کوردستانی
بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ جیاوازی رەگەزیدا نییە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازى له وەفدێکی یەکێتیی ئەوروپا کرد کە پێکھاتبوون لە ڤيلله ڤاريۆلا، باڵيۆزى يهكێتيى ئهوروپا لە عیراق و ئان مێسكانهن، سهرۆكى نێردهى ڕاوێژكاريى يهكێتيى ئهوروپا له عیراق.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازى له وەفدێکی یەکێتیی ئەوروپا کرد کە پێکھاتبوون لە ڤيلله ڤاريۆلا، باڵيۆزى يهكێتيى ئهوروپا لە عیراق و ئان مێسكانهن، سهرۆكى نێردهى ڕاوێژكاريى يهكێتيى ئهوروپا له عیراق.
لە دیدارێکدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ و ئەمین بابە شێخ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ھەرێم و عیراق تاوتوێکرا و گفتوگۆ لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق، ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پرسی ئازادی رادەربڕین لە ھەرێم کرا و هەڵوێستی یەکێتی لەبارەیانەوە خرایەڕوو.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەکێتی بۆ گەیشتن بە دیالۆگێکی نیشتمانیی بونیادرانە روونکردەوە و رایگەیاند "دۆخی عیراق پێویستی بە سازان و لێکتێگەیشتنی هاوبەش هەیە لەپێناو پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کاریگەر کە ئارامی و سەقامگیری بۆ خەڵکەکەی دەستەبەر بکات، وەک کوردیش هەوڵی زۆرمان داوە کە یەکدەنگی و یەکڕیزی کورد بپارێزین و وەک یەک تیمی بەهێز لە بەغدا کار بکەین، بەڵام لە دەرەوەی ئیرادەیەکی کوردستانیی ئەم نیەتە نیشتمانییە لەباربرا، بەڵام باوەڕمان وایە هێشتا درەنگ نییە و دەتوانین هەموومان بە رۆحێکی نیشتمانپەروەرانەوە لەپێناو بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێم و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان، ناکۆکییە سیاسی و کەسییەکانمان وەلابنێین و پێکەوە بڕیار بدەین و یەک کاندید بۆ سەرۆککۆمار پێشکەش بکەین".
ھەر لە دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی پێداگری لەسەر ئارامی و سەقامگیری، سەروەری یاسا و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی کرد و وتی "رێگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دەگرین و جەخت لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی دەکەینەوە، پێویستە شەفافیەت لە داهاتدا هەبێت و جیاوازی لە خەرجیی گشتیدا نەکرێت. خێروبێری ئەم هەرێمە بەبێ جیاوازی بخرێتە خزمەت هاوڵاتییانەوە و ئەمەش ئامانجی کارکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە".
یەکسانی جێندەریی و ئازادی بیروڕا تەوەرێکی تری کۆبوونەکە بوو و بافڵ جەلال تاڵەبانی دید و روانینی یەکێتی لەوبارەیەوە روونکردەوە و رایگەیاند "یەکێتی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ جیاوازی رەگەزیدا نییە و باوەڕی تەواوی بە یەکسانی هەیە، بڕوامان بە تواناکانی ژنان هەیە و دەبێت لە ناوەندە حزبی و حکومییەکان دەرفەتی زیاتریان بۆ بڕەخسێنرێت و سوود لە تواناکانیان وەربگیرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی یەکێتی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ کپکردنی دەنگە ئازادەکاندا نییە و پشتیوانی راستەقینەی رۆژنامەنووسان و کاری رۆژنامەگەرین. چونکە بڕوای تەواومان بە دیموکراسی هەیە و کار بۆ پاراستنی کۆڵەکەکانی دەکەین لە هەرێمی کوردستان".
س.ر
س.ر
بیروڕا


