کوردستانی

رێکارێک بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین دەگیرێتەبەر

مەودا میدیا - سلێمانی |


رێکارێک بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین دەگیرێتەبەر
مەودا میدیا-

لە نووسراویکدا کە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاراسته‌ی وه‌زیری نه‌وتی عیراق كردووه‌، داوا ده‌كات كه‌ به‌شه‌ به‌نزینی پارێزگای سلێمانی زیادبکرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ نرخی به‌نزین بۆ هه‌زار دینار به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

ئازاد محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی له‌ نووسراوێكدا كه‌ ئاراسته‌ی وه‌زیری نەوتی عیراقی فیدڕاڵی كردووه‌، ئاماژە بەوەدەکات "ئەو بەنزینەی لە عیراقەوە دێت بۆ سلێمانی بەش ناكات و نرخی لترێك بەنزینی نۆرماڵ بۆ هه‌زار دینار بەرزبووەتەوە، ئەوەش كێشه‌ی بۆ کاسبکاران و هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی، تایبەت و شوفێران دروستکردووە".

لەو نووسراوەدا سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژه‌ی به‌ ژماره‌ی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی كردووه‌ و ده‌ڵێت "دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی دوو ملیۆن و 336 هه‌زار كه‌سه‌ و ژماره‌ی ئۆتۆمبێل له‌ پارێزگاكه‌ 564 هه‌زار ئۆتۆمبێله‌، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای هه‌زاران ئۆتۆمبێلی دیكه‌ كه‌ رۆژانه‌ له‌ناوچه‌كانی باشووری عیراق و ئێرانه‌وه‌ سه‌ردانی پارێزگاكه‌ ده‌كه‌ن".

ئەوە لەکاتێکدایە، له‌ماوه‌ی رابردوودا چه‌ندجارێك شۆفێرانی تاكسی و پاس خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییان له‌ پارێزگای سلێمانی ئه‌نجامداو نیگه‌رانیان له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سوته‌مه‌نی ده‌ربڕی.

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan