کوردستانی

قوباد تاڵەبانی: هەرێم دەتوانێت ببێتە سەبەتەی خۆراکی وڵاتانی ناوچەکە

مەودا میدیا - سلێمانی |


قوباد تاڵەبانی: هەرێم دەتوانێت ببێتە سەبەتەی خۆراکی وڵاتانی ناوچەکە
مەودا میدیا-

 جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری دێلفی لە وڵاتی یۆنان لەگەڵ سانۆس دۆکۆس، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و رایگه‌یاند، هەرێمی کوردستان وڵاتێکی کشتوکاڵییە و دەتوانێت ببێتە سەبەتەی خۆراکی وڵاتانی ناوچەکە.

نووسینگه‌ی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌ " كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەچوو، باسی کێشەی تیرۆر و گروپە توندڕەوەکان و چۆنییەتی ریشەکێشکردنی ئەو گروپانە کرا، هەردولا هاوڕابوون کە دۆخی خراپی ئابووری و لاوازی سیستمی حکومڕانی زەمینە بۆ گەشەکردنی ئەم گروپانە خۆش دەکەن و بۆ ریشەکێشکردنی ئەم گروپانەش پێویستە نەک تەنها لە رووی ئەمنییەوە بەڵکو لە رووی ئابووری و سیاسییەوە هاوکاری و پلانی نێودەوڵەتی هەبێت". 

باسی لەوەشکردووە، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی کێشەی خۆراک کرا کە بە تایبەتیش لە ماوەی رابردوودا بەهۆی کاریگەری شەڕی رووسیا و ئۆکرانیاوە ئەم کێشەیە قوڵتر بووەتەوە، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی باسی لە پێویستیی گرنگیدانی زیاتری کرد بە کەرتی کشتوکاڵ و رایگەیاند "هەرێمی کوردستان وڵاتێکی کشتوکاڵییە و دەتوانێت ببێتە سەبەتەی خۆراکی وڵاتانی ناوچەکە، بۆ ئەمەش پێشوازی لە وەبەرهێنەرانی بیانی دەکەین بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا".

هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنان کرا و بە تایبەتیش هەردولا جەختیان کردەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

ر. ئ.

Qaiwan
Qaiwan