدەدات لەوەی بێباکی بەرانبەر داواکارییە رەواکانی خەڵک دەرئەنجامێکی دەبێت کە هەرگیز هیوایان بۆ نەخواستووە، جەختیش داکاتەوە، لەوەی کە کەموکورتی هەبوون و داواکانی خەڵک رەوان، بەڵام بەڵێندەدات کە یەکێتی خوێنی شەهیدان، تێکۆشان و خۆڕاگری خەڵک لەبیر ناکات، بەرانبەر ئەم ئەرکە مێژوویی و نیشتمانییە وەفادار دەبێت و لە خەبات بۆ ژیانێکی ئارامتر بەردەوام دەبێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی "رەخنە و گلەییەکانتان وزەمان پێدەبەخشێت و هەموومان پێکەوە ئەو خەونە بەدیدەهێنین کە راپەڕینمان بۆ کرد".

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan