کوردستانی

راگەیەندراوێک لە مەسرور بارزانییەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


راگەیەندراوێک لە مەسرور بارزانییەوە
مەودا میدیا-

ئەنجومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەکەیاندا جەختیانکردەوە لەسەر بەردەوامی هەوڵەکانی تایبەت بە رێکخستنەوەی ئەو رسومات و کرێی خزمەتگوزارییانەی وەردەگیرێن بەجۆرێک رەچاوی دۆخی ژیانی هاوڵاتییان بکرێت، هەروەها ئەنجومەنی ئابووریی وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد، ئامادەکاری پێویست بکات بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە.

دەقی راگەیەندراوەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم:

ئەمڕۆ شەممە 5ی ئاداری 2022 سەرپەرشتی کۆبوونەوەیی ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی کوردستانمان کرد .

لە کۆبوونەوەکەدا بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، گفتوگۆ دەربارەی راپۆرتی لیژنەی سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی رێکخستنەوەی باج و رسومات لە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگا وپارێزگاکان كرا، ئەم لیژنەیە پێشتر لە لایەن ئەنجومەنی ئابورییەوە‌ پێکهێنرا بە مەبەستی رێکخستنەوە و پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو رسومات و کرێ خزمەتگوزاریانەی کە دامودەزگاکانی حکومەت کۆیان دەکەنەوە، لە پێناوی ئەوەی جارێکی تر ئەو داهاتانە بخرێنەوە خزمەتی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

پوختەی راپۆرتەکە خرایەڕوو کە چەندین پێشنیاری پێویستی بۆ دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەخۆگرتبوو لە پێناوی رێکخستنەوەی ئەو رسومات و کرێی خزمەتگوزارییانەی وەردەگیرێن لە ھاوڵاتییان،  بەجۆرێک رەچاوی بارودۆخی بژێویی و ئابووری هاوڵاتی سودمەند لە خزمەتگوزاریی بکرێت، سەرەڕای برەودان بە گەشەکردنی بازرگانی و ئابووری. لە گرنگترین پێشنیارەکانیش کە لە راپۆرتەکدا هاتبوو، پێداچوونەوە بە یاسا و رێنماییە بەرکارەکان و بایەخی برەودان  و پێشخستنی سیستمی ئەلیکترۆنی تۆماری داهاتەکان و لابردنی ئاستەنگەکانی رووتین و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر داهاتی گشتی ناو ئەو سیستمە ئەلکترۆنییە بۆ رای گشتی و خستنەڕووی بوارەکانی خەرجکردنیان بوو. 

وێڕای دەستخۆشیکردنمان لە لیژنەکە بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بە شێوەیەکی پیشەییانە، جەختمان لە گرنگیی پەرەپێدانی سیستەمی ئەلیکترۆنی لە کاروبارەکانی حکومەت و بەتایبەتی بۆ تۆمارکردنی خەرجی و داهاتەکان کردەوە کە دەبێتە هۆی زیادکردنی شەفافیەت و سنووردانان بۆ گەندەڵی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی و کەمکردنەوەی رۆتین و ئەڵقە زیادەکانی پرۆسەی راییکردنی مامەڵەکانی پەیوەست بە کۆکردنەوەی داهاتی گشتی.
دوای گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیارەکان، ئەنجومەنی ئابووری پێشنیارەکانی پەسەندکرد و بڕیارماندا بە جێبەجێکردنیان لە چوارچێوەی پلانێکی تۆكمە‌، بە جۆرێک لایەنی بەرپرسیار و پرۆسەی جێبەجێکردن و ماوەی پێویست بۆ هەر پێشنیارێک، دیاری بکرێت. 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆمان دەربارەی دۆخی ئابووری و دارایی كرد و جەختمان لە پێویستیی رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆیی و نانەوتییەکان كرد، لە هەمانکاتدا هەوڵەکانیش بەردەوامە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و حکومەتی هەرێم درێغی ناکات لە هەوڵدانی جدی بۆ دابینکردنی بودجەی هەرێم و مووچەی مووچە‌خۆران. هەروەها ئەنجومەنی ئابووری، وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد، ئامادەکاری پێویست بکات بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە.

ر. ئ.

Qaiwan
Qaiwan