کوردستانی

حکومەتی هەرێم: ساڵێکی قورسمان تێپەڕاند

مەودا میدیا - سلێمانی |


حکومەتی هەرێم: ساڵێکی قورسمان تێپەڕاند
مەودا میدیا-

لە راگەیەندراوێکدا حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ساڵێکى قورسیان تێپەڕاند و نەهامەتى و بەڵا و مەترسیى زۆر رووبەڕووى کوردستان بووەوە.  
  
ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی ئاداری 2022 جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتی هورێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەى نەورۆزەوە وتى "هیوامان وایە هەرێمى کوردستان بە هەوڵ و ماندووبوون و خۆڕاگرى گەلەکەمان بتوانین قەیرانەکان تێپەرێنین".  
  
دەقى پەیامەکە:  
  
پەیامی پیرۆزبایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە  
  
بە بۆنەی هاتنى جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە، پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردستانیانى ئازیز لە ناوخۆ و دەرەوەى هەرێمى کوردستان و بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزە ئەمنییە ماندوونەناسەکان دەکەین، هیوادارین ساڵى نوێ ساڵى بەدیهاتنى هیوا و ئاواتەکان بێت.  
  
ساڵێکى قورسمان تێپەڕاند و نەهامەتى و بەڵا و مەترسیى زۆر ڕووبەڕووى کوردستانى ئازیزمان بوویەوە، هەروەک چۆن نەورۆز بە ماناى نوێبوونەوە و شکانى سەرما و کۆتاییهاتنى ناخۆشییەکان و دەستپێکى خۆشى و هاتنى بەهارە، هیوامان وایە هەرێمى کوردستان بە هەوڵ و ماندووبوون و خۆڕاگرى گەلەکەمان بتوانین قەیرانەکان تێپەرێنین.  
  
خاکە بەپیتەکەى نیشتیمانەکەمان شایەنى ڕێزگرتنە، بۆیە دەبێت لەگەڵ بەسەربردنى پشوو و سەیران و گەشتەکان، پاکوخاوێنى ژینگە و ڕێنماییەکانى هاتوچۆ بە هەند وەربگرین.  
  
د. جوتیار عادل  
وتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان  

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan