کوردستانی

واده‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی سێ راگه‌یه‌ندرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


واده‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی سێ راگه‌یه‌ندرا
مەودا میدیا-

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا بڕیاردرا رۆژی یەکشەممە 10ی نیسانی 2022 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار بکرێت.

بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت ئەمڕۆ چوارشەممە شەشی نیسانی 2022 کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، تێیدا "لەدوای خستنەڕووی داتاکانی داهاتی نەوت و داهاتی نێوخۆی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە راسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە دەستکردن بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار لە رۆژی یەکشەممە 10-04-2022".

بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حکومەتدا باس لە بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە "کاری لەپێشینە و ئێستای حکومەت، دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، لەم رووەشەوە، هیچ کاتێکیش حکومەتی هەرێم درێخی ناکات لە کارکردن لەپێناو پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کورتەیەکی دەربارەی سەردانی هەفتەی رابردووی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی - ئیمارات و بەشداریکردن لە کۆڕبەندی وزەی جیهانی و لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی و کۆبوونەوە و دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و بەرپرسانی وڵاتان لە پەراوێزی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان خستووەتەڕوو.

مەسرور بارزانی رایگەیاند "لەو دیدار و کۆبوونەوانەدا، هەڵوێستی هەرێمی کوردستانمان دەربارەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عیراق و ناوچەکە و جیهان، بەتایبەتی دەرفەتەکانی پێشخستنی کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان روونکردەوە، هەروەها یاداشتێکی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ دەوڵەتی ئیمارات واژۆکرد بۆ برەودان بە توانای مرۆیی و بەرەوپێشبردنی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی ئیمارات لە بواری حکومەتی ئەلیکترۆنی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان".

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ئامادەسازییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە ئابوورییە چاوەڕوانکراوەکانی جەنگی رووسیا - ئۆکراینا كرا، بەتایبەتی لە بواری هاوردەکردنی گەنم و بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی ئامادەسازیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت کردەوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان تاوەکو بارگرانی نەبوونی بەرهەمە خۆراکیيەکان یان گرانبوونیان لەسەر هاوڵاتییان دروست نەبێت.

بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران، "پێشنیازی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەسند کرد سەبارەت بە هەڵگرتنی رەسمی گومرگی بۆ ماوەی دوو مانگ لەسەر بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکانی وەکو (ئارد، برنج، زەیتی خواردن، و رۆنی بەستووی رووەکی و ئاژەڵی، چای رەش، شەکر، پاقلەمەنیی وشک (نۆک، نيسك، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیا و ماش)، شيری منداڵان بە هەموو جۆرەکانییەوە. لە هەمان کاتدا ئەنجوومەنی وەزیران جەختیشی لە درێژەدان بە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی کردەوە".

کاروبارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆن لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان کە بە بەشداریی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەلایەن وەزارەتی نێوخۆ پێکهێندراوە بە مەبەستی چاودێریکردنی نرخ و بازاڕ و هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە ئەنجامی رێکارە پێشنیارکراوەکان دوای دوو مانگ لە جێبەجێکردنیان، بەردەوام دەبێت.

بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەتکرابوو بە گفتوگۆکردن دەربارەی پرۆژە یاسای پشتیوانیی فریاگوزاری بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە بۆ تەشریعکردنی. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتێکی پێشکێش کردووە لەسەر وردەکاریی پرۆژە یاساکە و ماددە و بڕگەکانی پرۆژەکە. حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە داکۆکیکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە وەکو شایستەی دەستووریی خۆی.

حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات، لە چوارچێوەی دەستوور و بەرژەوەندیی باڵای هەرێمی کوردستان و جێگیرکردنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان، مامەڵە لەگەڵ ئەو پرۆژە یاسایە بکەن، هەروەها "هەردوو وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری و پلاندانانی راسپارد هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ وەزارەتە فیدراڵییە هاوتاکانیان بەشداربن لە گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2022".

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە لە هەفتەی داهاتووەوە لیژنەیەکی باڵا بنێرێت بۆ بەغدا بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵیی بۆ برەودان بە هەماهەنگی لە بواری نەوت و وزە لەسەر بنەمای دەستوور و بە رەچاوکردن و پاراستنی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەو بوارە.

لە کۆتاییشدا ئەنجامی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 76 تایبەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی هەردوو مادەی 9 و 10 لە یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان خرایەڕوو، کە لەلایەن عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی پێشکێشکراوە.

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لە شوێنی کاردا

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

شەهید لەیلا قاسم؛ بووكی كوردستان

لەلایەن زوڵفان غەریب


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب