کوردستانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی بەڵێنەکەی بردەسەر

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ جەلال تاڵەبانی بەڵێنەکەی بردەسەر
مەودا میدیا-

دوای ئەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەغداوە بەڵێنی بە خوێندکاراندا لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ھەرێمی کوردستان چاویدەکەوێت پێیان و بەدواداچوونی ورد دەکات بۆ داواکارییەکانیان، دوێنێ شەممە 5ی ئاداری 2022 لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ نوێنەری خوێندکارانی ناڕازیی سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکانی (سلێمانی، کەرکوک، ھەڵەبجە، ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان و چەمچەماڵ، خانەقین  دوکان، چوارتا و سەیدسادق) کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە د.ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێم و نوێنەری مەکتەبی ئیدارە و دارایی گشتی ئامادەیبوون، کە ھەشت سەعات و سی خولەکی خایاند، گفتوگۆی ورد و ھەمەلایەنە لەسەر بارودۆخی خوێندن و کێشەکانی خوێندکاران کرا و ھەڵسەنگاندن بۆ ئەو پرۆژانەش کرا کە بۆ بەشەناوخۆییەکان جێبەجێکران لەسەر ئەرکی یەکێتی و بڕیار لە جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی نوێی  زانستی درا لەپێناو پێشخستنی ئاستی زانستی زانکۆکان، خوێندکاران و دۆزینەوەی ھەلی کار بۆ دەرچووان.

لە دەستپێکدا بافڵ جەلال تاڵەبانی بەدواداچوونی بۆ سەرجەم ئەو بڕیارانەکرد کە درابوون بۆ نۆژەنکردنەوەی بەشە ناوخۆییەکان و خزمەتکردنی توێژی خوێندکاران، دوای ئەوەی گوێبیستی 115 خوێندکار بوو کە وەک نوێنەر ئامادەبوون دڵنیابووەوە کە پرۆژەکان وەک خۆیان جێبەجێکراون و لە بەرانبەردا نوێنەری خوێندکاران سوپاسی خۆیان پێشکەشی بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد کە بە کردار بڕیارەکانی جێبەجێکرد و پێداویستییەکانی بەشە ناوخۆیی و زانکۆکانی پڕکردەوە و بە ھەوڵەکانی پشتیوانی داراییش خەرجکرا. 

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی تێڕوانینی خۆی بۆ گەشەپێدانی ئاستی زانستی زانکۆ و پەیمانگەکان و پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێخوازی سوودبەخش بۆ کۆمەڵگە خستەڕوو، لە چوارچێوەی چەند  پێشنیازێکدا ئاماژەی بە ئەنجامدانی ژمارەیەک پرۆژەی زانستیدا وەک رێکخستنی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی، پێشانگەی ھەلی کار و راھێنانی خوێندکاران، راستەوخۆ بڕیاریدا یەکێتی ئەرکی رێکخستنی ئەم پرۆژانە لەئەستۆ بگرێت لەپێناو باشترکردنی ئاستی زانکۆکان و رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ پێشخستنی خوێندن و دۆزینەوەی ھەلی کار و ئامادەکردنی خوێندکاران بەپێی پێویستی رۆژ، لەورووەوە بڕیاری پێویستی دەرکرد کە بۆ خوێندنی ئەمساڵ تەواوی ئەم پرۆژە زانستییانە جێبەجێبکرێن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوە فراوانەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی گوێی بۆ را و پێشنیاز و سەرنجی خوێندکاران گرت لەبارەی چۆنێتی کارکردنی داھاتووی یەکێتی، پێویستی ئەمڕۆی خەڵک، داواکانی شەقام، پێویستی رێکخراوە خوێندکارییەکان و کارکردن لەپێناو بوژاندنەوەی ژێرخانی خوێندنی باڵا و لەمەڕ ئەم باسانە گفتوگۆیەکی کراوە بەڕێوەچوو.

لە کۆتایشدا بافڵ جەلال تاڵەبانی راشکاوانە رای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لەسەر کۆی پرسەکان خستەڕوو، پێیڕاگەیاندن سەرمایەی نیشتمانیی و نەتەوەیی لای یەکێتی نەوت، غاز، داھات و پارە نییە، بەڵکو بۆ یەکێتی سەرمایەی نیشتمانیی ئێوەی خوێندکار و گەنجی ئەم وڵاتەن کە سەرباری سەختی ژیانتان لە خەمی دواڕۆژێکی پرشنگداردا لەکۆششدان و کار بۆ داھاتوویەکی روون دەکەن، بۆیە ئێوە سەرمایەێکی گرنگ و لەبن نەھاتوون و ژیان و دوارۆژی ئێوە بەرپرسیارێتی ئێمەیە تا لەگەڵتان بین و پێکەوە کار بۆ داھاتوویەکی گەشتر بکەین.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan