کوردستانی

مووچەی ژمارەیەک مووچەخۆر رادەگیرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


مووچەی ژمارەیەک مووچەخۆر رادەگیرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد  ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی دوو مووچە وەردەگرن مووچەكەیان رادەگیرێت، ئاماژە بەوەشکراوە راگرتنەکە بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە.

ئەمڕۆ شەممە 9ی نیسانی 2022 وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "بۆ ئەم مانگە مووچەی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی كە 100 هەزار دینارە رادەگیرێت مەبەستی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵەكان".

ئاماژە بەوەکراوە "ئەو كەسانەی خانەنشینن یاخود مووچەی شەهیدانەیان هەیە و گرێبەستن دەبێت نووسراوی پشتگیریی بهێنن ئەو كات مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەتیان بۆ خەرجدەكرێت، هەروەها ئەو كەسانەی فەرمانبەران پێویستە پشتگیری فەرمانگەكەیان بهێنن تا مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكەیان بۆ بكرێتە دەرماڵە".

سامان حسێن، سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان لەبارەی ئەو بڕیارەوە بە مەودا میدیای راگەیاند "راگرتنی ئەو مووچەیە بۆئەوەیە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بچن بەدەم مامەڵەکانیانەوە، بە تایبەت ئەوانەی فەرمانبەرن بۆئەوەی پشتگیری فەرمانگەکەیان بهێنن و مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بۆ بکرێت بە دەرماڵە لەسەر مووچەکانیان".

سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد "ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە تاوەکو ئەو مامەڵەیە ئەنجام نەدەن مووچەکانیان پێنادرێت".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan