کوردستانی
شۆفێرانی تاکسی شەقامێکی سەرەکی دادەخەن
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف
ژمارەیەک شۆفێری تاکسی دژی گرانی نرخی بەنزین شەقامی سەرەکیی بەردەم پارێزگای سلێمانییان داخست و هاتوچۆ لە شەقامەکە پەکی کەوتووە، دیاریش نییە کەی دەکرێتەوە.
ژمارەیەک شۆفێری تاکسی دژی گرانی نرخی بەنزین شەقامی سەرەکیی بەردەم پارێزگای سلێمانییان داخست و هاتوچۆ لە شەقامەکە پەکی کەوتووە، دیاریش نییە کەی دەکرێتەوە.
کۆشەر عوسمان، شۆفێری تاکسییە و بە مەودا میدیای راگەیاند "گرانای نرخی بەنزین تەنگی پێ هەڵچنیوین و رۆژانەی ئەوەی دەستمان دەکەوێت بەشێکی زۆری دەدەین بە بەنزین و هیچی وامان بۆ نامێنێتەوە، داوا دەکەین نرخی بەنزین بۆ تاکسییەکان هەرزان بکرێت".
لای خۆشییەوە، جەلال ئەبوبەکر، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵداین بەنزینخانەیەک تایبەت بکرێت بۆ تاکسییەکان، بۆ ئەوەی ئەوەندە لە سەرەی بەنزیندا نەوستن، بەڵام هیچ بەنزینخانەیەک ئامادەنییە ئەو کارە بکات".
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 هەزار تاکسی لە شارەکاندا هەیە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینەوە دەستکەوتنی بژێوی ژیانیان قورستربووە و داوادەکەن نرخی بەنزین بۆ ئەوان کەمبکرێتەوە.
ئەو شۆفێری تاکسییە وتیشی "هەزاران کەس بژێوی ژیانی رۆژانەیانەی خۆی و خێزانەکانیان لەسەر کاری تاکسییە، سەرەڕای ئەوەی ئیش و کار کەمە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بووەتە بارگرانییەکی دیکە بۆ شۆفێرانی تاکسی".
سەبارەت بە دروستکردنی کارتی بەنزین بۆ شۆفێرانی تاکسی و پاسەکان هاوشێوەی ئەوەی ساڵانی رابردوو هەبوو، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی رایگەیاند "داوامان کردووە کارتی بەنزین بۆ شۆفێرانی تاکسی و پاسەکان دروستبکرێت، بۆ ئەوەی ببێتە هاوکارییەک بۆیان و بەنزینیان بە نرخێکی کەمتر لە خەڵکی پێ بدرێت، بەڵام تائێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە".
بەشێوەیەکی گشتی لەئێستادا نرخی سوتەمەنی بەرزبووەتەوە بەتایبەت نرخی بەنزین، کە هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە هەزار و 25 دینارە و بەنزینی موحەسەنیش بە هەزار و 100 دینارە، هاوکات هەرچی بەنزینی سۆپەریشە هەرلیترێک بە هەزار و 175 دینارە.
ر. ئ.
بیروڕا


