کوردستانی

سلێمانی؛ هەوڵی دابەزاندنی نرخی بەنزین دەدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سلێمانی؛ هەوڵی دابەزاندنی نرخی بەنزین دەدرێت
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

چەند بازرگانێک لە سلێمانی ئامادەییان دەربڕیوە بەنزین بۆ سلێمانی دابین بکەن بەنرخێک کەمتربێت لەوەی ئێستا، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزەش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەوبارەیەوە دەڵێت "دابینکردنی بەنزین بە نرخێکی کەمتر لەوەی ئێستا لەسەر حسابی کوالێتی نەبێت، پشتگیری دەکەین".

ئەمڕۆ یەکشەممە شەشی ئاداری 2022 کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی کۆبووینەوە بەمەبەستی دانانی رێکارێک بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین، بەڵام لە راستیدا حکومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هیچ باکێکیان بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین نییە و هەوڵی دابەزاندنیشی نادەن".

سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە وتیشی "لەئێستادا ژمارەیەک بازرگان دەستپێشخەریان کردووە، جۆرێک لە بەنزین بهێنن کە نرخەکەی بەراورد بەوەی هەیە کەمترە، ئێمەش لێکۆڵینەوە دەکەین گەر زانیمان دابەزینی نرخەکە لەسەر حسابی کوالێتی نییە، پشتگیرییان دەکەین".

لەماوەی رابردوودا نرخی بەنزین بەردەوام لە بەرزبوونەوەدابووە، لەئێستادا لە بەنزینخانەکان یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ بە 950 دینارە و موحەسەنیش بە هەزار و 25 دینارە، هاوکات بەنزینی سۆپەریش بە هەزار 100 دینارە. 

ر. ئ.

Qaiwan
Qaiwan