کوردستانی

زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەی شاندێکی ئێران و مەسعود بارزانی

مەودا میدیا - سلێمانی |


زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەی شاندێکی ئێران و مەسعود بارزانی
مەودا میدیا-

لە چەند رۆژی رابردوودا شاندێکی ئێران لە شاری هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر رایگەیاند "رۆژی 10ی نیسانی 2022 شاندێکی ئێران بە سەرپەرشتیی حەسەن دانایی فەڕ، باڵیۆزی پێشووی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عیراق لەگەڵ مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە".

وەک لە راگەیەندراوەکەی کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر هاتووە، شاندەکەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی عیراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردووە، هەردوولایەن جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە.

بەپێی زانیارییەکانی مەودا میدیا، سەردانی شاندە ئێرانییەکە بۆلای مەسعود بارزانی بە مەبەستی گفتوگۆکردن بووە لەسەر هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق.

مەودا میدیا زانیویەتی، شاندە ئێرانییەکە داوایان لە مەسعود بارزانی کردووە دەستبەرداری وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار بێت بۆ حزبەکەی، هەروەها هانی بارزانیشیان داوە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حزبەکەی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

سەردانی شاندە ئێرانییەکە بۆ هەرێمی کوردستان و عیراق لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەو وڵاتەدایە بۆ فشارخستنەسەر لایەنە ناکۆکەکانی عیراق بە مەبەستی لەیەک نزیککردنەوەیان و تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووە سیاسییەی بەهۆی ناکۆکیی هێزە سیاسییەکانی عیراقەوە هاتووەتە ئاراوە.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan